هـێزی نه‌رم

ئەو بوومەلەرزە ئیعلامییەی سۆشیال میدیا، لەپای چی؟

09:17 - 2025-05-05
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
518 خوێندراوەتەوە

لەوانەیە هاوڕێیانم لە فەیسبوک بەلایانەوە چاوەڕوان نەکراو بووبێت کە بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە قسەی رەق و برینداکەریان بۆ دکتۆرە بەناوبانگ و داهێنەرەکەی کورد ئەنوەر شێخە، دەنووسی پیرۆزبایم لێ کرد و ئافەرینم بۆ نارد بۆ ئازایەتیی و راستگۆییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکەی کە بەبێ ترس لەو کۆمەڵگەیەی خۆمان وێنەی ئاهەنگی دەزگیرانداریی لەگەڵ خانمە دکتۆرێکدا بڵاوکردەوە و باکی بەو کۆمەڵگەیەی کورد نەبوو، کە شەڕ و قەیرانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی وایلێهاتووە کەم کەس حەزی بە هەنگاو و هەڵبژاردنی ئازادانەی کەسانی تر بێت و زۆرینە چاویان بە ساتە جوانەکانی ژیانی خەڵکی دیکە و دڵخۆشییان هەڵنەیەت. دکتۆرێک کە سەدانی لە نەخۆشیی شێرپەنجە رزگارکرد و نەخۆشخانەکەی ئامێزێکی واڵابوو بۆ هەژارانی شارەکەی، بۆچی هەواڵی بۆنەیەکی تایبەتی ئەو بۆڕی بە گەرمترین هەواڵەکانی شەڕ و ململانێکانی جیهان و عیراق و هەرێمی کوردستان و کوردانی سوریا و تورکیا و رۆژهەڵاتیشی دایەوە. دکتۆرە لێهاتووەکەی کورد چی کردووە بەیەکجار زوومی هەموو کەناڵ و تەواوی سۆشیال میدیاکان بە نێو ژیانیدا شۆڕبکرێتەوە؟ ئەم بوومەلەرزە ئیعلامییە لەپای چی بست بە بستی کوردستان و دیاسپۆراشی تەنی؟ کورد ئەگەر نیو هێندەی ئەم هەواڵی هاوسەرگیرییە گرنگیی بەمەسەلەکەی بدایە ئێستا خاوەن دەوڵەت دەبوو. ئاخر هەواڵە خۆشەکە زیاد لە کێشی خۆی گەورەکرا و ناخۆشکرا و دوو کەسایەتییەکەش بە ئاستێکی جەماوەریی سەیر کینە باران کران. هەواڵەکە پەیوەندیی بە پرۆفیسۆرێکی میللەتی خۆمانەوە هەیە کە بەشی گەورەی تەمەنی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و دڵخۆش کردنیان تەرخان کردووە، ئایا شایستەی ئەوەنییە ئەگەر ناشتوانیت بە وشەیەک دڵخۆشی بکەیتەوە، هەر هیچ نەبێت بە وشەی نەشیاو خۆشییەکەی لێ تێکنەدەیت؟ ئەم رەفتارە نەشیاوەی ئەم رۆژانە بە روونیی پێی وتین ئەم کۆمەڵگەیەمان چەند دەروونبیمار و دژ بە ئازادیی تاکە کەسە و ئێمە چەند بە قووڵیی پێویستمان بە چارەسەرکردنی کۆمەڵگەکەمانە لە رووی دەروونییەوە. خۆ هەڵقوورتاندن لە ژیانی کەسەکان بەتایبەتی لە ژیانی ناودارەکان کە شەونخونیان کردووە بۆئەوەی خزمەتی مرۆڤایەتی و بوارێک لە بوارەکانی ژیان بکەن، کارێکی نالۆژیکیی و ناشارستانییە، خۆ ئەگەر ژیانی خۆمان چیرۆکی شایستە و مەزنی تێدایە و بەتاڵ و بۆش نییە لە خۆشەویستی، بۆچی سەیری ژیانی کەسانی دیکە بکەین و بە ئیرەیی و کینە هەوڵی تێکدانی نێوان کەسەکان بدەین؟ ئینجا باوەڕبکەن ئەگەر بە وردیی بڕوانن دەبینن دەروون دروستەکان سەرقاڵی پێشکەشکردنی باشترین باشین بە مرۆڤایەتی و لە بواری کارەکەیاندا داهێنەرن، بەڵام دەروون نەخۆشەکان لەسەر زەم و زڕاندنی ناوی داهێنەرەکان دەژین، هیچیشیان پێنییە تا پێشکەش بە جیهانی بکەن، هەربۆیە کەسە داهێنەرەکان نەمرن و بێ کەڵکەکانیش هەر بە زیندوویی مردوون. دوا وتەم ئەوەیە ئەگەر راگەیاندن ئاوێنەی ئاستی مەعریفیی کۆمەڵگەکانە، کەواتە هەواڵە فووتێکراوە بە زۆر بە میللیی کراوەکان دەرد و برینن و ئاماژەیەکی خراپن بۆ دەردەداریی دەروونی زۆرینەیەک لە خەڵکی وڵات کە هیوادارم بخرێتە بەرنامەی چاکسازیی و چاکسازیی دەروونییەوە.

وتارەکانی نوسەر