بەڵگە و بەڵگە!
دوای چەند رۆژێکی دیکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مۆمی تەمەنی 50 ساڵەی دەکوژینێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە مێژووی ئەم هێزە بە پشت بەستن بە بەڵگەی بەڵگەنەویست بنووسرێتەوە و حیکاتخوانەکان ببن بە سەرچاوەی لاوەکی!
دەمێکە دۆشداماوم، لەنێو هەزاران بەڵگەنامە نازانم لەکوێوە دەست پێبکەم. ئاخر ئەرک و بەرپرسیارێتی تویژەر زۆر هەستیارە. سەرەڕای تاڵانی کتێبخانە و گۆزەگۆزی هەولێر- سلێمانی- ستۆکهۆڵم- هەولێر هێشتا گەنجینەیەکی گەورە لە بەڵگەنامەکانم ماون، کە پەلكێشم دەکەن، کار لەسەر دیوە زانستییەکەی ئەو مێژووە بکەم، کە زۆر کەس چەواشەی کردووە و بەردەوامیشن.
لەم یادەدا لەئەمڕۆوە تا 1/6 بەگوێرەی دەرفەت، دیسان لەسەر چەند بەڵگەنامەیەکی دانسقە دەوەستم، هیوادارم ببن بە سەرچاوەیەکی مێژوویی بۆ توێژەران.
ئەمڕۆ لاپەڕەکانی بڵاوکراوەیەکی زۆر گرنگ هەڵدەدەمەوە، کە دەستپێشخەرییەکانی مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ن بۆ هاوکاریی نێوان هێزە کوردستانییەکان لەپێناوی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی کوردستاندا. ئەم بڵاوکراوەیە، بریتییە لە 17 لاپەڕە، لەسەر قەبارەی فۆڵسکاپ چاپکراوە، بڵاوکراوەیەکی راپۆرتە ئاسایە، مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1977 بە ئیمزای بەشی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە. لەسەر سنگی لاپەڕە 1دا نووسراوە: (بڵاوکراوەیەکی ناوخۆ بۆ رێکخراو و ریزەکانی یەکیەتی دەربارەی گفتوگۆکانی «ی. ن. ک» و «ق. م»).
دامەزراندنی یەکێتیی و سەرکردایەتی کاتی!
راپۆرتەکە بەم پەرەگرافە دەست پێدەکات. وشە و رستەکان دەقاودەق دەنووسمەوە: (ماوەیەکە نوێنەرانی ی. ن. ک لەگەڵ نوێنەرانی ق. م (القیادة المٶقتة) کەوتوونەتە زنجیرەیەک گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو مەسەلانەی پەیوەندیان بە خەباتی گەلەکەمانەوە هەیە. رای گشتیی کورد زۆر بە توندی داوای یەکیەتی ریزەکانی گەلەکەمان و رێگەنەدان بە دووبەرەکی شەڕی براکوژە ئەکات یەکێتیمان حورمەتی رەئی میللەتەکەمان ئەگرێ جا لەبەرئەوەی ئەم گفتوگۆیانە زۆرجار لەناو خەڵکدا بە جۆرێکی پێچەوانەی راستی بڵاوبۆتەوە بۆ رونکردنەوەی راستی بە پێویستمان زانی ئەم راپۆرتەتان پێشکەش بکەین کە سەرگوزشتەی پەیوەندیی هەردوولا ئەگێڕێتەوە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا. هیوادارین هەڤاڵانی یەکێتی چ بەدەم لە شانەکانیدا وە چ بە نوسین بۆ رێکخراو ئۆرگانەکانی یەکێتی رەئی خۆیان دەرببڕن).
لەپەرەگرافێکی دیکەی لاپەڕە 1دا ئاماژە بە جاڕدانی شۆڕشی نوێ دەکات و نووسراوە: (لەم جەوە سیاسیەدا چەند تیکۆشەرێکی شۆرشگێڕی کوردستان، کە لایان وابوو مەسەلەی کورد تەواو نەبووە و نامرێت، کە زەرفی دەولی ناتوانێت سەر بە کورد دابنەوێنێت و قەناعەتی پێ بهێنێ ئیتر کوردایەتی نەکات، کە نەتەوەی کورد لە پیلانی شۆفێنییەکانی بەغدا و کۆنەپەرستەکانی تاران و ئیمپریالیزم بەهێزترە و بزوتنەوەی کوردایەتی لە مەیدانی جەنگی و سیاسی دا مەسەلەکەی نەدۆڕاندوە، چونکە مەسەلەیەکی رەوا و عادلە و هێزەکانیشی لەناونەچوە». پاشان باس لە دەستەی دامەزرێنەر دەکات.
لە 22/5/1975 دەستەی دامەزرێنەر پێک هات و یەکەمین بەیانی ی. ن. ک دەرچوە و مژدەی تێ هەڵچونەوەی خەباتی بە خەڵکی دا و تێکۆشەرانی گەلەکەمانی بانگ کرد کە لەسەر رێوشوێنێکی نوێ خۆیان رێک بخەنەوە و بۆ بەربەرەکانی کردنی (تهجیر و تعریب) و روخاندنی رژێمی رەگەزپەرستی بغداد و بەدیهێنانی دروشمە دێرینەکەی شۆڕشی کوردستان «کوردستانی ئۆتۆنۆم و عیراقی دیمکرات»).
ئەمڕۆ لاپەڕەکانی بڵاوکراوەیەکی زۆر گرنگ هەڵدەدەمەوە، کە دەستپێشخەرییەکانی مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ هاوکاریی نێوان هێزە کوردستانییەکان
پێش ئەو پەرەگرافەی پێشەوە، ئەم زانیارییە هاتووە: (هەر لەبابەت رێبازی نوێی خەبات و ئامانج و فەرمانەکان و شێوەی کارکردنی ی. ن. ک هۆکانی شکانی شۆڕشی کورد و رێوشوێنی هاوکاریی نێوان یەکێتی و ئەوان جگە لەوەی هەڤاڵ جەلال تاڵەبانی نامەی بۆ کاک م. بەرزانی نوسی، هەڤاڵان فوئاد مەعسوم و عادل مرادیش نامەی دور و درێژیان بۆ نوسی بێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی نوسراو یان ئیجابی وەربگرنەوە).
پاشان راپۆرتەکە لەسەر بیروڕای یەکێتیی دەوەستێت و مەسەلە گرنگەکان وردەکاتەوە: (بڕینی هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان. گرتنەبەری سیاسەتێکی نیشتمانپەروەری و پێشکەوتوانە. وازهێنان لە بیری سەپاندنی تاقە پارتییەک بەسەر گەلی کوردا. بەلاوەنانی رەوت و رەفتاری خێڵەکی لە کارکردنی سیاسی دا).
ئینجا ئاماژە بەناوی دەستەیەک لەو پێشمەرگانە دراوە، کە لەگەڵ ئەندازیار؛ ئیبراهیم عەزۆ لە سوریا بەرەو کوردستان بەڕێکەوتوون و سەرکردایەتی کاتی کەمینی بۆیان داناوە و ژمارەیەکی زۆریانی لێ شەهیدکردن.
نامەی مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی
لە لاپەڕە شەش و حەوتی ئەو راپۆرتەدا نامەیەکی مام جەلال دانراوە، کە بۆ مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی نووسیوە. وەک بەڵگەیەک بە پێویستی دەزانم چەند رستەیەک لە نامەکە لێرەدا دابنێم، چونکە دەستپێشخەرییەکی گرنگە بۆ کاریی پێکەوەیی و داخوازییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان. نامەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
(14/8/1976
برایانی بەڕێز کاک ئیدریس و کاک مەسعود
سڵاوێکی گەرم
هیوام وایە ساغوسەلامەت بن
لەم زروفە نالەبارەدا گەلەکەمان پێیدا تێپەڕ ئەبێت زۆر بە پێویستم زانی لەم راستییانەی خوارەوە ئاگادارتان بکەم وە بتان خەمە بەردەم مسئولیەتی مێژویی خۆتان.
دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی گەلەکەمان و هێنانە جۆش و خرۆشی هێزەکانی شۆڕشی کوردستان بوو. لە پاش ماوەیێکی لەچاوخۆیدا کەم توانرا، کە خۆسازدان بۆ دەست کردنەوە بە شەڕی پارتیزانی و بەشێوەی نوێ بگاتە رادەیەک بتوانرێت سەدان پێشمەرگە ئامادەبکرێن لە ووڵاتدا و سەدانیش لە دەرەوە، ئەوانەی دەرەوە زۆرتر بۆ یارمەتی دان و یارمەتی گەیاندن بۆ هەڤاڵانی ناوەوەیە ئەگینا شۆڕش وەک هەموو جۆرە خەباتێکی تر هەر لە ووڵات ئەکرێت).
ئینجا مام جەلال باس لە دوو مەسەلە دەکات، کە لە خزمەتی شۆڕش و کوردایەتی دایە:
(هەموو هێز و تاقم و کوردێک ئەبێ هەڵوێستی خۆی دیار و ئاشکرا بکا بەرامبەر بەم هەوڵەی تاقمێک لە رۆڵە جوامێرە لەخۆبردوەکانی کوردستان ئەیدەن دژی حکومی فاشستی بەغداد و ئەو پلانە ئیمپریالیستەی دژی کوردایەتی گێڕدرا. ئەوانەی یارمەتی ئەم خەباتە تازەیە ئەدەن دڵسۆز و کوردپەروەرن و ئەوانەی دژی ئەوەستن دژی کوردایەتی ئەوەستن، دژی ژیاندنەوەی شۆڕش و بەربەرەکانی (تعریب و تشرید)ی گەلەکەمان و لەناوبردنی کوردایەتی ئەوەستن لەریزی حوکمی بەغداد و پلانە ئیمپریالیستیەکەدا.
هەروەها لەسەرەتاوە بەنامە بۆ کاک مەسعود نوسراوە و چەندین جار بەزار و بەراسپاردەش عەرزتان کراوە ئێمە لایەنگری ریزەکانی گەلی کوردین لەسەر بناغەیەکی: نیشتمانی و پێشکەوتوو دژی ئیمپریالیزم و فاشیست و (صهیونیەتی ئیسرائیلی)و سەنتۆ و هێزە کۆنەپەرستەکانی خۆماڵی، وە زۆر هەوڵیشمان لەگەڵ ئێوە داوە).
مام جەلال روونتر دەنووسێت و داوایان لێدەکات فەرموو شۆڕش بکەنەوە: (رێگەی خەبات و شۆڕش لەکەس نەگیراوە و کەسیش ناتوانێت بیگرێت. ئەگەر ئێوە ئەتانەوێ شۆڕش بکەنەوە خۆ ئەوە دەستی پێ بکەنەوە و ئێمە هیچ رێگەمان لە ئێوە نەگرتوە. ئەگەر تاقمەکەی ئێوە لە تورکیاوە گەرەکیانە شۆڕش بکەنەوە فەرموو با بیکەنەوە و ئێمەش هیچ کۆسپمان بۆ دروست نەکردون تەنانەت ئەمانەی لە سوریاوە گەرەکیانە بچنە لایان ئێمە لە کۆبوونەوەی گشتی داوایان لێ ئەکەین بچن و یارمەتیشیان ئەدەین بڕۆن بۆ لایان وەک یارمەتی بورهانی برای جەوهر نامقمان دا).
پاشان مام جەلال تکا دەکات: (ئەم نامەیە تکایەکی دڵسۆزانەی برایانەیە بۆ بەربەستی کردنی هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژە لەناوماندا بۆ ئەوەیە کە ئەو خیلافەتە سیاسیانەی نێوان هەردوولا بخرێتە قالبی سیاسی و دیعائی خۆی بەشێوەی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن حواری علنی لەبەرچاوی جەماوەری گەلەکەمان بکرێت نەک بەشیوەی بەگژایەکاچونی عەسکەری و یەکترکوشتن و هەوڵدان بۆ ئیغتیال کرنی سەرکردەکانی هەردوولا).
مام جەلال نامەکەی بەم پەرەگرافە کۆتایی دێنێت: (دیسان بانگی ویجدانتان ئەکەم کە دەستکەوتی گەلەکەمان دەستکەوتی شۆڕشی کۆرپە و تازەمان بخەنەسەر هەموو شتێکی تایبەتی فەرموون بۆ یەکێتییەکی نیشتمانی پێشکەوتوو لەنێوان هەموو هێزەکانی کوردستان و عراقدا، فەرموون بۆ هاوکاری یەکی جدی بۆ ژیاندنەوەی شۆڕش و خەبات دژی حوکمی فاشستی بەغدا شان بە شانی هەموو هێزە پێشکەوتوەکانی عیراق، فەرموون بۆ برایەتی نەوەکا بۆ شەڕی براکوژە. بەهیوای وەرامێکی نوسراو لێتانەوە بەخواتان ئەسپێرم).
دیداری مام جەلال و مەسعود بارزانی لە لەندەن
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە لەرێگەی پەیوەندییەکانی عەلی سنجاری (لە راپۆرتەکەدا نووسراوە ئەوسا عەلی سنجاری سەر بە ی. ن. ک بوو) رۆژی (18/10/1976)، لە شاری لەندەن مام جەلال بەنوێنەرایەتی یەکێتیی لەگەڵ مەسعود بارزانی و سامی عەبدولڕەحمان کۆبوەوە و لەکۆتایدا گەیشتنە ئەوەی کە:
- کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی یەکێتی و ئەوان بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو تاوانەی بەرامبەر بە هەندێ پێشمەرگەی کوردستان لە تورکیا کراوە پێک بێت. م. بەرزانی و ق. م وایان پیشان دا، کە سەرکردایەتی ق. م ئاگای لە شتی وا نییە و ئەگەر وابێت وەکو نوێنەری یەکێتی ئەڵێت ئەو تاوانە ئەوان استنکاری ئەکەن لەگەڵ یەکێتی رێ بکەون و یاری نەکەن لێی ئەکۆڵنەوە چونکە بۆ سومعەی خۆیان خراپە).
