53
لە زۆر وڵاتی جیهاندا و بە تایبەتی لەو وڵاتانەی دەزگا و دامەزراوەی چەسپاو بەڕێوەیان دەبات، رێز بۆ مافی هاووڵاتی دادەنرێت لە سەرجەم رەهەند و بوارەکاندا، بە تایبەتییش مەسەلەی نیشتەجێی هاووڵاتیان لە شارەکاندا.
لەم سەردەمە نوێیەشدا، کە بە رێژەیەکی بەرچاو مرۆڤ لەسەر زەوی زیادیکردووە و هەشت ملیاری تێپەڕاندووە، ئاسۆیەکی ترسناکی دروستکردووە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی. لە سەرێکی دیکەشەوە رێژەی نیشتەجێبوون لە شارەکاندا بەرەو زیادبوون و تەنانەت هەڵاوسان دەڕوات، دیاردەکە لە وڵاتانی چەشنی ئێمەدا زەقترە و بە ئاقاری قەیرانی بێچارەسەرییشدا دەڕوات.
لەو وڵاتانەی کە پلانی بەردەوامیان هەیە بۆ هاوسەنگ راگرتنی نیشتەجێبوون و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک ئاو، کارەبا، شەقام، ژینگە و رێژەی سەوزایی و .. هتد، زیاتر پەنا دەبرێتە بەر نیشتەجێی ستوونی و رەچاوکردنی داهاتی خەڵک. لەم رووەشەوە مەسەلەی زەوی چ بۆ نیشتەجێبوون یان پرۆژەی جۆراوجۆر حیسابی وردی ئەمڕۆ و نەوەکانی دواڕۆژیشی بۆ دەکرێت. لە شارەکاندا تا زەویی بەردین و بێ پیت بۆ کاری کشتوکاڵ هەبێت پەنا نابرێت بۆ زەوییەک کە بۆ کشتوکاڵ یان زیادکردنی رێژەی سەوزایی شارەکان بشێت، ئەگەر هەر شوێن دەست نەکەوت ئەوە ئەڵتەرناتیڤی ناچاری نیشتەجێی ستوونییە، کە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویستی تێدا ئاسانترە، لەبری ئەوەی شار بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە هەر چوارلادا بکشێت و هیچ بودجەیەک بەشی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ناکات، ئەگەر هات و دەستپاکیشی لە پشتەوەبێت، جا نەخوازە ئەم حاڵ و بارە پڕ لە گەندەڵییەی لای خۆمان هەیە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا زەوی لە سەرێکەوە وەک کاڵایەکی بێبەها مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت و لە سەرێکیشەوە وەک سەرچاوەیەکی خۆ دەوڵەمەندکردنی خەڵکانێکی چاوچنۆک سەیر دەکرێت و بووە بە مامەڵە و سەودایەکی قێزەونی بازرگانانی چاوچنۆک، بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەندێک بەرپرسی سیاسییدا کە بێ هیچ شەرم و بەرپەرچدانەوەیەکی یاسایی دەستیان خستووەتە بینی زەویی شار و تەنانەت دێهاتیش لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە زۆر بواردا دەسەڵات وەک بەخشش و بەرتیل و چەندین سەفقەی گوماناوی دەیبەخشێتەوە بەسەر مشەخۆرانی ناوەکی و دەرەکیدا. ئەمەش هەمان سیاسەتی رژێمی لەناوچووی بەعس بیردێتەوە کە بە خەروار نەوتی وڵاتەکەی دەبەخشییەوە بەسەر کەسانی سیاسیی یان بڕیار بە دەستی وڵاتانی عەرەبی و جیهاندا، بۆئەوەی لۆبیی پشتگیریی بۆ بکەن لە جەنگە ماڵ وێرانکەرەکەیدا. لێرە باشترین و بە پیتترین زەوی دراوە بە وەبەرهێنی جۆراوجۆر و شوقە و خانووی لەسەر دروستکردووە و بە نیوەناچڵ لە ژێر پەردەی یاسایی ناجۆری وەبەرهێناندا دەستی خەڵکی بڕیوە و کەسیش نییە لەسەر ئام ناحەقییانە بەرۆکی بگرێت و مەسەلەی دەست تیکەڵکردن و هاوبەشیی لە گومان چووەتە دەرەوە.
بەپیتترین زەویی ئەم وڵاتە ئەم فڵان کەس و ئەو کۆمپانیا دەستی بەسەردا گرتووە و پرۆژەی زەبەلاحی لەسەر دروستکردووە، لە زیان زیاتر هیچ خێروبێرێکی بۆ خەڵکی ئەو شوێنە نییە و تەنها گیرفانی چەند سەرمایەدار و هاوبەشەکانیان هەڵدەئاوسێنێت و دۆڵی بازیان و کارگەکانی چیمەنتۆی یەک لەو نموونە زۆرانەیە، کە ئەوانە چۆن کشتوکاڵ و جوانیی سروشتی وڵاتەکەیان تێکداوە و پاڵاوگەکانی نەوتی رێی مەخموور و دەیان شوێنی دیکە و دەیان پرۆژەی وێرانکردنی زەوی و ئاسمانی وڵاتەکەمان چ خێرێکیان بە خەڵک بەخشیوە لە هەڵتۆقینی توێژێکی سەرمایەداری مشەخۆر و وڵات کاولکەر بەولاوە؟.