چەكمان بكەن، بەڵام چەكمان پێبدەن..!

09:43 - 2025-04-07
پشكۆ خاڵدانی
85 خوێندراوەتەوە

رووداوەکانی كوشتن و كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە مانگی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان گەیشتنە ئاستێكی بەرزی مەترسیدار.
هەموان دەبێت لە ئاستیدا هەڵوەستە بكەین و بە خۆمان و بوارە جیاجیاكانی دیكەدا بچینەوە.
باش هەیە و باشتر و باشترینیشن هەن، بەڵام كاتی خۆی بڕیاری قەدەغەكردنی چەكی بێ مۆڵەت باشترین بوو، ئەوكات و ئێستاش قسەكە ئەوەیە بە مەرجێك بۆ من و بۆ تۆ وەك یەك وابێت، دادپەروەریی یاسایی هەبێت لە جێبەجێكردنیدا.
زۆر دەمێكە هاوارمانە، نا بۆ هەڵگرتنی چەك، بەڵام تائێستاش هەر چەك هەڵدەگرین، جا چەكی مۆڵەتداربێت یان بێ مۆڵەت، لە هەردوو حاڵەتەكەدا هەردووكیان هەر دەتوانن مرۆڤ بكوژن!.
بەداخەوە تائێستاش هەندێک کەس چەك بۆ وێنەگرتن بەكاردەهێنن و هەندێك كەسیش سێ‌ جۆر چەكی لە پشتی خۆیەوە داناوە و بە شانازییەوە وێنەی لەپاڵدا دەگرێت، هەندێكیش كورتە ڤیدیۆی لەگەڵدا تۆمار دەكات، هەندێك کەس تەنانەت لە پرسەشدا مشتوی دەمانچەكەی دەردەخات، زۆرجار ئەمەمان لە سەرچۆپی بادانیشدا بەرچاو كەوتووە.
هەندێك لە بەرپرس، تەنانەت نا بەرپرسیش دەمانچەیەك لە ژێر پشتوێنەكەیدایە، جا نازانم بۆچییەتی؟ ئەمە لە كاتێكدا كۆمەڵێك پاسەوانیشی بە دەورەوەیە، ئایا لە گیانی خۆی دەترسێت یان لە دەوروبەرەكەی؟!.
زۆرجار لە كاتی دەنگداندا دەمانچە دابەشكراوە، ئێستاش هەندێك كەس لە ماڵەوە چەكی BKC هەیە، جا نازانم بۆچییەتی و كەی بەنیازە بەكاری بهێنێت.!

 

حکومەت با چەكمان بكات، ئەو چەكانەی كە پێویستە لای هاووڵاتیان نەبن و (چەك)ی پارەمان بۆ بكەن بزانین ئەمەیان هیچ لە بارودۆخەكە دەگۆڕێت

 

سەرەڕای ئەوەی كە هەندێک‌ لە دایكان و باوكان جلوبەرگی سەربازی بۆ منداڵەكانیان دەكڕن تەنانەت دەیانكەن بە پلەدار یان هەندێك لە جلوبەرگی منداڵان وێنەی چەكیان لە سەرەو منداڵان دەیپۆشن، خۆ هەر منداڵێكیش ئێستا بۆ خۆی لە (پۆپجی) قارەمانێكە.
لە هەرێم رۆژ لە دوای رۆژ ئاماری كوژراوانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە هەڵكشاندایە، ئەی كەواتە بكوژان لە كوێ حەشاردراون یان خۆیان لە كوێ حەشارداوە؟
ئەمانە و چەندین پرسیار و راستیی تاڵتر هەن كە پێویستە بكرێن، وەڵام گەلێكیش بۆ پرسیارەكان هەبن!.
ئایا ئەو كەسانەی بە رەسمیی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان هەیە، هیچكات لە لایەن لیژنەیەكی تەندروستی یان دەروونی یاخود توێژەری كۆمەڵایەتییەوە بەسەر كراونەتەوە؟
هەر هیچ نەبێت ساڵی جارێك ئەو كارە بكرێت بۆئەوەی بزانن ئەو کەسانەی مۆڵەتیشیان هەیە شیاوی ئەوەن چەك هەڵبگرن یاخود نا؟ لەبەرئەوەی خۆ ئەو کەسانەی پیاوكوژبن ئەگەر چەكیش نەبێت هەر دەتوانن خەڵك بكوژن.
حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار با چەكمان بكەن، ئەو چەكانەی كە پێویستە لای هاووڵاتیان نەبن و (چەك)ی پارەمان بۆ بكەن وەك قەرەبوو، بزانین ئەمەیان هیچ لە بارودۆخەكە دەگۆڕێت؟!.

وتارەکانی نوسەر