- ق. م درێژەکێشانی سەرکردایەتی پێشووی پارتی نیە و ئەوان هەموو پەیوەندیەکیان پچڕیوە لەگەڵ ئیران و ئیسرائیل و ئیمپریالیزم، لە گومان لێکراوەکان و سیاسەتێکی نیشتمانیی پێشکەوتووتر ئەگرنەبەر، ئەو لایانەی بە کردەوە دەریان خستوە، کە دوژمنی گەلی کوردن جارێکی تر نابێ بە هیچ جۆرێک پشتیان پێ ببەسترێت.
-کردنی شۆڕشی کوردستان بە شۆڕشێکی عیراقی.
- راوەستانی هێرش بردنەسەر یەکتری بە قسە بە نوسین بە تفەنگ».
پڕۆژەی یەکێتیی و پاشان پڕۆژەی سەرکردایەتی کاتی
هەر لەکۆبوونەوەکەی لەندەن دا، مام جەلال پڕۆژەیەکی نووسراوی بۆ هاوکاری نێوان هێزەکان بە ق. م داوە. پڕۆژەکە بەزمانی عەرەبی نووسراوە و لەژێر ئەم ناونیشانە دایە (مشروع میثاق التعاون الوطني في کردستان العراق)، ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە سێ لاپەڕەیە و پێنج خاڵی سەرەکییە، هەر یەکێک لە خاڵەکان خوردکراوەتەوە. دوای ماوەیەک ق. م (سەرکردایەتی کاتی) پڕۆژەکە دەخوێننەوە. لێی دەکۆڵنەوە و لێی زیاد دەکەن، وەک پڕۆژەی ق. م بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ی دەنێرنەوە. پڕۆژەکەیان لەژێر ئەم ناونیشانە دایە (مشروع میثاق جبهة النضال الوطني الکردستاني).
بیروڕای یەکێتییەکان!
لە لاپەڕە 15ی راپۆرتەکەدا ئینتباعات و بیروڕای یەکێتیی-یەکان سەبارەت بە ق. م نووسراوە: (لێرەدا بەپێویستی ئەزانین دوای ئەو هەموو پەیوەندی و یەکتر بینینە هەندێک انگباعات و بیڕوڕای هەڤاڵانی یەکێتی بگێڕینەوە». بیروڕاکان پوخت دەکەینەوە و ناکرێت دەقاودەق بینانووسینەوە:
- ق. م کە نوێنەری هەندێک چین و تاقمی کۆمەڵی کوردە وەکو هێزێک هەن بەڵام لە ناوەوە تا ئێستا کز و بێهێزن.
- لەو گفتوگۆیانەدا کە کراوە هەڵوێستی ق. م ئیجابی یە و ئارەزوویەکی زۆری هاوکاری و پێکەوە کارکردن پیشان ئەدەن بەڵام بەداخەوە ئەمە تائێستا کردەوەی لەگەڵ نەبووە.
- ق. م هەرچەندە ئەڵێن گوایە ئەوان وەکو حزبێکی مارکسی- لینینی خەبات ئەکەن بەڵام تائێستاش رەوت و رەفتاری خێڵەکیانەی ئیشکردنی سیاسییان بەتەواوی بەرنەداوە.
- زۆربەی ئەوانەی کە ئێستا بەناوی ق. م ئیش ئەکەن خەڵکی لەو بابەتە نین کە پەروەردەی قوتابخانەی فکری پ. د. ک و ئەندامی خاوەن تەجروبە و کۆن بن.
- لەگەڵ دوو خاڵی دیکە.
لاپەڕە 16ی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ دیدارێکی مەلا مستەفا بارزانی، کە چەند رۆژێک دوای شکستی 1975 بۆ رۆژنامەی «رستاخیز» لێدوانی داوە.
لە دوا لاپەڕەی راپۆرتەکەدا، ژیاننامەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ نووسراوە.
دواجار!
بۆ نووسینەوەی مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناکرێت هەزاران بەڵگەنامەی لەم شێوەیە فەرامۆش بکرێن، بەڵام پێویستە ئۆرجیناڵییەتبوونی بەڵگەنامەکانیش بەهەند وەربگیرێن، بۆ راستی و دروستی رووداوەکانیش لە توێژەر دەخوازرێت، بۆ نووسینەوەی هەندێک رووداوی گوماناوی بەڵگەنامەی دیکەش لەبەردەست بێت. بۆ نموونە بۆ هەوڵەکانی هاوکاریی نێوان هێزە کوردستانییەکان، بەتایبەتیش لەدەستپێکی شۆڕشی نوێدا پێویستە بەڵگەنامەی حزبەکانی دیکەش سەیر بکرێن و بەراورد بکرێن.