مێژووی قەتلوعام بەهۆی ناسنامەوە دوورودرێژە و پڕە لە چیرۆکی ناخهەژێن، نزیکترین و بەرجەستەترین نموونە لای ئێمەی کورد کارەساتی هەڵەبجە و هەڵمەتەکانی ئەنفال و کوشتن و بە کۆیلەکردنی ئێزدییەکان و زۆری ترە. دەمەوێت لە جوغزی (تەنیا خۆمان) بێمە دەرەوە و وێنەیەکی گەورەتر و گشتیی تری تاوانی ئازاردانی مرۆڤ بەهۆی ناسنامەکەیەوە بخەمەڕوو، لەبەرئەوەی هەموو دیمەنەکانی لەناوبردن بە هۆی ناسنامەوە زۆر لەیەکتر دەچن و هەمان مەبەست و ئامانج و بەرژەوەندییشیان لە پشتەوەیە. ئەگەر هەوڵی قڕکردنمان بەهۆی ناسنامە نەتەوەیی یان مەزهەبیی یان رەگەزیی یان ئیتنی یان ئایدیۆلۆژییەکەمانەوە رێگە پێدراو بێت، ئەوا ئەو کەسانەی هەڵگری زیاد لە ناسنامەیەکن، لەبری چەند ناسنامەیەک رووبەڕوویس توندوتیژیی دەبنەوە وەک کەسێک کە خەڵکی شەنگالە و بە تاوانی کچ بوون و کوردبوون و ئێزدیبوون دووچاری زوڵم و زۆری داعش بۆتەوە. یان ئەوانەی کوردن و شیعەن و ژنن لە وڵاتێک کە سونە مەزهەبە یان کە ژنن و سونەنن و کوردن لە وڵاتێکی شیعە مەزهەب، بێگومان ئەمە بۆ پێکهاتەکانی دیکەی وەک درووزی و ئەمازیغی و ئەوانی دیکەیش بە هەمان شێوە نابێت بکرێتە هەنجەت بۆ لەناوبردن لەبەرئەوەی ئێمە بە هەندێ لە ناسنامەکانمانەوە لەدایکدەبین و تاوانی مروڤ نییە کە چاوی کردەوە ببینێت شیعەیە یان سونەیە، جولەکەیە یان موسڵمان. راستە کە گەورەدەبین دەتوانین هەندێ ناسنامە تەبەنی بکەین و دەستبەرداری هەندێکیان ببین بەڵام نەتەوە و رەگەز و ئایین ئەو سێ پێکهاتەیەن کە رۆژگار و پێشکەوتنە خێراکەی دنیاش نەیتوانی لە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی وەربگرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەسایەی حوکمی جۆلانیی دا بەرانبەر بە عەلەوییەکانی سوریا دەکرێت تا رادەیەک و بە شێوەیەکی بچووکتر، درێژکراوەی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکانی دەرسیمە (1937-1938) کە تورکیا لە مێژووی خۆیدا بەرانبەر بە کوردەکانی دەرسیم کردوویەتی.
لە سۆنگەی ئەوەی کورد میللەتێکی ستەمدیدەیە، هەر بە فیترەت دژی زوڵم و زۆرە بە ناوی ناسنامەوە، هاووڵاتیانی کورد بە دیمەنەکانی کوشتوبڕی عەلەوییەکانی سوریا نیگەرانن با نەتەوەشیان عەرەب بێت، خۆ مەرج نییە ئەوەی کورد نەبێت ئازاری بۆ بەڕەوا بزانین!.