کوردستانی نوێ، لەدوای راپەڕینەوە تەنیا دەستپێشخەرنەبووە لەوەی یەکەم رۆژنامەی کوردیی رۆژانە بووە، بەڵکو وەک بەشێک لە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵ مام جەلال، لەو رۆژنامەیەدا نووسەر و قەڵەمی ژن پشکی شێریان بەرکەوتووە، لەم هەرێمەدا رەنگە یەکەم رۆژنامە بووبێت کە سکرتێری نووسین و جێگری سەرنووسەری ژنی هەبووبێت، بێگومان نەک تەنیا وەک کۆتایەک بۆ پڕکردنەوەی باڵانسی جێندەری لەو رۆژنامەیەدا، بەڵکو بەوە ناسراوە هەر لەسەرەتای دەرچوونییەوە تائێستا، باشترین و دیارترین ژنە نووسەر و رۆژنامەنووسە بەتواناکانی لە خۆی کۆکردووەتەوە، جا چ بە کارکردن بێت لەنێو رۆژنامەکەدا، ژنان پەیامنێر و هەواڵساز و لێپرسراوی لاپەڕە و دەستەی نووسەران بوون، چ لە دەرەوەی رۆژنامەکە هەمیشە ژنە بەتواناکانی ئەم پارچەیەی کوردستان و هەندێکجار پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بە وتار و راوبۆچوون و بابەتە رۆژنامەوانییەکانیان، یان بەسەرکردنەوەیان لەڕێی چاوپێکەوتن و دیدارەوە، پانتاییەکی فراوانیان بۆ تەرخان کراوە.
کوردستانی نوێ، نەک تەنیا بۆ من کە دەرچووی بەشی راگەیاندنم و خولیای کاری رۆژنامەنووسییم هەبووە، بەڵکو بۆ زۆرێک لە کچان و ژنان کە توانایەکیان هەبووبێت بۆ نووسین و کاری رۆژنامەنووسی، خوێندنگە و ئەکادیمیایەک بووە، شانبەشانی خوێندنی ئەکادیمیی زانکۆ کاری کردووە و کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووسی ژنی بەتوانای پێگەیاندووە، ئێستا زۆرێک لەو ژن و کچانە لەو بوارەدا قەڵەم و ناوی دیارن.
تا ئەمڕۆش کوردستانی نوێ لەو خەباتەی بەردەوامە و هێشتا توانای ئەوەی هەیە نەک تەنیا ئەکادیمیایەک بێت بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی ژنی نووسەر و رۆژنامەنووس، بەڵکو ماڵێک بێت چ بۆ بەرگریی لە مافی ژنان چ بۆ کۆکردنەوەی راوبۆچوونە جیاوازەکانی ژنان لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە مەسەلەکانی خودی ژنانەوە، یاخود بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتورییەکان و ئەوانی دیکە.
ئەم رۆژنامەیە هەرچەندە لە ساڵی 2001 ەوە لاپەڕەیەکی بۆ ژنان تەرخانکردووە، بەڵام ئازادیی رادەربڕین و تەعبیرکردنی ژنان لە خودی خۆیان، تەنیا لە لاپەڕەی ژناندا بچووک نەکردووەتەوە، بەڵکو وایکردووە ژنان لەم رۆژنامەیەدا هەموو لاپەڕەکان بە موڵکی خۆیان بزانن و دەکرێت قسە لەسەر مەسەلە سیاسییەکانی رۆژیش بکەن، هەروەها باس لە قەیرانی ژینگە و ئەدەب و هونەر و کەلتور بکەن و بێ ترس بنووسن و دەربکەون، هەر ئەوەش وایکردووە زۆرترین قەڵەمی ژنان و کچان، کوردستانی نوێ بە مینبەری راستەقینەی خۆیان بزانن.