بەرەو یەکڕیزیی سەرتاسەری!

01:25 - 2025-04-15
كاروان یاروەیس
66 خوێندراوەتەوە

بەهۆی یەکریزییەوە،  کورد لە پەرلەمانی عێراق لەم خولەدا دەستکەوتی یاسایی و پەرلەمانی و دارایی گەورەی بەدەستهێنا، لەوانە (یاسای بودجە و خشتەکانی، یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە، یاسای پشووە رەسمیەکان، هەمواری یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق).

بەپێچەوانەشەوە بەهۆی پەرتەوازەییەوە دەستکەوت و هەلی زۆرمان لەدەستدا.
هەروەها ئەزموونەکانیش سەڵماندی، کە هاوپەیمانێتی سیاسی لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسیە عێراقیەکان لەو پرسانەی پەیوەندی بەبەرژەوەندی گشتی کوردەوە هەیە بەکەڵکمان نەهاتن، ئەوەی بەکەڵکمان دێت هاوپەیمانێتی کوردستانیە.

لێرەوە، رووی قسەم ئەکەمە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، تکایە با ئەزموونی یەکریزی کورد  لە بەغداد بخەینە چوارچێوەیەکی تۆکمەوە، ئەم یەکریزییە ئەنجومەنی پارێزگاکانیش  بگرێتەوە، کوررد لەوێش یەکریزبێت و  برادەرانی پارتیش بگەێنەوە ناو ئەنجومەنی پارێزگا و پشتیوانی پارێزگاری کەرکوک بن، با لانی کەم لەپرسە نەتەوەییەکان یەکریزبین و لەناو هەرێمیش ململانێی سیاسی و دیموکراسی بکەین.

لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەناوچە کوردستانیە بەناهەق دابرێنراوەکان هاوپەیمانێتی کوردستانی دروست بکرێ و بۆئەوەی دەنگ کورد نەفەوتێی هەموو هێزە کوردستانیەکان بەیەک لیست بەشداری بکەن و لەخولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش هاوپەیمانێتی کوردستان دروست بکرێتەوە.

یەکریزی خواستی لەمێژینەی هاوڵاتی کوردستانە، بە فرمێسکی شادی دوێنێ هەڵەبجەییەکانەوە بزانن بۆ یاسای بەپارێزگابوونی شارەکەیان، بەدڵگەرمی جووتیارە کوردەکانی کەرکوکەوە بزانن بۆ یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ، بە هەستیاری دۆخی ناوچەکەو ئەگەری گۆڕانکارییە چاوەروانکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بزانن کە یەکریزی لەهەموو بژاردە و کارتەکانی تر کاریگەرترە.
شانازی دەکەم لەسەر رێگاو رێبازی رابەری هەمیشە زیندوومان مام جەلالم، لە هەمیشە یەکێتی هەڵگری دروشمی یەکریزی کورد بووەو لەم پێناوەشدا بەکردەوە لە زۆر قۆناغی مێژووی و هەلومەرجی سەختدا قوربانی بۆ داوە و دەسپێشخەری بۆ کردوە.

سڵاو لە هەڵەبجەی سەربەرز، ئیتر هەموو رۆژی چواردەی چواری هەموو ساڵیک گەرمیانیەکان و هەڵەبجەییەکان بەیەکەوە یادی خەمە گەورەکان و سەرکەوتنە گەورەکان و چیرۆکی زیندووی گەلێکی خۆراگر دەکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر