ئەمڕۆ لە پێنجەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزداین، بێگومان دەزانین کە هەموو ساڵێک لە رەمەزاندا وڵاتانی موسڵمان و بە تایبەت شاری سلێمانی جیاوازتر و جوانتر دەبێت، هەست بە زیندوویی و ئارامییەکی زۆرتر دەکەین لەناو خێزان و لە دەرەوەی ماڵەکاندا، بەهۆی کۆمەڵێک نەریتی ئایینی و گەرم بوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر تێبینی بکەین ئەو شتانەی لە رۆژانی ئاساییدا تاقەت پڕوکێنن و خۆمانی لێ لادەدەین، بە پێچەوانەوە لەم مانگەدا بە برسێتی و تینوێتیش بێزارمان ناکەن، بگرە چێژیشی لێ دەبینین، وەک کاتێکی زۆر وەستان لە نۆرەی نانەواخانە، کڕینی شەربەتی مێوژ و خورما و شیرینیی دڵخوازی خەڵکی شار، هەروەها قەرەباڵغیی بێ ئەندازەی رێگەوبان لە ئێواراندا، لەگەڵ ئەمانەشدا سەرەڕای ماندوێتی رۆژوگرتن و کارکردن، بەڵام میوانداری و کۆبوونەوەی خێزان و شەوچەرە، خواستێکی زۆری لەسەرە بە جۆرێکە ماندوێتی دەشکێنێت، یاخود یەکێکی دیکە لە دیاردە زۆر جوانەکانی رەمەزان قەرەباڵغی زۆری مزگەوتەکانە دیارترینیان مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی کە تەواوی ئێوارەکان بە سەرپەرشتی ستافێکی خۆبەخش خواردن و سفرەی بەربانگی خێرخوازان بۆ چەندین هەزار مسوڵمانی کەم دەرامەت بەبێ جیاوازی ئامادە دەکرێت.
سەرەڕای سیما گشتییە جوانەکە، هەر لە رەمەزاندا گەلێک دیاردەی ناشیرینیش هەن، وەک بەخشینی بڕێک خۆراک و پارە بە کەسانی کەم دەرامەت بە زوومی کامێراوە، بەبێ گوێدانە هەست و کەرامەتیان، ئەمە نەک خێر نییە، بەڵکو تاوانە و پێویستە خێرخوازان بە شێوەیەک ببەخشن هیچ کەسێک شایەت و ئاگادار نەبێت، بۆئەوەی ئەو کارە خێرە دوور لە شکان و بریندارکردنی هەستی خوشک و برایانمان بکرێت، یەکێکی دیکە لە تاوانە گەورەکانی بەرامبەر هاووڵاتیان کە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، خستنە بازاڕی چەندین جۆر خۆراکی بەسەرچووە لەلایەن هەندێک بازرگانی چاوچنۆکەوە و هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەیان، بەڵام خۆشبەختانە زۆرینەی جارەکان پێشوەختە لیژنەکانی قایمقامیەت زوو کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکەن و دەست بەسەر خۆراکە بەسەرچووەکاندا دەگرن و خاوەنەکانیان بە سزای شایستەی خۆیان دەگەیەنن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە هاووڵاتیان بزانن ئەو دوکان و بازاڕانەی پێداویستییەکانی رۆژانەیانی لێ دەکڕن مۆڵەتی یاساییان هەیە یاخود نا، یان بەداخەوە دەبینین هەندێک لە دوکانداران سوود لەم مانگە وەردەگرن و نرخەکان دووهێندە دەکەن، پێویستە هاووڵاتیان چاوکراوەبن لە ئاست هەڵە و دیاردە ناشیرینەکان و بە ئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرپرس رێگربن، هەروەها لیژنەکانی قایمقامییەت چاودێرییەکانیان چڕتر بکەنەوە، داواکارم لە فرۆشیاران ویژدانیان ئاسوودە بکەن، هەر شتێک کە دەیهێنن بۆ فرۆشتن وابزانن بۆ ماڵ و خێزانی خۆیانە.