مخابن هەرێمی کوردستان لە 33 ساڵی رابردوودا تەنها لە سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە و پرد و رێگەوبان و پلانداناندا پاشەکشەمان نەکردووە کە بەشێکی ئەو سێکتەرانە پاشخان و ژێرخانێکی یاسایی و کارگێڕیی رژێمەکانی پێشووی عیراقی هەبووە، بەڵکو لەو یاسا و رێسا و بڕیارانەشدا کە لە سەردەمی حوکمی خۆماڵیدا دەرکراون، لە هەندێکیاندا پاشەکشەی زۆرمان کردووە.
دوێنێ 33یەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردن بوو بۆ یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر بێین و بەراوردێک لەڕووی تەکنیکی، ئابووری، پێداویستییە بەردەستەکانی ئەو رۆژگارە و میکانیزمەکانی رێگریی لە ساختەکاری و پابەندبوون بە رێوشوێنە یاساییەکان و سەقفە زەمەنییەکانی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و راسپاردن بۆ پێکهێنانی کابینە و پێکهێنانی و کوالێتیی کەسایەتیی پەرلەمانتارەکان، گفتوگۆ و مشتومڕەکانی ناو هۆڵی پەرلەمان و شێوازی دابەشکردنی ئەندامەکان بەسەر لیژنە هەمیشەیی و کاتییەکاندا بکەین، ئەوا دەکرێت بە رەچاوکردنی ئەو دۆخە و ئەو پێدراوانە بەراورد بە ئێستا، بە باشترین خولی پەرلەمانی کوردستان پێناسەی بکەین.
لە 19/5/1992 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، بەبێ بوونی کارتی ئەلەکترۆنیی دەنگدەران، لیستی چاپکراوی ناوی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، کۆمسیۆنێکی یاسایی متمانەپێکراو، جگە لەوەش یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن بوو نەک لە کوردستاندا، بەڵکو لە عیراقیشدا کە کێبڕکێی حزبی تێدابێت لەدوای سەردەمی پاشایەتییەوە، سەرەڕای هەندێک خەوش و ساختەکاریش، بەڵام وەک یەکەم ئەزموون سەرکەوتنێکی گەورە بوو.
4/6/1992 یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و پارتی پۆستی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی وەرگرت و داوا لە کاندیدی یەکێتی کرا کابینەی حکومەت پێکبهێنێت، لە رۆژی 4/7/1992 یەکەم کابینە بە 15 وەزارەت پێکهێنرا و وەزارەتی داد درا بە وەزیرێک لە حزبێک لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی، ئەمەش پەیامێکی تێدابوو وەک رێزگرتن لە سێکتەری یاسا.
ئەگەر ئەو خولە بەراورد بکەین بەوانی دواتر و دواترینیان، دەبینین چەندە پاشەکشەمان کردووە، چونکە خەریکە بەتەواوەتی و دوور لە یاسا بەرکارەکان جار بەجار تەمەنی خولەکانی پەرلەمان و حکومەتی کاربەڕێکەر درێژدەکرێتەوە، تادێت سێکتەرەکانی کەرتی گشتی لە پەروەردە و تەندروستی، پەیوەندیی، کارەبا، خزمەتگوزارییە گشتییەکان پاشەکشە دەکەن لەبەردەم پێشکەوتنی هەمان ئەو سێکتەرانە لە کەرتی تایبەتدا.
دیارە پێشکەوتنی کەرتی تایبەتیش هەر پێشکەوتنە، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر چاودێریی حکومەت و یاساکانی پەرلەماندا بێت، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەزگای چاودێریی دارایی و دادگای کارگێڕیمان نەبوو، بەڵام ئێستا هەموو ئەوانەشمان هەیە!
لەو خولەدا سەرەڕای شەڕی ناوخۆ، پەرلەمان دامەزراوەیەکی هێندە رێزلێگیراو بوو، تا 31ی ئاب دەرگاکەی دانەخرا، بەپێچەوانەی خولەکانی دواتر کە بەبیانووی جیاجیا چەند جارێک دامەزراوەی پەرلەمان پەکیخرا و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمانەکە دەکرا لە دەوامکردن یان بەکارهێنانی رۆڵی یاسایی خۆی.
لەو خولەدا، بەو بێ ئەزموونییە، زۆربەی دامەزراوە و وەزارەتەکان یاسای تایبەتیان بۆ دەرکرا، یان یاسا کۆنەکان هەموارکرانەوە، سەرەڕای نەبوونی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی عیراق و نێودەوڵەتی، بەڵام بە چوار خولی دواتر، هێشتا نەتوانراوە دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە، ئەگەرچی پاڵپشتیی دەستووریی عیراق و پشتیوانیی کۆمەڵی نێودەوڵەتیشی هەیە، ئیدی کاتی بەخۆداچوونەوە و رەخنەگرتنە لە دەسەڵاتداران و سەردەمی بەخۆدا هەڵدان و «خەوتن لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتنەکانی رابردوو» بەسەرچوو.