ئیشراقی حەسەن زیرەک

10:34 - 2022-06-26
مەحمود شێرزاد
787 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 26/6/2022  ساڵڕۆژی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکە. حەسەن زیرەک ساڵی 1972 بە نەخۆشییەک کە بەرەنجامی ژەهرخواردنی بوو لەلایەن ساواکەوە، کۆچی دوایی کرد.
دەنگی حەسەن زیرەک لە بۆشاییەکی بێ سنوورەوە دێ، خەڵک بەم حاڵەتە دەڵێن دەنگی ئاسمانی، وەک ئەوەی ئەو دەنگە لە ئاسمانەوە، یانی لە بۆشاییەوە بێ. دەنگێک کە لە بۆشاییەوە بێ، دەنگێکی زوڵاڵ و بێ گرێیە، دەنگێکی ساف و لووس و پاڵاوتەیە، دەنگێکی پاکژ و خاوێنە. ئەم جۆرە دەنگانە بە پێی زانستی یۆگا و عیرفانی گەردوونییەوە لە چەند بنەمایەکەوە سەرچاوە وەردگرن.
 یەکەم: لە لەشی مرۆڤدا هەر لە پاژنەی پێوە تا سەر بڕبڕەی پشت و سەر سینگ و دەورووبەری ناوک و کۆئەندامەکانی سەر و دەموچاو کۆمەڵێک سندوقی بچوک بچوکی دەنگ هەن، ئەگەر ئەم سندوقانەی دەنگ بە هۆی خۆراک و خواردنەوەی خراپ و نەگونجاو بۆ لەش و قورگی کەسەکە، قەڵەوی، نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشت، خراپ دانیشتن و کوڕبوونەوە هیچ کێشەیەکیان بۆ نەیەتە پێشەوە ئەوە کەسەکە دەنگێکی زوڵاڵی دەبێ، ئەگەرنا دەنگی دەنووسێ و دەنگی کز دەبێ.
دووەم: ئەگەر کەسەکە کەسێکی شاد بێ، یانی بارودۆخی جۆراوجۆری  ژیانی رۆژانەی زەفەر بە خولگەی دڵی نەبا، ئەوا کەسەکە دەنگێکی شادی دەبێ، دەنگی ئەو کەسە لە خولگەی چوارەمەوە کە پێی دەگوترێ چاکرای ئاناهاتا یان خولگەی دڵ وزە وەردەگرێ و لەرێگەی دەنگەکەیەوە ئەم وزە خۆشە بڵاو دەکاتەوە. ئەم وزەیە خەفت بەر و شادی هێنە، هەر کەس گوێی لێبگرێ دڵی خۆش دەبێ. لێرەوە دەنگی حەسەن زیرەک یەکێکە لە بەهێزترین دەنگەکان بۆ چارەسەریی نەخۆشییە دەروونییەکان و خەمۆکی لە چوارچێوەی دەنگدەرمانیدا. هەر کەس سەر دڵی قورس بێ و خەفەتبار بێ و خەمۆکی هەبێ رۆژانە ماوە ماوە گوێ لەدەنگی حەسەن زیرەک بگرێ، زۆر بە زوویی هەست بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکا لەم بوارەدا لە خۆیدا.
سێێەم: ئەم کەسانەی دەنگیان زوڵاڵە، چاکرای ڤیشودهیی واتە خولگەی پێنجەمیان کە کەوتۆتە سەر قوڵکی گەردن، هاوسەنگە. ئەم خولگەیە هی قسەکردنە، ئەگەر ئەم خولگەیە رێک بێ کەسەکە بە باشی دەتوانێ قسە بکا یان گۆرانی بڵێت. حەسەن زیرەک هەر دوو چاکرای دڵ و قورگی بە خەبەر و هاوسەنگن، جگە لەوە توانیوێتی هەموو سندوقەکانی دەنگی بەکار بێنێ و بە ئاسانی دەنگ لە بۆشایی وەربگرێ، بە تایبەت کە کەسێکی رەقەڵە و بارودۆخیشی وابووە رەنگە کەمجار تووشی زۆرخۆریی بووبێ، لەم بوارەدا زۆر یارمەتیدەریی بووە.
چوارەم: جگە لە دەنگی، لێزانی لە گوتن و بۆهاتنی، حاڵێکی سۆفیانەیە، یانی کەسەکە دەبێ وەسڵ بێ بە سەرچاوەی گەردوونی ئەو بوارەدا کە تێیدا چالاکە جا ئینجا ئەم تایبەتمەندییەی دەبێ. حەسەن زیرەک بۆ من و لەهەقیقەتیشدا هەر وایە، عارف و یۆگییەکی تەواوە، بەڵام عیرفان و کەرامات و تواناکانی لە دەنگ و شێوازی گوتن و بۆ هاتن و ئەو کاریگەرییەی لەسەر دڵ و هەستی بیسەر دایدەنێ دەردەکەوێ، هەر کەسەوە لەبوارێکدا ئیشراق دەکا و رووناکدەبێتەوە، یانی ئیشراقەکەی لە بوارێکدا دەردەکەوێ، ئیشراقی حەسەن زیرەکیش لەم بوارەدا دەرکەوتووە.

وتارەکانی نوسەر