دەشێت زۆر حاڵەت هەبێت رۆژانە وەک رۆتین بەسەر زۆرینەی خەڵکدا بەگشتی و زۆربەی ئێمەمانانیشدا وەک میدیاکار بەتایبەتی رەت ببێت لەبارەی سوکایەتیکردن بە رەگەزی مێ (ژن - کچ) لەو کایە هەستیارەدا، بۆیە کردنەوەی خول و وۆرکشۆپ و سیمینار لەسەر ئەو بابەتە کە بەم دواییانە رێکخراوی جاسەنە بە هاوکاریی چەند رێکخراوێکی دیکە و ئەکادیمیستانی زانکۆکانی کوردستان رێکیان دەخات، جێگەی دەستخۆشییە.
بەندە وەک میدیاکارێک لەکایەی رۆژنامەنووسیی کاغەزیدا بەگوێرەی ئەزموونی 28 ساڵ کارکردن، درکم بە بەشێک لەو ستەم و سوکایەتییە کردووە کە بەرامبەر بە رەگەزی مێ دەکرێت لە میدیادا، بەڵام کۆبوونەوە و راگۆڕینەوە و خستنەڕووی بەڵگەی وێنەیی و ڤیدیۆیی، بەشێکی دیکە لەو سوکایەتی و بێڕێزییانە بە ژنان و کچان لە رێگەی میدیاوە و گێڕانەوە و خستنەڕووی ئاماژەکانی گێچەڵی سێکسیی شاردراوە و ئاشکرا لەلایەن کچان و ژنانی بەشدار لەو خولانەدا، زیاتر ئاشنای کردم بەو حاڵەتانە، کە بەداخەوە هەندێکیان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبن بە دیاردە.
گرفتەکە تەنها لەوەدا نییە کە ئەو سوکایەتی و بێڕێزیی و گێچەڵە پەیوەست بێت بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو لە هەرێمی کوردستاندا وەک زۆر بابەتی دیکە زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت، چونکە زۆربەی پێوەرە کۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت یاساییەکانیشی تێدا دەبەزێنرێت. ئەمەش لەو سۆنگەیەوە کە دەشێت هەندێکجار ئەرکێکی میدیایی بۆ میدیاکارێکی مێ لە ئەوروپا و بگرە لە میسر و تونس و لوبنانیش گونجاو بێت و بە سانایی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بۆ کۆمەڵگە داخراو و نەریتخوازەکانی وەک کوردستان و عیراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی، گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ میدیاکارە مێینەکان دەسازێنێت و سەرەنجامیش میدیاکارەکە و کەسوکارەکەشی باجەکەی دەدەن، ئەوەش خاڵێکی زۆر نێگەتیڤە و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆئەوەی میدیاکارانی مێینەی بەتوانا و لێهاتوو و کارامە، خۆیان دەخەنە ریزی پشتەوەی کەوالیسی کاری میدیاییەوە و هەندێک میدیاکاری لاواز لە رووی کەسایەتی و زانیاریی و رووناکبیریی گشتییەوە شوێنیان پڕدەکەنەوە بەناوی راگرتنی باڵانسی جێندەری لە دامەزراوە میدیاییەکاندا.
خاڵێک هەیە کە زۆر جێگەی سەرنجە، بەتایبەتی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی ژن و کچەوە بەمەبەستی ریکلام بۆ کەرەستەی ناوماڵ وەک کەوانتەر و ژووری نووستن و کەرەستەکانی وەک جلشۆر و قاپشۆر و جۆرەکانی شامپۆی قاپ شتن، ئەمەش ناڕاستەوخۆ بە بینەر دەڵێت: ئەو کەرەستانە تایبەتن بە ژنان و کچان، چونکە ئەرکی ژن تەنها و تەنها ماڵدارییە، بەڵام لە ریکلامدا بۆ هەندێک بابەتی وەک ئۆتۆمبێل و بیناسازیی و کاری گرنگ پیاو و کوڕ بەکاردەهێنرێت، ئەگەرچی پێدەچێت ئەوە بەشێکی پەیوەست بێت بە کۆمپانیاکانەوە کە ریکلامێکی یەکگرتوو بۆ هەموو کەناڵەکان دەنێرن، بەڵام ئەوە لەلایەکەوە دەبێت کەناڵەکان رێوشوێنێک و پرەنسیپێکی بۆ دیاری بکەن و وەزارەتی رۆشنبیریش رێنمایی ریکلامکردن دەربکات و لەبەرامبەردا سزا بۆ کەناڵەکان و کۆمپانیاکانیش دابنێت.
ماوەیەکیشە دیاردەیەکی قێزەون سەریهەڵداوە، ئەویش بەناوی سەردانی گوندەکانەوە، هەندێک بەرنامە ئامادە دەکرێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا دیدار لەگەڵ کەسانی سادەی گوندنشین دەکرێت، لەلایەک پیاوەکە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ فرە ژنی دەکات و دوو بۆ سێ ژن لەگەڵ خۆیدا دادەنێت و دەڵێت: (ئەوانە هەموویان هاوسەری منن). یان هەندێک ژنی گوندنشینی بەستەزمان کە ئاستی رۆشنبیریی لاوازە و تا ئاستی باسی سەرجێیی دەڕوات، وەک گاڵتەپێکردنێک لەلایەن پێشکەشکاران و ئامادەکارانی بەرنامەکانەوە پەلکێش دەکرێن بۆ قسەکردن لەسەر زۆر بابەتی نەشیاو و بەوەشەوە ناوەستن لە کەناڵەکانیانەوە پەخشی دەکەن (لەکاتێکدا پێویستە ئەوانە سانسۆر بکرێن)، بەڵکو تیمی ئامادەکاری بەرنامەکە دێن لە رێگەی سۆشیال میدیای کەناڵەکان یان پەیج و ئەکاونتی شەخسیی خۆیانەوە ئەو گرتانە دەکەنە بابەتی گاڵتەجاڕیی بێتام، ئەوەش هەم ژنەکە دەکاتە قوربانی و گاڵتەجاڕ، هەم رەچاوی ئەوە ناکەن کە رۆڵە و نەوەی ئەو ژنانە تووشی جۆرێک لە شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی دەبن.
بابەتی دیکە زۆرە، بەو هیوایەی لەسەر ئاستی میدیاکان و پەرلەمان و حکومەتیش سنوورێک بۆ ئەوانە دابنرێت.