چالاکیی رێکخراوەیی خوێندکاران، لە رێکخراوەکاندا

10:08 - 2025-05-08
سوعاد مەلا سەعید
155 خوێندراوەتەوە

سوعاد مەلا سەعید*

 

رێکخراوەکانی خوێندکاران یاخود کۆمەڵە و یه‌کێتییەکانی خوێندکاران، دیارترین کایەن کە خوێندکاران تێیدا بۆچوونەکانیان دەردەبڕن و بەشداریی چالاکییە کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسییەکان دەکەن. ئەم رێکخراوانە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی کەسایەتیی خوێندکاران، پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی، رێکخراوەیی، هه‌ست و ده‌روونی خوێندکاراندا. لەم چوارچێوەیەدا باس لە گرنگیی چالاکیی رێکخراوەیی خوێندکاران لە رێکخراوەکانی خوێندکاراندا دەکەین و چۆن بەشداریی دەکات لە پەرەپێدانی تواناکانیان و بەرزکردنەوەی بەشداریی چالاکانەیان لە کۆمەڵگەدا.

گرنگیی چالاکیی رێکخراوەیی
چالاکیی رێکخراوەیی خوێندکاران رێگەیەکی کاریگەرە بۆ پەروەردەکردنی رۆحی هاوکاری و کاری تیم لە نێوان خوێندکاراندا. بە بەشداریکردن لە چالاکییە جیاوازەکاندا، خوێندکاران فێردەبن چۆن لەناو تیمێکدا کاربکەن، چۆن ئەرکەکان دیاری بکەن و ئامانجەکان دابنێن، هەروەها چۆن کاربکه‌ن بۆئەوەی بگه‌ن به ئامانجه‌کانیان و ئامانجی خۆیان بە ده‌ستبهێنن، ئەمەش ئاسانکاریی دەکات بۆ دەستکەوتی هاوبەش. ئەم ئەزموونانە یارمەتییان دەدات بۆ بە دەستهێنانی کارامەیی و لێزانینی رێکخراوەیی، وەک پلاندانان و جێبەجێکردن، دەتوانێت سوودیان لێ ببینێت لە پیشەی ئەکادیمی و پیشەیی خۆیاندا و کاری رۆژانه‌ی له داهاتوودا.
پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی
رێکخراوەکانی خوێندکاران دەرفەت دەدەن بە خوێندکاران بۆ پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی لە رێگەی وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی یان بەشداریکردن لە لیژنە جیاوازەکاندا، کاتێک خوێندکار هەندێک بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ، فێری چۆنیەتی بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت، ئەمەش متمانەی بەخۆی بەرز دەکاتەوە. هەروەها کارکردن لە ژینگەی گروپدا توانای پەیوەندیکردنیان بە شێوەیەکی کاریگەر بەرزدەکاتەوە، ئەمەش یارمەتییان دەدات پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ هاوکارەکانیاندا دروست بکەن. ئه‌م کاره‌ هیچ جیاوازی نییه بۆ کچ یان کوڕ، لەبەرئەوەی هه‌ستی سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسیارێتی له دڵ و ده‌روونییاندا دروست ده‌کات چ کچ بێت یان کوڕ.

بەرزکردنەوەی بەشداری کۆمەڵگە
رێکخراوەکانی خوێندکاران بەشداری دەکەن لە بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی کۆمەڵگە، لە رێگەی رێکخستنی بۆنە و چالاکییەکانەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی. ئەم چالاکییانە دەتوانن هەڵمەتی خۆبەخشانە، وۆرک شۆپ، کۆنفرانس، کۆڕی شیعری و پێشانگەی هونه‌ری لەخۆ بگرن، کە رێگە بە خوێندکاران دەدات کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکەن و فێری پێداویستییەکانی بێت. ئەم بەشداریکردنە هەستی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتییان بەرامبەر بە کۆمەڵگە بەرزدەکاتەوە.

پەرەپێدانی ناسنامەی کەلتووری
رێکخراوەکانی خوێندکاران سەکۆیەکی گرنگن بۆ بەرزکردنەوەی ناسنامەی کەلتووری خوێندکاران. بە سازدانی بۆنە فەرهەنگی و هونەرییەکان، خوێندکاران دەتوانن گوزارشت و باس لە کەلتوور و میراتی خۆیان بکەن، ئەمەش بە پەرەپێدانی لێکتێگەیشتن و رێزگرتنی یەکتر لە نێوان کەلتوورە جیاوازەکاندا. ئەم چالاکییانە دەبنە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی فێرکاریی گشتگیر و هەمەچەشن، پشتگیریی لە گەشەپێدانی کەسی و ئەکادیمی خوێندکاران دەکات.

تەحەددیاتی بەردەم رێکخراوەکانی خوێندکاران
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی چالاکیی رێکخراوەیی، رێکخراوەکانی خوێندکاران رووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبنەوە، وەک نەبوونی بودجە و بە تەنها بەشداریکردنی خوێندکاران لە کار و چالاکییەکاندا. بۆیە زۆر گرنگە زانکۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دابینکردنی سەرچاوەی پێویست و پاڵنانی خوێندکاران بۆ بەشداریکردن پاڵپشتی ئەو رێکخراوانە بکەن و هه‌موو کات پشتیان بگرن و هانده‌رێکی باش بن بۆیان، بۆئەوەی بتوانن په‌ره بە کاری رێکخراوه‌یی خۆیان بده‌ن و زۆرترین خوێندکار و که‌سانی ئه‌کادیمی به‌شداریی لەم رێکخراوانەدا بکه‌ن.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

چالاکییەکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بۆ ژمارەیەک لە گەنجان

وتارەکانی نوسەر