راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
لە شاری هەولێر، ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی هەن رۆژانە چەندین جۆر گازوایل و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت بەبێ چاودێریی و کوالێتی بەرهەمدەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە.
لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی، تەندروستی ھاووڵاتیان و پێداچوونەوە بەو ھۆکارانەی کە ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەکەن، ساڵی 2010 حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کە ژمارەیان 214 پاڵاوگە بوو.
جارێکی دیکە ساڵی 2018 ئەنجومەنی نەوت و غاز لە هەرێم بڕیاریدا پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و چەند جارێکیش لیژنەی باڵا لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهێندرا. پاڵاوگەکانی سلێمانی و دهۆک داخران، بەڵام لە هەولێر بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە ئیشکردن بەردەوامن.
پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتیی کرێکاران
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، پێشتر 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبوون، 54ـیان بەهۆی پیسکردنی ژینگەوە داخراون و بەشێکیشیان خۆیان کارناکەن، ئێستا نزیکەی 50 پاڵاوگە ماون و لە کاردان.
کارکردنی ئەم پاڵاوگە نایاساییانە سەربەخۆیە، ئەوەش وایکردووە پابەندی یاسا و رێنماییەکانی کار نەبن و ناوە ناوە ببیستین کرێکارەکانیان بەهۆکاری جیاجیا گیانلەدەست دەدەن، کە بەشێکی بۆ دابیننەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکارەکانیان دەگەڕێتەوە.
بەرەبەیانی 16/5/2025، کرێکاری یەکێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان، کە بە رەگەز عەرەب بوو، کەوتە ناو خەزانی سووتەمەنی پاڵاوگەکە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستدا، دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە رووداوەکە، کارمەندان دەگەنە پاڵاوگە نایاساییەکە بۆ دەرهێنانەوەی تەرمی کرێکارەکە، بەڵام دوو کارمەند لە تیمی رزگارکردنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کاتی کارەکەیاندا، دەکەونە ناو هەمان خەزانی سووتەمەنی و ئەوانیش گیانلەدەست دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: رووداوەکە لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری ناحیەی شەمامک روویداوە.
پاڵاوگە نایاساییەکان و پیسبوونی ژینگە
پاڵاوگە نایاساییەکان لە پارێزگای هەولێر دەکەونە سنووری ناحیەی شەمامک سەر بە قەزای گوێر لە رۆژئاوای شارەکە، پاڵاوگەکان نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانەوە و بوونەتە سەرچاوەی پیسکردنی رەگەزەکانی، ئاو و خاکی ناوچەکە و کاریگەرییان هەیە لەسەر پیسبوونی هەوای شاری هەولێر.
دڵشاد حسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پاڵاوگە نایاساییەکان لەگەڵ زۆریی ئۆتۆمبێل و دوکەڵی کارگەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر پیسبوونی هەوای هەولێر.
پاش چەندینجار لە بڕیاری داخستن، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر وەک خۆیان کاردەکەن و لە بەرهەمهێنان بەردەوامن و لایەنە بەرپرسەکان ئاگاداری کارکردنیانن.
پێشتر چەندینجار دەستەی ژینگەی هەرێم بە نووسراوی رەسمی مەترسی ئەو بەرهەمانەیان رونکردووەتەوە کە لە پاڵاوگە نایاساییەکاندا بەرهەم دەهێنرێن، لەسەر تەندروستی مرۆڤ و لیژنەشیان دروستکردووە بۆ چاودێریکردنیان و بە هەموو شێوەیەک داوای داخستنیان دەکەن، بەڵام داواکارییەکەیان جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2020، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەرچووە تیایدا هاتووە: پێویستە هەموو پاڵاوگەکان خۆیان لەگەڵ رێنماییە ژینگەییەکاندا بگونجێنن بۆ ئەوەی زیان بە ژینگە نەگەیەنن، بەڵام پاڵاوگەکان وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نابن بە دانانی فلتەری کوالێتی بەرز و بەرزکردنەوەی لوولەکانیان بۆئەوەی دوکەڵەکەیان زیان بە ژینگە نەگەیەنێت.
کوالێتیی هەوای هەرێم
بەپێی زانیارییەکان هەندێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان دوای کاتی دەوامی رەسمی ئێواران و شەوان کاردەکەن و دانیشتووانی نزیک لە کارگەکان بە تەواوی هەست بە دوکەڵ و بۆنی ناخۆشیان دەکەن.
ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا WHO کە زۆرێک لە وڵاتان ستاندارد و یاساکانی پیسبوونی هەوای وڵاتەکانیان لەسەر پێوانەکانی ئەوان دادەنێن، پێوانەیان بۆ شەش پیسکەرە سەرەکییەکەی هەوا داناوە ئەگەر لەو رێژەیە تێپەڕی ئەوا کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، پیسکەرەکان بریتین لە : گراوند ئۆزۆن، تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و قوڕقوشم.
یەریڤان شاسوار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە كوالێتی هەوا بۆ کوردستانی نوێ وتی: سەرجەم پیسکەرەکان لە هەوای هەرێمی کوردستاندا بەرزن، بۆ نموونە تەنۆلکەی هەڵواسراوی هەوا کە تیرەکەی لە دوو مایکرۆگرام و نیو کەمترە و بە ئاسانی هەڵدەمژرێت و لەگەڵ هەناسەدا دەچێتە ناو سییەکان و لەشی مرۆڤەوە، بەپێی ستاندار دەبێت رۆژانە رێژەکەی لە هەوادا لە 15 مایکرۆ گرام تێنەپەڕێت، بەڵام لە شارەکانی هەرێم دەگاتە 65 مایکرۆ گرام.
لە هەرێم پیسکردنی هەوا سزای هەیە، بەپێی ماددەی 25 لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 8ی ساڵی 2008، هەر کەسێکی سروشتی یان مەعنەوی پابەندە بەوەی نەبێتە هۆی بەرپاکردن یان بڵاوکردنەوەی پیسیی لە هەوادا، خۆ ئەگەر سەرپێچی کرد بەپێی مادەی 42 لە هەمان یاسا سزا دەدرێت بە بەندکردن کە ماوەکەی لە یەک مانگ کەمتر نەبێت یاخود غەرامەکردن کە بڕەکەی لە 150 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان هەردوو سزاکە. هەروەها دوو ئەوەندە کردنی سزاکە لەکاتی دووبارە کردنەوەی سەرپێچییەکەدا.
بڕیارەکانی پاککردنەوەی هەوا
بەهۆی پیسبوونی هەوای شارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوا دەرکرد کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنیی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە، هەروەها دەبێت سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکاندا دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
سەرەڕای ئەو هەموو بڕیارەی حکومەتی هەرێم، بۆ داخستنی پاڵاوگەکان و پابەندبوونیان بە یاسا و رێنماییە ژینگەییەکانەوە، هێشتا بەشێک لە پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەبێ جێبەجێکردنیان لە کارکردن بەردەوامن.