خانوویەک پێش دروستکردنی نەخشەی بۆ دەکێشرێت و بەپێی پێویست دادەڕێژرێت و دابەشدەکرێت، ئەوجار بناغەیەکی پتەوی بۆ دادەنرێت و لەدوای تەواو بوونی هەیکەلەکە، دەستدەکرێت بە رێکخستنی دەرەوە و ناوەوەی، رۆژانەش ناوەوە خاوێن دەکرێتەوە و دیکۆری دەگۆڕدرێت و دەڕازێنرێتەوە.
کۆمەڵگەش هەر بەم جۆرەیە، ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە دێرزەمانەوە خۆی لەسەر بناغەی شارستانیی بنیات ناوە، ئیتر ساڵ بەساڵ لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێشکەوتەکانی تەکنۆلۆژیا خۆیان دەگونجێنن و پێی نامۆ نابن، بۆ نموونە کۆمەڵگەی یابانی و کۆمەڵگەی ئێمە، لای ئەوان هەموو ئامێرە پێشکەوتووەکان گەیشتنە دەستی ئێمە، ئەوان خۆیان دروستیان کردووە، واتا پێشینەیەکیان هەبووە و داهێنانیان کردووە، بەڵام ئێمە بە رێنمایی ئەوانەوە بەکارمان هێناوە، کەواتە بە ئێمە نامۆ بووە، بەڵام لای ئەوان داهێنەرەکەین، دیارە ئەمەش لەوەوە دێت کە کۆمەڵگەکەیان پێشکەوتووە.
یاساش هاوشێوەی ئەو ئامێرەیە، کورد دەڵێت: کەسێک بە پیری فێری پڵاوخواردن بێت، کەوچک بۆ لووتی دەبات، ئازادیی رادەربڕین لە وڵاتە پێشکەوتووەکان سەدان یاسا و مەرجی بۆ دانراوە، چەندە فەراهەم کراوە هێندەش بەستراوەتەوە بە یاساوە، واتا هەموو ئازادییەک لە دەرەوەی یاسا رێگە پێدراو نییە، دەبێت ئەوەی وەک ماف سوودی لێوەردەگرێت، بزانێت چۆنی بەکاردێنێت و زیانی نەبێت بۆ تاک و کۆمەڵگەکە خۆی.
خەڵک ئازادە خۆپیشاندان بکات، بەڵام بێ مۆڵەتی پۆلیس بکرێت، لادانە لە یاسا. دەتوانێت بنووسێت ئازادانە، بەڵام بوختان و هێرشی ناڕەوای بێ بەڵگە، تاوانە و دەدرێت بە دادگا، هەڵبژاردنی هەر ئایدیایەک ئازادە و ئازادانە کاری بۆ دەکات، بەڵام نابێت زەبروزەنگ بەکار بێنێت بۆ چەسپاندنی ئایدیاکەی.
ئازادە بچێتە مزگەوت یان کڵێسا و بە شان و باڵی دینەکەیدا هەڵبدات، بەڵام ناتوانێت توندڕەو بێت و لەپێناوی سەپاندنی دینەکەی خۆی ئەوەی تر بسڕێتەوە.
پێش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیکردنی بێ سنوور، بانگەوازی کەسێک یان حزبێک لە رێگەی نامەوە و دواتر لە رێگەی رادیۆوە دەگەیشتە گوێی خەڵک، بەڵام ئێستا بچووکترین هەواڵ لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت دەگاتە گوێی ملیۆنەها کەس لە چرکەیەکدا.
هەندێک هەواڵ بۆ کەسێکی ژیر و پێشکەوتوو، پارێزەری بنەماکانی کۆمەڵگە، خزمەتکاری مرۆڤەکان، وەرگرتنی جیاوازە لەگەڵ کەسێکی نەخوێندەواری دوور لە تێگەیشتنەکانی جیهانی ئەمڕۆ و چۆنێتیی پێشخستنی کۆمەڵگە، ئەوەی یەکەمیان هەوڵ دەدات هەرچی باشەکانی جیهانە لەناو کۆمەڵگەکەی خۆیدا بڵاویبکاتەوە، تا ئەمانیش بەشدار بن لەو رەوتی پێشکەوتنە، ئەوەی دووەمیش چونکە بە باشی لێی تێناگات، دەیکاتە بوختان و دەیان دیوی تری بۆ دەخوێنێتەوە و کە بەکاریشی هێنا، بە لادەرانە بەکاری دێنێت.
تاکی کورد، سەر بە کۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەکانیش نییە، چونکە ئەوانەی پێگەیشتوون، ئەوانەن کە کۆمەڵگەکەیان بنیات ناوە و توانیویانە یاسا بکەنە سەروەر، هەرکات یاسا سەروەر بوو، ئازادیی رادەربڕینیش دەکەوێتە سەر هێڵی راستی خۆی و بێ کێشە پرۆسەکە لە کەشی پێشکەوتندا بەردەوامیی دەبێت.
ئازادیی رادەبڕین لە دابینکردنی و کۆنترۆڵکردنیدا حکومەت بەرپرەسیارە، پێشتریش بە حوکمی ئەوەی حزب حوکمڕانیی دەکات، ئەو لێی بەرپرسیارە لە چۆنێتیی هۆشیارکردنەوە ئەندام و هەوادارەکانی خۆی، لەوەی ئەم ئازادییە لەپێناوی سەرخستنی پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەدا بێت، نە بیری توندوتیژی و بە سووک زانینی یاسا و نەریتەکان بێت و زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت.
دەربڕینی بۆچوونەکان و کارکردن بە ئایدیاکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بێت