(47)
بە روویەکی خۆشەوە پێشوازیی لە هەمووان دەکرد، هەموو پێکەوە مێینە بووین و ئەو خولیایە چەکەری کردبوو کە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاویندا دەردەکەوێت، ئەویش کڕینی قوماشە جوان و رەنگاوڕەنگەکانی جلی کوردی و ناسک و فێنکەکانی هاوینە. سەرەتا کە خۆم کرد بە دوکانەکەدا بۆ خاوەنەکەی گەڕام، وەک هەموو کاتێک بۆ پیاوێک گەڕام بە دەموچاوێکی مڕومۆچ و بێزارەوە وەڵامم بداتەوە یان ئەوەندەم موجامەلە بکات هەست بە ناڕەحەتی بکەم، بەڵام بە دیمەنی ئەو خانمە بچکۆلانەیەی مەترەیەکی گەورەی بەدەستەوە بوو، کە کەمێک لە باڵای خۆی کورتتر بوو، سەرسام بووم و وەک مێینەیەک ئاسوودەییەک دایگرتم، وەک چۆن ئەو دوکانانەی کەرەستەی خانمان دەفرۆشن و خۆیان خانمن دەحەوێمەوە، ئەگەر جلوبەرگ و پێڵاو بن، بێ ترس و سڵەمینەوە بابەتەکان تاقیدەکەمەوە، ئەگەر بابەتی جوانکاریش بن کۆڵێ لەبارەی بەرهەمەکانی پێست و جوانکارییەوە راوبۆچوون دەگۆڕینەوە، بەڵام خانمێک تۆپە قوماشەکان هەڵبگڕێت و بۆت ببڕێت، شتێکی نوێ و جوان بوو. هەموو بە دەمییەوە پێدەکەنین و یارمەتیمان دەدا و لە تەواو بووندا گەلێ دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست، جا گرنگ نییە خۆی خاوەن دوکانەکەیە یان کرێکارێکی ژنە و سەربەرزانە بەو شێوە جوانە کار دەکات.
خاوەنی ئەو دوکانانەی کاڵای ژنان دەفرۆشن، پێیان باشترە ژنێک بخەنە سەر دوکانەکە، چونکە دڵنیان لەوەی لەگەڵ موشتەرییە ژنەکاندا کێشەی گێچەڵپێکردنی سێکسی روونادات
هەمیشە وەک ژنێک بە بینینی کارمەند و کرێکارە ژنەکان ئاسوودە دەبم و سەرسامم پێیان، بەتایبەتی ئەگەر بچمە دوکانێکەوە و ئەو بابەتانە بفرۆشن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژنەوە هەیە، هەست بە ئاسایش و سەلامەتیی دەروونی دەکەم، چونکە چەند مێشکم کراوە بێت ئەگەر ئەوەی لەسەر دوکانەکەیە پیاو بێت ناتوانم بێ سڵەمینەوە پرسیار و مامەڵە لەبارەی کڕینی ئەو بابەتانەوە بکەم، لەبەرئەوەی هەمووشمان نەبین ئەوا زۆربەمان چیرۆکێکمان لەبارەی دوکاندارێکی چاوباشقاڵەوە هەیە و بەداخەوە دووبارە دەبنەوە.
خۆشبەختانە چەند ساڵێکە ژمارەی ئەو دوکانانەی لەنێو بازاڕ و نێوجەرگەی شاردا ژنان و کچان بەڕێوەیان دەبەن زیادیانکردووە و تەنانەت ئەو پیاوانەی خاوەنی ئەو دوکانانەن کە کاڵای ژنان دەفرۆشن، خۆیان پێیان باشترە ژنێک بخەنە سەر دوکانەکە و بەڕێوەی بەرێت، چونکە دڵنیان لەوەی لەگەڵ موشتەرییە ژنەکاندا کێشەی گێچەڵپێکردن و بێزارکردنی سێکسی روونادات، هەروەها لە زۆر رووەوە ژن جددیترە و جێگەی متمانەیە، جگەلەوەی بە بابەتی لاوەکییەوە خۆی سەرقاڵ ناکات و خۆی لە ئیش نادزێتەوە، بۆیە بەبۆنەی ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر جەژنی کرێکاران بوو، با هەموو پاڵپشتی کرێکارە نەرمونیانەکانی بازاڕ بین.