ئاسوودەیی دوور لە دونیای گریمانەکراو

10:39 - 2022-06-18
رۆزا دڵشاد مەریوانی
505 خوێندراوەتەوە

ئەو وتەیە راستە تا چاوت لە شتی خەڵکی و ژیانی خەڵکی بێت ناحەسێیتەوە، بۆیە ئەوانەی بەو شێوەیەن وەکو دەڵێن چاویان تێرنابێت و مەگەر خۆڵی نێو گۆڕ چاویان پڕ کاتەوە، بەڵام زۆرجار هەست دەکەم ئەو وتەیە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت و ناتوانین چاومان لە ژیان و شتی خەڵکی نەبێت.
-چۆن تێناگەم واتا ئەگەر چاویشت لە شتی خەڵکی نەبێت هەر چاوت لێیان دەبێت؟
*بەڵێ ئەم ژیانە پێشکەوتووەی ئێستا کە بە تەکنەلۆژیا دەورە دراوین، ناتوانین چاومان لە ژیانی خەڵکی داخەین، بە زۆر ئێخەت دەگرن و پێت دەڵێن ئەها وەرە تەماشام کە چۆن دەژیم و چیدەکەم و تەنانەت چی دەخۆم!

حاڵەتێکی بێزارکەرە
-راستە ئەو حاڵەتە هەیە و زۆرجار بێزارکەریشە هەر ئەوەندەی چوویتە نێو سۆشیاڵ میدیاوە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە ئێخەت دەگرن، ئەوەندەی بابەتی بێ مانا دەبینیت کەمجار پۆستێکی جوان و کاریگەر دەبینیت و بەدەست خۆت نییە زۆرجار ئەو پۆستانە پەستت دەکەن.
*راستە منیش دەمویست ئەوە بڵێم هەندێکجار دەپرسین بۆچی مرۆڤی ئەم سەردەمە ناحەوێتەوە و دەروونی ئارام نابێت؟ بۆچی کەس لە بەشی خۆی رازی نییە؟ کەمن ئەو کەسانەی بەو ژیانە رازیبن کە تێیدان، بێگومان جگە لە ئاڵۆزیی و کێشە و قەیرانەکانی ژیانی رۆژانە بە رای من زۆر تەماشاکردن و مانەوە لە نێو سۆشیاڵ میدیادا تووشی خەمۆکی و نائارامی دەروونیمان دەکات، کاتێک کەسێکی ئاساییت و ژیانێکی ئاسایی دەژیت، دەبینیت ئەو خەڵکە لەسەر پێگەکانی دونیای گریمانەکراو خەریکی نمایشکردنی ژیانێکی ئەفسوناوی و خەیاڵیین، ئەوە واتلێدەکات بپرسیت ئاخۆ دەبێت ئەو خەڵکە بەو شێوەیە بژین؟! کەواتە ئەوە ژیانە من هەمە؟ دواجار تووشی خەمۆکی و بێزاریی دەبیت لەو ژیانەی تێیدایت.
وێنەیەکی دەستکردە
راستییەکەشی ئەوەیە نیوەی ئەو ژیانەی لەسەر سۆشیاڵ میدیا دەیبینیت وێنەیەکی دەستکردە و تەنیا بۆ خۆ نمایشکردن دادەنرێن یان لای زۆرێک وەکو نەخۆشی لێهاتووە و وا هەستدەکەن ئەگەر وا نەکەن واتای وایە خەڵکی وادەزانن ئەوان ناژین.
-قسەکانت راستە، بەڵام ئەی خەڵکی چیبکەن خۆی لە بنەمادا ئەو پێگانە بۆ ئەو مەبەستانە دانراوە بۆ کۆمیونیکەیشن و نزیککردنەوەی دوورییەکان لە نێو هاوڕێ و خزم و کەسوکاردا؟
*بەداخەوە ئەوە راستە نازانم لە دونیادا چۆنە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە مەبەستی نزیککردنەوە و هاوڕێیەتی و پەیوەندیکردن و ئەو شتانەی لەدەستداوە، بەکارهێنانی ئەو پێگانە بووە بە سەرچاوەیەک بۆ خۆ نمایشکردن و چاودێریکردنی یەکتری و بگرە بووەتە هۆی لەدەستدانی زۆر هاوڕێ کە لە ژیانی واقیعیدا هاوڕێی نزیک بوون، بەڵام دوای ئەوەی لەو پێگانە بوونەتە هاوڕێ ئێستا تەنیا ناوێکن لە ئەکاونتەکەتدا و هیچ رۆڵێکیان نییە نە لە ژیانتدا نە لە نێو دونیای گریمانەکراودا.
بۆیە زۆرجار بەهەمانشێوە ئەوە تووشی پەستی و تووڕەییت دەکات و دەپرسیت بۆچی هاوڕێمیت ئەگەر هیچ رۆڵێکت نییە؟! یان زۆربەی خەڵکی ئێستا بۆئەوە لەو پێگانە دەبنە هاوڕێت تەنیا بۆئەوەی حەزی خۆنمایشکردنیان تێر بکەیت و بزانن تەماشاکەرێکی دیکەیان زیاد کردووە.
چارەسەر چییە؟
-ئەی چارەسەر چییە ناتوانین دەروونمان ئارام بێت و نامانەوێت تەماشای ئەو ژیانە گاڵتێنە و گریمانکراوەی خەڵکی بکەین تاوەکو لە ژیانی خۆماندا ئارام بین، بەڵام بە زۆر ئێخەت دەگرن و وازتلێناهێنن؟
*بێگومان زۆربەمان ناتوانین بە تەواوەتی واز لە سۆشیاڵ میدیا بێنین، چونکە جگە لە هاوڕێ هەندێ شتی دیکە هەیە هەر کەسە و بەپێی ئاستی رۆشنبیری و پێویستی کارەکەی دەچێتە نێو ئەو دونیایەوە، بەڵام دەتوانین بەکارهێنانی کەمبکەینەوە هەروەها ئەو کەسانەی سەرچاوەی نائارامیی دەروونین بۆمان زۆر رێوشوێن هەیە دەتوانین بیکەین تاوەکو چیتر نەیەنە بەرچاومان یان هەر راستەوخۆ لەو هاوڕێیەتییە درۆیینەیە بیانسڕینەوە، کە وات کرد مێشک و دەروونت ئارام دەبێت، ئەو کاتە دەتوانیت سەرنج وردکەیتەوە لەسەر ئەو ژیانە راستەقینەیەی تێیدایت و چێژی لێببینیت و چاوت لەو ژیانە درۆییەنەیەی خەڵکی نەبێت، ئەگەر هەمیشە ئەو وتەیە بە خۆت بڵێیت «پێویست ناکات خەڵکی بزانن چۆن دەژیم و چی دەکەم، هەروەها نامەوێت بزانم خەڵکی چۆن دەژین» ئەو کاتە لە ژیانی تایبەتی خۆتدا ئاسوودە دەبیت.   

وتارەکانی نوسەر