دیاردەی بێکاریی یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی رۆژ لە ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەت لەدوای وەستاندنی دامەزراندنی دەرچوانێکی زۆری زانکۆ و پەیمانگەکان، بێکاریی بەو حاڵەتە دەوترێت کە تێیدا کەسانێک هەن (جا ژن بن یان پیاو) لە تەمەنی پێگەیشتن و کامڵبووندان و ئارەزوو و توانایەکی زۆری کارکردنیان هەیە، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان کاریان دەست ناکەوێت.
هۆکارەکانی بێکاریی لای ژنان
بە گشتی هۆکارەکانی بێکاریی زۆرن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە بێکاربوون لای ژنان دوو کۆمەڵە فاکتەر هەن لە پشت ئەم دیاردەیەوە، ئەوانیش: ئەو هۆکارانەی پەیوەستن بە خودی ژنان خۆیانەوە، بەتایبەت ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ وێنەی زەینی و حوکمە پێشوەختەکان و شوناسی جێندەریی، (کۆلبرج) دەڵێت: (ئەو کاتەی منداڵ هەست دەکات سەر بە چ رەگەزێکە دەستدەکات بە گەڕان بەدوای ئەو سیفەت و خەسڵەتانەی ئەو رەگەزە لەخۆی دەگرێت و بە تەواوەتی خۆی پێدەچوێنێت تا قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی لەنێو ئەو دەستە و گروپانە بەدەستبهێنێت کە تێیدا دەژی، بەگشتی ئەو وێنانەی بۆ ژنان نەخشێنراوە لە کەلتورێکی نێرسالارییدا تاڕادەیەکی زۆر نەرێنین، ئەمەش دەبێتە رێگر لەپێش خستنەگەڕی تواناکانی، بەوەی بتوانێت کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بۆ نموونە تەماشاکردنی ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز و بێدەسەڵات و ملکەچ و پاشکۆ و ترسنۆک، کەسێک کە نەتوانێت بڕیار بدات و گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکانی کەسێتی بەڕێوەبەرێت و بڕیار لەسەر کردار و کاردانەوەکانی بدات، کاتێک تەواوی کۆمەڵگە بەم چاوە تەماشای بکات و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەمە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تێڕوانینی خودی خۆی بۆ خۆی، ئەمەش دەبێتە رێگر لەپێشی، کە نەتوانێت پشت بە خۆی و تواناکانی ببەستێت و کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە ئازایانە و سەربەخۆ بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەبارەت بە ژیان و داهاتووی هەوڵبدات، ئەمە جگە لەوەی کچ هەر لەمنداڵییەوە بە جیاواز لە کوڕ پەروەردە دەکرێت، کوڕان هاندەدرێن بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە ژینگەی چواردەوریان بناسن و بدۆزنەوە، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکی دەنێردرێت بۆ سەر کار تا فێر ببێت، چونکە ئەو رۆڵەی چاوەڕێی دەکات لە داهاتوودا رۆڵی بەخێوکەری خێزانە، بەڵام کچ لەبەرئەوەی پارێزەری شەرەف و ناموسی خێزان و بنەماڵەکەیەتی هەر لە منداڵییەوە لە چوارچێوەی ماڵ بەند دەکرێت، بۆیە کاتێکیش گەورە دەبێت لە توانایدا نییە بەم هەموو باکگراوندە نەرێنییەی مێشکی داگیرکردووە بتوانێت بچێتە دەرەوەی ماڵ و کارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
هەستکردنی ژن بە هەڕەشە
لەلایەکی دیکەوە ژنبوون هەمیشە هەڕەشەیەکە لەسەر جەستەی ئەو ژنە (ستیل) دەڵێت: هەر کات ژن هەستی بە هەڕەشە کرد لە شوێنی کارەکەی، ئیتر ئەو هەڕەشەیە لەسەر جەستەی بێت یان کەرامەتی، ئەمە وادەکات هەر زوو ئەو کارە بەجێبهێڵێت، بۆیە چوونە دەرەوە لە ماڵ و گەڕان بەدوای کار و پیشە و بەتایبەت لە نێو بازاڕی ئازاد دا زۆرجار ژینگەیەکی نائارام بۆ ژن دروست دەکات و وا دەکات بێکار بێت.
(فیرمان) توێژینەوەیەکی کرد لەسەر کاریگەریی رەگەز و تەمەن لەسەر ئارەزووی کارکردن، نموونەیەکی وەرگرت لە رەگەزی نێر و مێ لە دوو تەمەنی جیاوازدا، سەرەتا لە تەمەنی (20-30) ساڵ دەرکەوت هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان رەگەزی نێر و مێ-دا لە ئارەزووی کارکردن، واتە هەردوو رەگەز بەهەمان گوڕوتینەوە بەدوای کاردا دەگەڕێن، دواتر هەمان نموونەی وەرگرتەوە لە تەمەنی (30-40) ساڵی دەرکەوت کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نێر و مێ لە ئارەزوویان بۆ کارکردن بەو پێیەی رەگەزی نێر زیاتر هەوڵی کارکردن و خۆبنیادنان و هێنانەدی ئامانجەکانی دەدات و کار دەکات بۆ گەیشتن بە پۆستی باڵا، بە پێچەوانەی رەگەزی مێ-وە کە ئارەزوویان بۆ کارکردن نامێنێت، چونکە ئامانجەکانیان جیاوازە ئەمان هەوڵی پێکهێنانی خێزان و منداڵ دروستکردن و بوون بە دایک دەدەن.
هۆکارە خودییەکان
ئەمە سەبارەت بە هۆکارە خودییەکان، واتە ئەوەی پەیوەستە بە ژن بوون، خۆی هەرچی پەیوەندیی هەیە بە ژینگەی چواردەورەوە ئەوا خۆی دەبینێتەوە لە خودی خێزانەکان، بەوەی زۆرجار رێگریی دەکەن لەوەی کچەکانیان لە هەندێک شوێن و جێگە کار بکەن و بەمە دەبنە هۆکار بۆ بێکار بوونیان یان ئەو بارودۆخە ئابوورییە ناهەموارەی ئێستای کۆمەڵگە پێیدا تێپەڕ دەبێت لە قەیرانی دارایی و دامەزراندن و نەبوونی دەرفەتی هەلی کار بۆ گەنجان و نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند بە پێی پێویست کە هاندانێکە بۆ گەنجان تا ببنە خاوەن کار و پڕۆژەی خۆیان.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێستا بارودۆخەکە لەبارە بەتایبەت پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای نوێ و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەرفەتێکی لەبارە بۆ گەنجان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی تا بتوانن بیکەنە دەرچەیەک بۆ خۆ رزگارکردن لەم بارودۆخە، ئەوەندە بەسە کە ژنان خودی خۆیان و توانا و لێهاتووییەکانیان بناسن و بەهرەکانیان بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن و گەشە بە خۆیان بدەن، بە سوودوەرگرتن لە سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆجیای نوێ دەتوانن بازاڕێکی باش و کڕیارێکی زۆر بۆ بەرهەمەکانیان پەیدا بکەن، نەک بە تەنها لەسەر ئاستی نێو خۆیی، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیی.
* ئەم وتارە لەلایەن رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
* بەشی کاری کۆمەڵایەتی/ زانکۆی سلێمانی
ژنان سەلماندوویانە لە کارکردندا هیچییان لە پیاوان کەمتر نییە