لێكۆڵینەوە لە سیناریۆكانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا، جگە لە تێگەیشتن لە مێژووی ململانێكانی نێوان توركیا و پەكەكە، هاوكات پێویستی بە تێگەیشتن لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەڵسەنگاندنی بارو دۆخی ناوخۆیی توركیا هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە چارەنووسی ئەم پرۆسەیە لەبەردەم سێ سیناریۆدا خۆی دەبینێتەوە ئەوانیش:-
سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەك تەنها بۆ كورد و تورك، بەڵكو بۆ سەرتاسەری ناوچەكە گرنگە، لەبەرئەوەی دەتوانێت ببێتە نموونەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە نەتەوەییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
یەكەم: سیناریۆی سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی:
كە پشت دەبەستێت بە گرتنەبەری چەند ری و شوێنێكی گرنگ لەوانە:
- گۆڕانكاری لە دەستووری توركیادا و گەرەنتی دەستووریی و یاسایی بۆ پاراستنی مافە سیاسی، كەلتووری و ئیدارییەكانی كورد لە توركیادا.
- دامەزراندنی میكانیزمێك بۆ تێكەڵاوكردنەوەی ئەندامانی پەكەكە لەگەڵ كۆمەڵگادا.
- رێگەدان بە چالاكی سیاسیی كورد بەبێ ترس و دوور لە تووندوتیژی.
- دەركردنی لێبوردنی گشتیی بۆ ئەندامانی پەكەكە.
- دامەزراندنی دەستەیەكی نیشتمانی بۆ چاكسازیی و ئاشتەوایی گشتی.
- پێویستی زۆری رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرخستنی پرۆسەكە و بەكارهێنانی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی وپارتەكەی.
- ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەكەكە لە زیندان.
دووەم: سیناریۆی پرۆسەیەكی درێژخایەن و كێشەدار:
بەپێی ئەم سیناریۆیە هەنگاوەكانی پرۆسەكە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت و بەردەوام دەبێت و رووبەڕووی چەند كیشە وئاڵەنگارییەك دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی:
- دواخستنی گۆڕانكارییە دەستوورییەكان و دەستەبەرنەكردنی گەرەنتی یاسایی بۆ مافەكانی كورد لە توركیا.
- سەرەڕای بڕیاری چەك دانان و خۆهەڵدەوەشاندنەوە لەلایەن پەكەكەوە، بەڵام حكومەتی توركیا خاودەبێتەوە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، یاخود هەندێكیان جێبەجێ ناكات.
- ئازادنەكردنی رێبەری پەكەكە و هێشتنەوەی لە زیندان بە پاساوی جیا جیا.
- هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵی پەكخستنی پرۆسەكە دەدەن.
- هەندێك لایەن لە ناوخۆی توركیا پرۆسەكە وەك «خیانەت» وێنا دەكەن و هەوڵی گۆڕینی رای گشتی دەدەن بە ئاڕاستەی ئاستەنگ دروستكردن.
- باڵی تووندی ناو پەكەكە، ناڕازی دەبن و هەوڵی دروستكردنی پارتێكی نوێ دەدەن.
سێیەم/ سیناریۆی شكستی پرۆسەكە و گەڕانەوە بۆ خەباتی چەكداری:
لە خراپترین سیناریۆدا، پرۆسەكە بە تەواوی شكست دەهێنێت لەبەرئەوەی:
- حكومەتی توركیا گەرەنتی دەستووریی و یاسایی دابین ناكات.
ـ نەبوونی لایەنی سێیەم یاخود لایەنی نێودەوڵەتی (تاكو ئێستا) بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە.
- كەشوهەوای سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی دژ بە پرۆسەكە دەبێت.
- ئەندامانی پەكەكە پاش چەكدانان رووبەڕووی تووندوتیژی و سەركوتكردن دەبنەوە.
ـ بەشێك لە سەركردەو ئەندامانی پەكەكە پابەندی بڕیارەكانی ئۆجالان نابن.
- توندڕەوەكان لە هەردوو لا دەست دەكەنەوە بە تووندوتیژی.
- پەكەكە دووبارە خۆی، یاخود هێزێكی نوێی لێ جیابووە، دەست دەكاتەوە بە خەباتی چەكداری. بەم شێوەیە جارێكی دیكە خەباتی چەكداری دەستپێدەكرێتەوە و پرۆسەكە ناگات بە ئامانج.
لە نێوان سێ سیناریۆكەدا، سیناریۆی دووەم واتە پرۆسەیەكی درێژخایەن و كێشەدار لەم قۆناغەدا ئەگەری روودانی زیاترە، بەهۆی:
- مێژووی درێژی بێمتمانەیی لە نێوان هەردوولادا.
- ئاڵۆزی قەیرانەكە و قووڵی كێشەكان.
- نەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردن و گەرەنتیكردنی پرۆسەكە.
- ناهاوسەنگی هێز لە نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا.
- ئاستەنگی دەستووری و یاسایی بۆ پێدانی مافە كەلتوری و سیاسییەكان بە كورد.
گرنگی سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی
لە كۆتاییدا دەتوانین بڵیین، سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەك تەنها بۆ كورد و تورك، بەڵكو بۆ سەرتاسەری ناوچەكە گرنگە، لەبەرئەوەی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە نموونەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە نەتەوەییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام سەركەوتنی پێویستی بە ئیرادەی سیاسی، متمانەی نێوان لایەنەكان، بەشداریپێكردنی نێودەوڵەتی و گۆڕانكاری دەستووری و یاسایی هەیە. سەرباری هەموو ئاستەنگەكان، ئەو زیانە گیانی و مادییانەی كە هەردوولا (توركیا و پەكەكە) داویانە لە چەند دەیەی رابردوودا، بێگومان پێویستی بە كۆتاییهێنانێكی ئاشتیانە هەیە، چونكە چیتر درێژەدان بە ململانێی چەكداری بژاردەیەكی گونجاو نییە بۆ هیچ لایەكیان.