ئەوەی لە سوریا روودەدات!

10:19 - 2025-03-09
گۆران فەتحی
119 خوێندراوەتەوە

ئەوەی ئەم چەند رۆژە لە ناوخۆی سوریا روودەدات، بەتایبەت لە ناوچە كەناراویەكانی ئەو وڵاتە، لە لازقییەو تەرتووس، شەڕێكی ترسناكە كە بەرەو شەڕی تایفی تەواو دەچێت، كە دەسەڵاتی تازەی ئەو وڵاتە (هەیئەی تەحریر شام)ی سوننە، بەرامبەر بە تایفەی عەلەویی ئەو وڵاتە دەستی پێكردووە، رەنگە دواجار پەل بكێشێت بۆ ناوچەكانی تر و بۆ سەر پێكهاتەو تایفەكانی تر لە كورد لە باكوور و دروز لە باشووری ئەو وڵاتە، ئەمەش لەكاتێكدایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی كەنداو پاڵپشتی لە حكومەتە نوێكەی سوریا دەكەن.
ئەو شەڕەی زۆر بە سەختی دوو سێ رۆژێكە چەند ناوچەیەكی زۆرینەی عەلەوییەكانی گرتۆتەوە، لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و هەیئەی تەحریر شام و خەڵكی ئەو ناوچانە، دوای پێشێلكردن و سووكایەتی و كوشتن و دەستگیركردنی عەلەوییەكان دێت، كە چەكداران و گروپە توندڕەوەكان و هەروەها هێزە ئەمنییەكانی شەرع بەرامبەر بە عەلەوییەكان لەدوای روخانی ئەسەدەوە پەیڕەوی دەكەن بەرامبەر بەو تایفەیە، كە ئەوەش وایكرد،  بۆسە بۆ هێزە ئەمنییەكانی سوریا بنرێـتەوە و ژمارەیەكیان بكوژرێ، شەڕیش لەنێوان عەلەوییەكان و هێزە ئەمنییەكانی شەرع دروست بێت، بەشێك لەناوچەكانی سەر بە لازقییەو تەرتووس و بانیاس لەلایەن چەكدارانی عەلەوییەوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام حكومەتی شەرع، ژمارەیەك زۆر هێزی رەوانەی ئەو شارو ناوچانە كرد و بەتوندی وەڵامی چەكدارە عەلەوییەكانی دایەوە، دەستیشی لەكەس نەپاراست لە چەكدار و لە كەسانی مەدەنیش، گرتە ڤیدیۆیەكانیش كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەزگا هەواڵییەكان بڵاوكراونەتەوە، ترسناكیی دۆخی شارە كەناراوییەكان دەردەخات، چۆن دەیان و سەدان گەنج و پیری عەلەوی لەلایەن هێزەكانی شەرع دەگیرێن و بەشێكیان لەسەر شەقام و لەناو ماڵەكاندا گوللەباران دەكرێن.
هەرچەند حكومەتی نوێی سوریا، دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییەكان بۆ «فلول»ی بەعس دەگێڕێـتەوەو دەڵێت هێزە ئەمنییەكانی شەڕ لەگەڵ بەعسییەكاندا دەكەن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، شەڕێكی تایفییەو بەرامبەر بەهەموو خەڵكی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا دەكرێت، پەرەسەندنیشی رەنگە ببێتە سەرەتایەك بۆ شەڕی تایفی لەهەموو سوریا، هاوشێوەی ئەوەی دوای بەهاری عەرەبی بەرپابوو و بە روخانی رژێمی ئەسەد تۆزێك خامۆش بوو، بەڵام ئەوەی لە سوریا ئێستا دەبینرێت، لە تۆڵەكردنەوە دەچێت، كە چەكدارە سوننەكانی سەر بە حكومەتی نوێی سوریا پیادەی دەكەن بەرامبەر بە كەمینەی عەلەوی، كە تەنها گوناهیان ئەوەیە،  بنەماڵەی ئەسەد سەر بەو كەمینەیە بووەو ناكرێت هەموویان لەسەر تاوانی رژێمی ئەسەد سزا بدرێن.
سوریا هاوشێوەی عیراق وڵاتێكی فرە رەنگ و خاوەن پێكهاتەی جیاوازە، لە رووی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەوە، ئەگەر حكومەتی پێشوو حكومەتێكی دیكتاتۆری و شمولی بوو، بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی هاووڵاتیانی خۆی دەكرد، ئەوا پێویست بوو ئەم حكومەتە پێچەوانەی ئەوە بوایەو هەوڵی بۆ چوونە سەردەمێكی نوێ لەو وڵاتە بدایە، چونكە هیچ حكومەتێك لەو وڵاتە سەركەوتوو نابێت، ئەگەر كار بۆ هەموو نەتەوەو پێكهاتەكانی نەكات، چارەنووسیشی لە رژێمی ئەسەد باشتر نابێت، بۆیە بژاردەی ئاشتی و پێدانی مافی هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان، باشترین بژاردەیە بۆ حكومەتی شەرع ئەگەر دەیەوێت بۆ ئایندەیەك دوور بمێنێـت.

وتارەکانی نوسەر