مەترسی رەهاگەرایی لە تێگەیشتنی ئایینیدا

10:17 - 2025-05-07
عوسمان عەبدوڵا
137 خوێندراوەتەوە

بەدرێژایی مێژوو، مرۆڤ  لە هەوڵی گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بووە، بەتایبەت لە بابەتە ئاینییەكاندا. بەڵام ئەم هەوڵە زۆرجار لە شێوەی رەهاگەراییدا خۆی بینیوەتەوە، تێیدا تاك یان گروپێك خۆی بە خاوەنی یەكەم و دوایین تێگەیشتن لە حەقیقەتی ئاین زانیوە. ئەم دیاردەیەش بە چەقبەستوویی»دۆگماتیزم» ناودەبرێت، ئەمەش ریشەی زۆربەی ناكۆكی و ململانێ ئاینییەكان و سەرچاوەی تووندڕەوی و دواكەوتنی گەشەپێدانی هزری ئاینیی بووە. 

لە كۆمەڵگەكاندا بوونی هەیە
رەهاگەرایی ئاینیی دیاردەیەكە لە كۆمەڵگەكاندا بە پلەی جیاواز بوونی هەیە،  لە دەرئەنجامی تێنەگەیشتن لە سروشتی مەعریفەی مرۆیی دروست دەبێت چونکە عەقڵی مرۆڤ سنووردارە و ناتوانێت بەتەواوی لە هەموو لایەنە زانراو و نەزانراوەکانی  گەردوون تێبگات، هەروەها مرۆڤ کاریگەرە بە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، مێژوویی... هتد.، لەبەرئەوە ئەو تێگەیشتنەی كەسێك یان گروپێك خۆی بە خاوەنی حەقیقەتی رەها و دوایین لێكدانەوەی راستی ئاینی دابنێت، یەكێكە لە گەورەترین مەترسییەكانی سەر كۆمەڵگە و خودی ئاین، ئەم بۆچوونە بۆخۆی پێچەوانەی سروشتی مەعریفەی مرۆڤ و ئاینییە، مەعریفەی مرۆڤ مەعریفەی ئاینیی بەردەوام لە گەشەكردن و پێشكەوتندان، هەربۆیە هیچ كەسێك (جگە لە پەیامبەران لە چوارچێوەی وەحیدا) ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە بە تەواوی لە حەقیقەتی رەهای ئاین تێگەیشتووە.
 
مەترسی ئەم جۆرە رەهاگەراییە
لەبەرئەوە مەترسی ئەم جۆرە رەهاگەراییە سەردەكێشێت بۆ شكاندنی پردی دیالۆگ و گفتووگۆی عەقڵانی، چونكە ئەوەی خۆی بە خاوەنی حەقیقەتی رەها دەزانێت پێویستی بە گفتوگۆ نابێت و  پێیوایە ئەوەی ئەو دەیڵێت رایەك و تێگەیشتنێك نییە لەپاڵ دەیان را و تیگەیشتنی دیكەدا، بەڵكو تاكە راستی و دواین حەقیقەتە و دەبێت هەمووان وەك خۆی قبووڵی بكەن. 
لەلایەكی تر مەترسی ئەم جۆرە رەهاگەراییە سەردەكێشێت بۆ بەرتەسككردنەوەی بازنەی ئاینداریی و دوورخستنەوەی بەشێك لە چین و توێژە پرسیاركەر و بیركەرەوەكان لە ئاین، بەهۆی نەبوونی پانتاییەك بۆ پرسیاركردن و تێگەیشتنی قووڵتر لە دەقە ئاینییەكان و هەروەها كەلێنی كۆمەڵایەتی و دابەشبوونی كۆمەڵگا بۆ «ئێمە» (خاوەنی حەقیقەتی رەها) و «ئەوان» (گومڕابووان).

بەربەستێكی گەورە
لە رووی كۆمەڵناسیی ئاینییەوە، ئەم رەهاگەراییە بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم گەشەسەندنی مەعریفەی ئاینی و چارەسەركردنی كێشەكان، كاتێك تێگەیشتنی ئاینیی لە چوارچێوەیەكی نەگۆڕدا قەتیس دەكرێت، ئاین لە گەشەسەندن دەوەستێت و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم لەدەست دەدات.
لەبەرئەوە زۆر گرنگە  مامۆستایانی ئاینی و بانگخوازان جەخت لەسەر ئەو بنەمایە بكەنەوە، كە ئەوەی ئەوان دەیڵێن تەنها رایەك و تێگەیشتنێكە بۆ ئاین و دەقە ئاینییەكان، لەپاڵ دەیان و سەدان را و تێگەیشتنی دیكەدا، نەك لەهەوڵی ئەوەدابن كە را و تێگەیشتنی خۆیان وەك تاكە رێگەی راستی و دواین حەقیقەت بە دینداران بفرۆشنەوە. 

یەكێك لە ئاڵنگارییەکان
لەكۆتاییدا دەگەین بەو ئەنجامەی كە رەهاگەرایی لە تێگەیشتنی ئاینییدا یەكێكە لە ئاڵنگاریی و مەترسییەكانی بەردەم گەشەپێدان و نوێگەری لە هزری ئاینیدا، چونكە دەبێتە هۆی كوشتنی رۆحی پرسیاركردن و ڕەخنەگرتن و داهێنان لە كەسایەتی مرۆڤدا. ئەو كەسانەی كە خۆیان بە خاوەنی حەقیقەتی رەها دەزانن، نەك تەنها دژایەتی فرەیی و تێگەیشتنی جیاواز دەكەن، بەڵكو  دژایەتییەكی گەورەی چەمكی ئیجتیهاد و نوێبوونەوەش دەكەن كە بنەمایەكی سەرەكییە لە هزری ئایندا.

وتارەکانی نوسەر