خۆمانە و خێزانیی

تەندروستیی دەروونی ژنان

10:28 - 2025-05-12
رۆزا دڵشاد مەریوانی
130 خوێندراوەتەوە

(48)

راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن، ژنان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ناتەواوییە دەروونییەکان هەیە، بەتایبەتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ناتەواویی دەروونی دوای کارەسات. لە جیهاندا لە نێو پێنج ژندا یەکێکیان لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی ناتەواویی دەروونی دەبێت. ژنان دوو هێندەی پیاوان تووشی خەمۆکی دەبن و زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و حاڵەتی ناتەواویی دەروونی دوای کارەسات (PTSD) دەبن. هەروەها لە جیهاندا 9 کارمەندی تەندروستیی دەروونی بۆ هەر 100 هەزار کەسێک بەردەستە، بەڵام لە عیراق رێژەکە زۆر کەمترە و دوو کەس بۆ هەر 100 هەزار کەسێک هەیە و سێیەکیشیان پسپۆری ئەو بوارە نین.
خەرجییەکانی عیراق بۆ تەندروستیی دەروونی لە سەدا دووی بودجەی کەرتی تەندروستی تێناپەڕێنێت، لە بەرامبەردا لە سەدا پێنجی بودجەی سێ ساڵی رابردووی بۆ تەرخان کراوە، هاوکات لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا تەندروستیی دەروونی کەمترین بایەخی پێدەدرێت، کە گرنگترین مەسەلەیە بە تایبەتی بۆ ئەو ژنانەی لە پەیوەندییەکی توندوتیژ و ژەهراوی رزگارییان دەبێت. 

 

تەندروستیی دەروونی کەمترین بایەخی پێدەدرێت، کە گرنگترین مەسەلەیە بۆ ئەو ژنانەی لە پەیوەندییەکی ژەهراوی رزگاریان دەبێت

 

ژن بە سروشتی خۆی کەسێکە هەست و سۆز بەسەریدا زاڵە، بۆیە زیاتر تووشی کێشە دەروونییەکان دەبێت، بەڵام لە وڵاتە دواکەتووەکانی وەک وڵاتی ئێمەدا دەبینین هێشتا زۆرمان ماوە بۆ بەهەند وەرگرتنی ئەو بابەتە و تێگەیشتن لەوەی کەسێک ئەزموونێکی خراپی لە ژیانیدا تێپەڕاندبێت پێویستی بەو جۆرە چارەسەرەیە، بەتایبەتی بۆ ژنانی ئەمجۆرە وڵاتانە کە هێشتا رێژەی توندوتیژیی تێیاندا بەرزە و ژنان بە چارەکی مافەکانیان گەیشتوون و بە کەمیی پەنا بۆ یاسا دەبەن، بۆ سزادانانی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەر کردوون و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مەسەلەکان ئەگەر بە کارەسات کۆتایی نەیەت بە شێوەی عەشایری، خێزانەکان لەنێو خۆیاندا چارەسەری دەکەن.
راستە لەو حاڵەتانەدا کێشە خێزانییەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەگمەنە بیر لەوە بکرێتەوە ئەی کێ و چۆن چارەسەری دەروونی ئەو ژنە دەکات؟ بۆئەوەی ببێتەوە بە تاکێکی دەروون تەندروست و بتوانێت درێژە بە ژیانی بدات و تێکەڵی کۆمەڵگە بێتەوە یان ئەگەر منداڵی هەیە بتوانێت بە دەروونێکی تەندروستەوە منداڵەکانی پەروەردە بکات.
دواجار ئامارەکان ئەوەمان پیشان دەدەن کە پێویستە وەک رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەکان زیاتر کار لەسەر گرنگی تەندروستیی دەروونی بکەین و کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە، هەروەها پێگەیاندن و زیادکردنی چارەسەرکاران و پزیشکانی دەروونی و بوونیان لە هەموو نەخۆشانەکاندا دەبێت بەشێکی سەرەکی بێت لە پلانی کاری حکومەت، چونکە وەک زانراوە تاکێکی دەروون تەندروست نەوەیەکی تەندروست بەرهەمدێنێت.  

وتارەکانی نوسەر