کۆد و کلیل

زەنگۆڵەی گۆڕستان سوودی چییە؟

09:54 - 2025-03-12
پرژە زاهیر جەلال
192 خوێندراوەتەوە

مردن دوایین ئەرکی رۆحلەبەرە لە ژیاندا، لەمکاتەدا مرۆڤ ئامادەبێت یاخود نا تەمەنی کەم بێت یان زۆر گرنگ نییە، مەرگ لە هەر جێیەک بیەوێت خاڵی کۆتایی خۆی دادەنێت لەسەر تەواوی کردار و گوفتارەکانی کەسەکە، جێی باسە مردنی مرۆڤەکان چەندین جۆر و شێوازی جیاجیای سادە و سەمەرەی هەیە، مردنی هەر کەسێک به شێوازێک و چیرۆکێکی تایبەتە، هەر یەکێکیش بە گوێرەی ئازارەکەی پێناسەی مەرگ یان مردن دەکات، بەڵام چۆن رێز لە مردووەکانمان بگرین باشە؟
بۆچی لە چەند رووداوێکدا پێویستە تا سێ رۆژ کەسی مردوو بە خاک نەسپێردرێت؟
بە گشتیی واباشترە هەر کەسێک کە دەمرێت تا سێ رۆژ لاشەی بەخاک نەسپێردرێت، بەڵکو دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە لە مردنی و تەواوکردنی هەموو سووننەتە ئایینی و ماڵئاواییە کۆمەڵایەتییەکان، لاشەی کەسی مردوو بەخاک بسپێردرێت، بە تایبەت ئەو کەسانەی بەم هۆکارانە گیانلەدەست دەدەن (خنکان بەهۆی غاز، دوکەڵ و ئاو، یان بەهۆی کارەبا یان نۆرەی دڵ و رووداوی کەوتن..هتد) لەبەرئەوەی ئەگەری زیندوبوونەوەیان هەیە لە بەفرگر یان لەناو گۆڕداو زۆر نموونەی زیندوو هەن.
بیستوومانه کە کەسانێک لە مزگەوت یان بەفرگر و تەنانەت لەناو گۆڕیشدا زیندوو بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی کەس پێیان بزانێت، دیسان بە شێوازێکی زۆر سامناک و پڕ ترس و ئازار رۆحیان دەرچووە.
لە ساڵانی پێشتردا ئەم شێوازی سێ رۆژە لە بەخاک سپاردندا پەیڕەوکراوە، بەڵام بەداخەوە کە ئێستا پەیڕەو ناکرێت بە هۆکاری نادیار و دوور لە سوننەتی ئیسلام، دەبینین بە پەلە بە بەفر و باران یاخود نیوەی شەو کەسی مردوو بە خاک دەسپێردرێت وەک ئەوەی بە کۆڵیانەوەبێت یان لێی بێزاربن، تەواوی رێوڕەسمەکە لە چەند سەعاتێکدا کۆتایی پێدەهێنن! لە کاتێکدا لاشەی پەیامبەرمان محەمەد(د.خ) لە دوای سێ رۆژ بەخاک سپێردراوە، واتا رۆژی دووشەممە لە 12ـی مانگی رەبیعی یەکەم لە ساڵی 11ی کۆچی تا لە شەوی چوارشەممە تەرمی پەیامبەر بەخاک سپێدرا، ئەمە سوننەتە و کۆمەڵێک حیکمەتی خۆی هەیە، بە نموونە لە ئاینی مەسیحیدا گرنگییەکی زۆر بەم رووداوە دراوە، تا بڕیاری ئەوەیانداوە لە گۆڕستانەکانیاندا زەنگۆڵە لەسەر هەموو گۆڕەکان دابنێن و پەتی زەنگۆڵەکە لەناو تابوتەکاندا نزیک دەستی مردووەکان دادەنێن لەبەرئەوەی ئەگەر زیندوبوونەوە بتوانن کەسانی زیندوو ئاگادار بکەنەوە بە جوڵاندنی زەنگۆڵەکە، ئەمە بیرۆکەیەکی کۆن و زیرەکانەیە هیوادارم ببێتە دیاردە لای خۆمان، داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەم بەشێکی تایبەت بە مانەوەی کەسانی مردوو، لە پزیشکی داد دابین بکەن تا سێ رۆژ لە ئەگەری ئەم رووداوانەدا، هەروەها داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەم گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە بدەن و رێنمایی هاووڵاتیان بکەن لە مەترسییەکانی زوو بەخاک سپاردن.

وتارەکانی نوسەر