رۆژانی (22 - 23/ 5 /2025) یەكێتیی ژنانی كوردستان كۆنگرەی خۆی بەست، لە كۆنگرەكەدا و لە رۆژی یەكەمدا ژمارەیەك میوان ئامادەبوون و ژمارەیەک وتاریش خوێندرانەوە، یەكێك لەو وتارانە وتاری (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) خانمی یەكەمی عیراق بوو. لە بەشێكی وتارەكەیدا وتی:« ئەركی سەرشانی ئەم نەوەیە و نەوەی دوای ئەوانە كە هەوڵی بۆ بدەن و بەدییانبهێنن، چونكە تا ئەمڕۆش رۆژانە ژن بە ناوی شەرەفەوە دەكوژرێ و مافی زەوت دەكرێ و لەبەر ژنبوون هەلی یەكسانی بۆ ناڕەخسێ».
ساڵانە ئاماری كوشتنی ژنان جیاوازە
كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە پڕشەرمەزارترین ئەو پرسانەی كە پەیوەستن بە ژیانی تاكەوە، ساڵانە ئاماری كوشتنی ژنان جیاوازە، بەڵام هەیە ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ سەلامەتیی خێزان كە پایەی سەرەكیی كۆمەڵگەیە، لەبەرئەوەی لە هەر خێزانێكدا ژنێك یان كچێك بكوژرێت ئەو خێزانە هەڵدەوەشێتەوە، دەیان منداڵ تووشی كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، كاتێك دایكیان دەكوژرێت. گەر خانەكانی منداڵان نەبن ئەوا ژمارەیەكیان ناچار دەبن لەسەر شەقام بخەون و دەیان دەرهاویشتەی نەرێنی كە لەسەر ئاستی درێژخایەن قوربانیی لێدەكەوێتەوە.
بەهێزكردن و بە تواناكردنی كچانی گەنج یەكێكە لە میكانیزمە گرنگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و مافخواردن، كاتێك تاكەكانی كۆمەڵگە هۆشیاربن كاریگەریی نەریت و گوتارە نەرێنییەكان كەم دەبنەوە
كوشتنی ژنان شەرمەزارییەكە دەبێت كۆتایی پێ بهێندرێت. هەموومان دەزانین زۆر خەسڵەتی خراپی وەك كوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف، زەواجی مسیار - فرەژنی – بە كەم سەیركردنی ژن - رێگریكردن لە خوێندنی كچان و بە شودانیان بە منداڵی، بەهۆی شوێنكەوتەی جوگرافیمان، كاریگەر بوونمانە بە نەریتە خراپەكان، بەڵام هەمووشمان ئەوە دەزانین تاكی كوردی تاكێكی بە شكۆیە، رێگە نادات كۆمەڵگەی كوردی هەڵبوەشێتەوە کە ئامانجی ژمارەیەك هێز و دەوڵەتە.
خەمخۆرانە كار بکەین
كاتێك ژنێك لە پێگەیەكی باڵادا، دان بە راستییەكدا دەنێت و لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەت، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵگەیە كەسانێكی دڵسۆز و خەمخۆری هەن، كەسانێكیش هەن بە سوود وەرگرتن لە پێگەیان بە تایبەت بە رووی وڵاتانی دەرەوەدا نكۆڵی لە كوشتن و پەراوێزخستنی ژنان دەكەن. گرنگ ئەوەیە هەریەك لە پێگەی خۆیەوە خەمخۆرانە كار بۆ كەمكردنەوەی نەریتە نەرێنییەكان بكەین و بتوانین ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانمانە وەك هاووڵاتی بتوانین بەیەكەوە كاربكەین بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی كۆمەڵگە رەسەنەكەمان.
دواجار بەهێزكردن و بە تواناكردنی كچانی گەنج یەكێكە لە میكانیزمە گرنگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و مافخواردن. كاتێك تاكەكانی كۆمەڵگە هۆشیاربن كاریگەریی نەریت و گوتارە نەرێنییەكان كەم دەبنەوە، پێشتریش ئاماژەم پێداوە بەرپرسیارێتی و خزمەتكردنی كۆمەڵگە رەگەز ناناسێت.
بە تواناكردنی كچانی گەنج بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی