گەندەڵکاری سیاسی و نا سیاسی

10:28 - 2022-06-19
هیوا محەمەد
407 خوێندراوەتەوە

دەکرێت دزێک سیاسی بێت، بەڵام ناگونجێت سیاسییەک گەندەڵ کار (فاسد) و (دز) بێت. لە جیهاندا ئەوەی هێزی هەبووبێت بەکاری هێناوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو شوێن و لایەنانەدا کە دەسەڵاتیان لاواز بووە و زەمینی بە پیت و پڕ سامانیان هەبووە، لەدوای داگیرکردنیان و ناچارکردنیان بۆ ملکەچ بوون ئیتر دەستیان کردووە بە چەوسانەوەی خۆیان و دزینی سامانی وڵاتەکەیان، زۆرێکیشیان هەر بە دەستی خۆیان سامانەکانیان دەرهێناوە و بێ ئەوەی بهێڵن خەڵکی وڵاتەکە خۆیان لێی سوودمەند بن رەوانەی وڵاتی ئەسڵی خۆیان کردووە، وەک ئەوەی ئینگلیزەکان لە هیندستان و پاکستان کردیان.
ئەمە لە دێرزەمانەوە هەر وابووە، هەر لە رۆنی سووتاندنەوە تا پیتڕۆڵ و غاز و زێڕ و مس و زیو و لۆکە و هتد.
زلهێزەکانی ئێستاش هەمان پیشەیان هەیە، ئەگەر راستەوخۆش نەیدزن ئەوە دەستی بەسەردا دەگرن و ناهێڵن لە بازاڕەکانی جیهاندا هەبێت تا ئەوەی خۆیان بە گران دەفرۆشرێت یان دەیبەن و چەند ساڵێکی تر دەریدەخەن، کە نرخەکەی گران بوو.
خاوەن هێزەکان بۆ ئەوەی بچنە خاکێکەوە کە پێشتر دەستنیشانیان کردووە، دەبێت هۆکارێک دروست بکەن بۆ چوونە ناوەوە، سیاسەت هۆکاری سەرەکییە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو شوێنە رازی بکەن و بە روویاندا نەوەستنەوە، ئەوا کێشەیەک لەو شوێنەدا دەنێنەوە و لە ژێرەوە خۆیان دەکەن بە دۆست و پشت و پەنای خەڵک، تەفرەقەیان تێدەخەن تا وای لێدێت بەریەک کەوتن روودەدات، ئیتر یان بە ( ناوی راپەڕین) یان کۆدەتا یان داگیرکاریی و دەستوەردان، پێگەی خۆیان دەچەسپێنن  و ئەوەندەی بیانەوێت دەمێننەوە، دوای ئەوەی پلانەکانیان، کە هەمووی بازرگانین دەهێننە دی، ئیتر بە بیانوویەکی تر دەکشێنەوە. 
ئەمانە دزن، بەڵام دزی سیاسی و نێودەوڵەتی،  لەگەڵ ئەو مافیایانە جیاوازییان نییە کە لە رێگەی زۆر و کوشتن و هەڕەشەوە بازرگانی دەکەن بە مادەی هۆشبەرەوە و پێی دەبنە خاوەنی سەروەت.
ئاشکرا بوونی ئەم جۆرە دزانە چەندین ساڵ دوای کردەوەکە دەردەکەوێت، هەندێک جار بکەرەکە یان سەرکردەکە سەربازییەکە خۆی نەماوە ئەوجار باسی دەکەن کە لە داگیرکردنی ئەو وڵاتەدا چەندین ملیۆن دۆلاری بردووە.

ئێمە لە قەیرانی ئابووریداین، نەبوونی شەفافیەت لە دیارنەمانی بڕی زۆری پارە (وەک ئەوەی جار جار باسی دەکەن) دەبێتە هۆی زیاتر قووڵبوونەوەی گەندەڵی و خۆشکردنی زەمینە بۆ دزینی سامانی دەوڵەت

دزە تاکەکان بێ پشت و پەنان، هیچ بیانوویەکی سیاسییان نییە تا بیکەنە زەمینە خۆشکەری دزییەکەیان، بۆ ئەمان یاسا بڕیاردەدات، کەسێک کەم یان زۆر دزی بکات هەر دەگیرێت، چونکە بەیاسا رێکخراوە کە دەستبردن بۆ موڵکی هەرکەسێکی تر دەچێتە قاڵبی دزییەوە، کەسێک لە گوندەکەی خۆیەوە بچێت بۆ گوندێکی دیکە و لەوێ گوێدڕێژێک بدزێت و بیهێنێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، ئەوا دەگیرێت و بە دز ناوزەد دەکرێت، دزین کارێکی شیاو نییە، هێندە بە ناشرین سەیر دەکرێت زۆرجار وەک جنێو بۆ بەرامبەر بەکاردەهێندرێت تا پێی سووک بکرێت.
لە ناو حکومەت و پەرلەمان لە هەر وڵاتێک بێت، لە زۆرێک لە فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا، کۆمپانیاکان، شوێنکارەکانی دیکە حاڵەتی دزین هەیە کە بەشێوە یاساییەکە پێی دەووترێت گەندەڵی، بکەرەکان جیاوازن، هەندێکیان ئاشکرا دەبن، هەندێکیشیان بۆیان دەپۆشرێت.
دەبینین وەزیرێک، بەڕێوەبەرێک، دەردەکرێت و سزا دەدرێت، چونکە گەندەڵی کردووە واتا پارەی دزییەوە، کەچی هەمان وەزیر پاش ماوەیەک لە دیارنەمانی لە شوێنێکی دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە و خۆی نمایش دەکات بێ ئەوەی ئەو دزیکردنە بەسەر خۆی بهێنێ، ئەمە لە کاتێکدا کە سەدان کەسی هەژاری بێ دەرامەت لە هەرشارێک لەسەر دزی لە زینداندایە و زۆریشیان خێزانیان هەیە و بەرەڵابوون بەمەش تاکێکی خراپیان لێدەردێت لە داهاتوودا.
سیاسەت لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئەو سەروەتانەی بە هۆی پۆستەوە دەکەوێتە ژێردەست کەسێک کە لە بنەڕەتدا خۆی دزە بەڵام لەرێگەی سیاسەت و حزبایەتییەوە دەیکات، بەمەش دەتوانێت دزییەکانی پەردەپۆش بکات. رەنگە لە هەندێک وڵاتی سیستماتیک دزینی سامانی دەوڵەت بۆ وەزیرێک یان بەرپرسێکی حکومی ئاسان نەبێت، بەڵام لەمەشیاندا لە رێگەی گرێبەستەکانەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان و سەرمایەداراەکانەوە بە پێدانی پشک دەکرێت، واتا دزییەکی بە یاسا رێکخراو.

ئێمە لە قەیرانی ئابووریداین، نەبوونی شەفافیەت لە دیارنەمانی بڕی زۆری پارە( وەک ئەوەی جار جار باسی دەکەن) دەبێتە هۆی زیاتر قووڵ بوونەوەی گەندەڵی و خۆشکردنی زەمینە بۆ دزینی سامانی دەوڵەت.
باشترین چارەسەر بۆ بەرەو باشتربردنی کۆمەڵگە و تەندروست کردنی، بنبڕکردنی گەندەڵییە، کە هەموان باسی لێوە دەکەن و چارەسەریش نادیارە! 

 

وتارەکانی نوسەر