بەندە لە چوار وڵات کرێکاریم کردووە، لە تەمەنی 15 ساڵانەوە تا 28 ، لە کوردستان کرێکاری بیناسازی، نانەوایی، کارخانەی کاشی و بلۆک، کارم کردووە، لە سلێمانی و چەند شارێکی دیکەی ئێران، لەو کارانەدا، خاوەنکارم هەبووە و لە گروپدا کارم کردووە.
لە هەریەک لە هۆڵەندا و سوید، کرێکاریم کردووە و تەمەنم لە نێوان 30 بۆ 60 ساڵ بووە، لەو دوانە لە کارخانەی دروستکردنی کارتۆنی خەیار و تەماتە و لە وەرشەی ئەلکترۆنی، لە بواری تەندروستی وەک یارمەتیدەری نەخۆش و پەککەوتە، هەندێک کاری دیکەشم کردووە لەوانە وەک سەرپەرشتیاری کۆمەڵایەتی لە کەمپی پەنابەران و وەرگێڕیی، بەڵام ئەمانەی دوایی نابنە کرێکاریی چونکە کەمتر هێزی بازووی تیادا بەکار هاتووە و زیاتر بەرهەمی قەڵەم و زمان و هزر بوون.
ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوە نییە کە مێـژووی خۆم بناسێنم بەڵکو دەمەوێت باسێک لە دۆخی کارکردن بکەم لەو شوێنە جیاوازانە و مافی کرێکار بخەمەڕوو. ئێمە پێمان وابوو کە یەکێتی سۆڤێتی سەرپەرشتیاریی بلۆکی خۆرهەڵاتیی جاران خۆی لە قەڵای کۆمۆنیستی و داکۆکیکاری چینی پرۆلیتاریادا دەبینییەوە و بەڕاستی کار بە سیستمی سۆشیالیستی و چەسپاندنی کۆمۆنیستی دەکەن، بەڵام وانەبووە و ئەو جیهانە داخراوەی ئەوان، لە ناوەوە بە جۆرێکی تر بووە، راستییەکەی لەرووی بیمەی کار و سەعاتی کار و پێدانی شوێنی نیشتەجێ و زۆر شتی ترەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئاسیا و زۆرێک لە ئەفریقا باشتر بوون، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ئەژنۆی ئەوروپا، لەوانیشدا ئەو چەند وڵاتەی سکەندناڤیا، واتە سوید و دانمارک و فینلاند و نەرویژ، لە دەرەوەی ئەمانیش هۆڵەندا لە پێشەنگدا بووە.
گۆرباچۆڤ سەرسام بوو
گۆرباچۆڤی دوا سەرۆکی سۆڤێت، لە دوامانگەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا سەردانی هۆڵەندای کردبوو، بە هەندێک شوێن و کارگەدا گەڕابوو، وتبووی ئەوەی ئێمە چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین و پێی نەگەیشتووین، لێرە بە سیستماتیک کراوە و کاری پێدەکەن، ئەمە لە کاتێکدا هۆڵەندا سەر بە خۆرئاوا و قەڵای سەرمایەداری بوو، واتا لە نەیارەکانی دەوڵەتەکەی پرۆلیتاریا بوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دۆخی کرێکاران لە وڵاتی قەڵای سۆشیالیستی هێندەی ئەوانەی هۆڵەندا باش نەبووە.
کرێکاران مافەکانیان دابین نەکراوە
بە پێی ئەزموونی کارکردنی خۆم لە 45 ساڵی رابردوودا، دەتوانم بڵێم لە وڵاتی خۆمان هێشتا دۆخی کرێکاران خراپە و لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەشن، بەتایبەتی ئەو کرێکارانەی لە دەرەوەی سەندیکای کرێکارانن و وەک ( موتەفەریقە) کاردەکەن و ناویان و رۆژی کار و هەقی کاریان تۆمار ناکرێت، هەرچەندە ئەوانەش کە تۆمار کراون هەقی بێکاری وەرناگرن، نەک هەر ئەوە، کاری بەردەوام و مافەکانی تری وەک خانەنشینی و نەخۆشی و سنووردارکردنی سەعاتی کار و زۆری تریان نییە، ئەمە جگە لە چەوسانەوە و فەرمان پێکردن و بەستنەوەیان لەژێر هەڕەشەی دەرکردندا.
