دیدێکی تر لەبارەی رێزگرتنەوە

با هەڵمەتێکی نیشتمانی رێزگرتن دەستپێبکرێت

09:24 - 2022-06-16
بڵێسە جەبار فەرمان
4378 خوێندراوەتەوە

رێز یەکێکە لە بەهاو خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤایەتی. رێزگرتن واتا بایەخدان بەو کەسانەی یاخود بەو شتانەی کە لامان گرنگن.
هاوسەنگی ژیان لەسەر بنەمای رێزگرتن پارێزراوە. رێز و شێوازی رێزگرتن بەشێک لە کەسێتی و ناسنامەی مرۆڤ دیاریدەکەن و مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر جیادەکاتەوە.  لە زۆرێک لە فەلسەفەکان و شیکاری دەروونی بەبایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە ئەم بەها گرنگەی ژیان. رێزی خود تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە لە شیکاری دەروونی. وەک بنەمایەکی سەرەتایی و سەرەکی، کەسێک کە رێزی خۆی لا نەبێت ناتوانێت رێز لە کەسانی تر و شتی تر بگرێت. رێز لەخۆگرتن یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی رێز، مرۆڤ کاتێ رێز لە خۆی دەگرێت؛ وێنەیەکی مرۆڤانەی سەنگین بۆ خۆی دروست دەکات و بەرامبەر ناچار دەکات رێزی لێبگرێت. کاتێک مرۆڤ رێز لەخۆی ناگرێ وای لێ دێ دەبێتە نەیار و دوژمنی خۆی. هەموو ئاینەکان بایەخێکی زۆر بە رێز دەدەن. ئەوی مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکاتەوە رێزە.

رێز لە خود و بەهاکان 
ئەم دەستەواژەیە تەنها بەرانبەر کەسێک  بەتەنها بەکارناهێنرێت؛ بەڵکو دەکرێت بەرانبەر بە شوێنێک یان شتێک یان بیرکرنەوەیەک بەکار بهێنرێت. بۆ نموونە رێز لە ژیان، رێز لە ژینگە، رێز لە کەسانی کۆچکردوو، رێز لە شوێنە پیرۆزەکان و ئاینیەکان، رێز لە کات، رێز لە هەستەکان و جیاوازییەکان، رێز لە موڵک و ماڵی تایبەت و گشتی. بێگومان بایەخ و گرنگی رێز لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت. هەندێک بابەت هەن کە لە ئاینێکدا یان لە کۆمەڵگەیەکدا پیرۆزن و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و لە هەندێک ئاین و کۆمەڵگەی تردا بەو رادە و شێوەیە نین.
بۆ نموونە لە ئاینی هیندۆس گیانلەبەری وەکو مەیمون و مانگا و و ماری کوبراو زۆرێکی تر پیرۆزن و رێزیان لێ دەگیرێت. لەلای بودیستەکان هەموو گیانلەبەرێک دەبێت رێزی لێ بگیرێ چەند بچووکیش بێت. لە زۆرێک لە کەلتورەکان، پیرو بەتەمەنەکان دەبێت رێزێکی زۆریان لێ بگیرێت. شوێنە ئاینییەکان لە هەموو جیهاندا جێگای رێزی زۆرێک لە مرۆڤەکانن و لە کاتی سەردانکردنیان پێویست دەکات جلوبەرگی شیاو بپۆشرێت و زۆرکات دەبێت بە پای پەتی سەردان بکرێن. رێزگرتن لە حەرەمی زانکۆ و دادگاکان لە هەموو جیهان دا مەکانەتی تایبەتیان هەیە.
هەندێک پیشە رێزیان زیاترە لە پیشەی تر. پزیشکێک کە ئەرکی کەم کردنەوەی ئازار و رزگارکردنی ژیانی مرۆڤە، رێزی زیاترە. سەربازێک یان پێشمەرگەیەک کە بەرگری لە هاووڵاتیان و نیشتمان دەکات تایبەتمەندی هەیە. یاسا وەک بناغەی رێکخستنی ژیان بەهەمان شێوە. دادوەر یەکێکە لەو پیشانەی کە رێزی لەسەر هەموانەوەیە.
نامەوێت تاک بەتاکی پێشەکان ناوبهێنم و گرنگی و تایبەتمەندیان بخەمەڕوو، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هەندێک پیشە جێگای رێز و تەقدیری تایبەتن. لە کۆمەڵگای کوردەواری رێزگرتن بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. لەناو خێزاندا هەر لە منداڵییەوە مرۆڤەکان فێری رێز گرتن و شێوازی هەڵسوکەوت و قسەکردن دەکرێن.

