46
ئەم پەندە خەریکە بەسەر بەشی هەرە زۆری خەڵکی وڵاتەکەماندا دەسەپێت، هەر هەمووی دەیەوێت لە پڕێک ببێتە کوڕێ و دەست بۆ هیچ کارێک نەبات و هەموو شتێکی بێتە دەست. ئێ ئەمەش ئێستا تەنها بۆ کەمینەیەکی زۆر کەمی خەڵکەکەمان دەلوێت، بۆ ئەوانەی لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەخەون و پشتیشیان بە هیچەوە نایەشێت، ئەم سیستمە ئابوورییە تۆکمەیەی ئێمە و بەم بێ پلانییە، ئیدارەدانی ئەم بێ سەروبەرییەی لێ دەکەوێتەوە.
خوێندن مەسەلەیەکی پێویست و پیرۆز بۆ هەموو تاکێک، بەڵام دەبێت خوێندن بۆ بەدیهێنانی ئامانج بێت، واتا شیاندنی گەنج بۆ بازاڕی کار، پێموایە ئێستا پرۆسەی خوێندن و بە تایبەت خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە چ هی حکومی یان ئەهلی بێت، پلان نییە بۆ خستنە سەر کاری ئەو گەنجانەی خوێندن تەواو دەکەن، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا کار نییە، نە حکومی و نە ئەهلی، مەگەر قەزا و کوێرەکە.
گەنج و کەسوکاریشیان هەقی خۆیانە خوێندن بە هەموو ئاستەکانییەوە دەستەبەربێت بۆیان و دواتر کار نییە و باوەڕیش ناکەم خۆپیشاندان چارەسەرێکی پێبێت بۆ دابینکردنی کار لە کەرتی تایبەتدا، هەروەها دەبێت دەست لە کەرتی گشتیش بشۆین و تروسکاییەک ئاسۆی چارەسەریش دیارنییە، بۆ هەرێمیش ئەمە حاڵمانە لەگەڵ عیراقدا و ساڵ بە ساڵیش ژمارەی دەرچووان هەڵدەکشێن.
جاران خوێندنی پیشەیی، کە تائێستاش شتێکی لە عیراق و هەرێمدا ماوەتەوە، بەڵام بێ کاریگەر، ئەو دەمانە، واتا نزیکەی لە 1940کانەوە تا 1970کان، بە شتێک زیاد و کەمەوە گەنج لە قوتابخانەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و بازرگانیدا کە خوێندنی تا ئاستی ئامادەیی تەواو بکردایە دەبوو بە (کادیرێکی مامناوەند)و کەرتی دەوڵەت زۆر پێویستی بە کار و خزمەتی هەبوو، بە تایبەت دوانەکەی پێشەوەیان، دەرچووانی یەکسەر دادەمەزران و باشترین و راهێنراوترین کارمەند بوون، تائێستاش باشترین کاریگەرییان هەیە لە وڵاتدا.
ئێستا ئەو داروبارە نەماوە و ئەڵتەرناتیڤیش نییە، تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە بووەتە داواکارییەکی کۆمەڵایەتی نەک ئابووری، لەبەرئەوەی بەرخۆرە و توانای پلانسازی نییە، هەروەها دەرچوو دەیەوێت کارێکی دەستبکەوێت لە ئاستی بڕوانامەکەیدا بێت، باس لە پێگەیاندنی زانستی ناکەم کە ئێستا دنیایەک پرسیاری لەسەرە و کەسیش خۆی لێناکاتە خاوەن.
لە داهاتوویەکی نزیکدا خەریکە بێکارانی ماجستێر و دکتۆراشی تێدەکەوێت و لەمەشدا ئاست بەرز و بێ ئاست هەیە و وا باسە لە عیراقەکەی تردا بە پارەش دەکڕدرێت، ئێمەمانان هەقمانە بیر لە ئاسۆی ئەم دۆخە بکەینەوە و ئەم گەنجانە هەموو منداڵی ئێمەن، وا هەست دەکەم قوڕەکە بۆ سبەینێ خەستتر دەبێت و لەگەڵ هاوتەمەنەکانم بیرمانە لە ساڵانی 1980کاندا ئەم وڵاتە پڕبوو لە گەنجی میسری و هەموو ئەو جۆرە کارانەیان دەکرد کە ئێمەمانان نەماندەکرد، دەمی هەر یەکێکیانت دەکردەوە دەیوت لیسانسم لە فڵانە زانستدا هەیە، لیسانس لەلای خۆمان بڕوانامەی بەکالۆریۆسە!.