لە ئەوروپا، کرێکار کە دادەمەزرێت، گرێبەستێکی دەخەنە بەردەم، ئەرک و مافەکانی بەپێی دەستووری وڵات تێدایە و دەیخوێنێتەوە و ئیمزای دەکات، لە ماوەی ئیشکردنیدا دەبێت ناوی خۆی تۆمار بکات لە کۆمپانیایەکی بیمە بەرامبەر بڕە پارەیەکی مانگانە، ( ئەگەر لە رێگەی شوێنی کارەکەوە بۆی نەکەن) ئیتر مانگانە کە ئیش دەکات لە کۆتا رۆژەکانی مانگدا راپۆرتی کاری بۆ دێت و تیایدا سەعاتەکانی کار و باج و پاشەکەوتی پشووی هاوین و رۆژ و سەعاتە لادراوەکانی بۆ پشوو، هەموو دەستنیشان کراوە، مووچەکەشی لە رۆژی دیاریکراودا بێ گۆڕین و دواکەوتن دەخرێتە سەر هەژماری بانکەکەی.
ئەو رۆژانەش کە نەخۆش دەبێت پارەی بۆ حسابە و پەکی ناکەوێت، لەسەر ئیشیش پەکی بکەوێت مافی دەپارێزرێت تا خانەنشینکردنیش، هەر بۆیە کرێکار هەست ناکات جیاوازییەکی ئەوتۆی هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک، مەگەر لە ماندووبوونی جەستەییدا.
کاتی کارکردن
ئێستا لە زۆربەی کارخانە گەورە و شوێنکارەکان چوونە ژوورەوە بۆ کار و هاتنە دەرەوە لە ریگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوەیە، کاتێک کرێکارێک دەست بەکار دەبێت و کۆتایی پێدێنێت، مانگانە چەند دەقە زیاتر کاری کردبێت یان دواکەوتبێت بۆی حساب دەکرێت و بەو پێیە مامەڵەی پارەی بۆ دەکرێت، زیاتری کار کردبێت دەیدەنێ و پێچەوانەش بێت لێی دەبڕن، لەو شوێنانە سەرپەرشتیار و شێف هەیە، بەڵام ئەمرکردن و چەوسانەوە و ئیستیغلال کردن نییە، بەتایبەتی لەسەر کچان و ژنان و هەموو وەک یەکن.
کرێکار بیانووی پێناگیرێت، بەڵکو تا پابەندی مەرجەکانی کارکردن بێت، ئەوا مافەکانی پارێزراوە، ئەگەر نا بە بڕیار و روونکردنەوەی هۆکار دەردەکرێت، لەگەڵیشیدا تا شەش مانگ لە کۆمپانیای بیمەکەیەوە بەشێکی ئەو مووچەیەی لەکاتی کاردا وەریگرتووە تا ٪80 دەیدەنێ، ئەمە وەک هەلێک تا لەو ماوەیەدا کارێکی تر بدۆزێتەوە.
پاراستنی مافی کرێکاران لە ئەوروپا، حکومەتی لە پشتە و لەدەستووردا چەسپاوە، دەبێت لێرەش حکومەت وا بکات، چونکە کرێکار و کەمدەرامەت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردی پێکدێنن، کرێکاری کورد لەناو کۆمپانیا تایبەتەکاندا کار دەکەن و پەرت و بڵاون، ئەگەر چەندین کارخانەی حکومی هەبوایە، ئەوکات دەمانزانی دۆخی کرێکار چەندە خراپە لەم وڵاتە.
نموونەی کرێکارێکی مۆدێرن