رێز وەک بەشێک لە کەلتور
ئەوەی من دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە زۆرێک لەگەڵ رێزگرتنی بەرانبەر شارەزان؛ بەڵام شارەزاییان لە رێزگرتنی بابەتەکانی تردا نییە و بێرێزیان بەرامبەر دەکەن. لە کۆمەڵگای ئێمەدا رێزگرتن لە کات شتێکی نامۆیە، لە کاتێکادا کات گرنگە و  دەبێت هەموو چرکەیەکی رێزی لێبگیرێت و بایەخی پێ بدرێت. رێزگرتن لە سروشت و ژینگە لە کوردەواریدا نامۆیە. کە دەوترێت سروشت واتا ئاو و خاک و دار و روەک و  ئاژەڵ. لە کوردستان هیچ رێزێک لە ئاو ناگیرێت بەدەلیلی ئەوەی زۆر زۆر بەهەدەر دەدرێت. رێزگرتن لە دامودەزگای حکومی و موڵکی گشتی و تایبەتی بەیاسا رێکخراوە. پێشێلکردنی بێڕێزییە بەهەموو ماناکانی. کوردستان پێویستی بەهەڵمەتێکی گشتگیری رێزگرتنە، بەرزکردنەوەی هۆشیاری رێزگرتن ئەرکە. باببێتە ئامانجێکی باڵا.
هەرکات لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا خۆپیشاندان دەکرێت و هاووڵاتیان  ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبرن بێ ئەوەی بێڕێزی بەرامبەر موڵکی تایبەتی کەسەکان و  شوێنە گشتی و دامودەزگاکان بکەن. پۆلیس و چالاکی مەدەنیش چەک بەرامبەریان بەکارناهێنن. رێز لە خۆت بگرە بۆ ئەوەی رێزت لێبگیرێت. ئەم رستەیە هەر لە سەرەتای ژیانەوە فێر دەکرێین.

دەبێت فێربین رێز لە شوێن بگرین

دەبێت فێربین رێز لە شوێنەکان بگرین بۆ ئەوەی لە شوێنانا رێزمان لێبگیرێت. دەبێت فێربین رێز لە دادوەرو دادگا و ئاسایش و قودسییەتی دادگا بگیرێت بۆ ئەوەی رێزمان لێ بگیرێت من لەگەڵ هیچ بێرێزیەکدا نیم. دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک و شەق هاویشتنم. وشەی تێهەڵدان ناشیرینترین وشەیە. کردارێکی قێزەونەو قەدەغەیە.

وێنە بینراو و نەبینراوەکانی رووداوەکە
ئەو رووداوەی روویدا لە دادگای سلێمانی و پۆلیس هەڵەی کرد بەوەی خۆیان کۆنترۆڵ نەکرد. ئەوە دێوێکی بێڕێزییە بەرامبەر بە مرۆڤ و ژن و دادگا-ش، لە هەمانکاتدا شایانی هەڵسەنگاندنە زیاد لە گۆشەیەکەوە زیاتر لەیەک دیوەوە. بەڵام گەر واقیعی بین زۆر جار کار و کاردانەوە هەیە، هەموو شوێنێک قودسییەتی خۆی هەیە کە دەبێت رێزی لێبگیرێت. پێویستە رووداوێکی لەو جۆرە چەن هەنگاوێک بمانهێنێتە دواوە و گەورەتر سەیری وێنەکە بکرێت بە وێنە بینراو و نەبینراوەکانی رووداوەکەشەوە. لەوەش گرنگتر بکرێتە بابەتی قووڵکردنەوەی رێزگرتنی خود و بەرامبەرەکانیش. ئەم بابەتە قسەی زۆرتری دەوێت، با ببێتە سەرەتای گفتوگۆیەکی گشتی بەبێ هەڵچوون و لە ژێر ناوی بەرگری لە قوربانی بێڕێزی زۆرتر هەڵبڕێژرێت؛ چونکە کەلتوری رێزگرتن بەداخەوە زۆر کەم بووە بێ رێزی خەریکە دەبێتە کەلتور!. دەسەڵات بەرپرسیاری یەکەمە. چونکە گەورەیی ئەوەیە لە دەسەڵاتدا بیت رێزت هەبێ و هێزت هەبوو بنەماکانی رێزی مرۆڤ پێشێل نەکرێت. بەڵام دەوری تاک هیچ کەمتر نییە لەم بنەما گرنگەی ژیان. باهەڵمەتێکی نیشتمانی رێزگرتن دەست پێ بکرێت.

وتارەکانی نوسەر