شۆڕشی ئەیلول لە مێژووی کورد و کوردستاندا شۆڕشێکی مەزن بوو، خاوەنی سەدان هەزار پێشمەرگە و چەك و تەقەمەنییەکی زۆر بوو، ناوچەیەکی فراوانی زۆری لە خاکی کوردستان ئازاد کردبوو، لەڕووی داراییەوە پارەیەکی زەبەلاحی لەبەردەستدا بوو، بەڵام دواتر لە ئەنجامی پیلانێکی ناوچەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەپێی رێککەوتنی شای ئێران و سەدام بە نێوەندگیریی هەواری بۆمیدیەنی سەرۆکی ئەوکاتەی جەزائیر، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش عیراق دەستی لە نیوەی شەتولعەرەب و جزیرەی مەجنون هەڵگرت بۆ ئێران بەرامبەر دەستبەرداربوونی ئێران لە کورد و شۆڕشەکەی.
دوابەدوای رێککەوتننامەکەی جەزائیر ئیدی شۆڕشی ئەیلول دوچاری هەرەسێکی گەورە بوو، بەمەش گەورەترین کارەسات و شکست رووی لە گەلەکەمان کرد.
لە دوای هەرەس، ئیدی رژێمی پێشووی عیراق کەوتە جموجۆڵ لەڕووی سیاسی و سەربازیی و وێرانکردنی کوردستانەوە و سەرەنجام جگەلەوەی زۆربەی چەکەکانی شۆڕش رادەستی رژێم کرانەوە، نائومێدییەکی زۆر رووی کردە خەڵکی کوردستان.
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو دۆخە تەنها چەند مانگێکی کەمی خایاند، هەر لەدوای هەرەس، بە هەوڵی مام جەلال و چەند هەڤاڵێکی، کەوتنە مشوورخواردن و ماندوونەناسانە دەستیان لە زۆربەی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان هەڵگرت و لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا توانیان لەبەیاننامەی حوزەیرانی 1975دا جاڕی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن، ئەمەش تروسکەی هیوا و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش، سەرنجی زۆربەی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا.
هەڤاڵ مام جەلال و رێبوارانی دیکەی رێبازی کوردایەتی تەنها بە دەرکردنی بەیاننامەکە لێنەگەڕان، بەڵکو هەریەکەیان لەلای خۆیانەوە کەوتنە کۆکردنەوەی خەمخۆرانی دۆزی کورد لە هەموو بیر و ئاراستە نیشتمانییە جیاجیاکان و تەنها دوای ساڵێك بەسەر دامەزراندنی ی.ن.ك-دا توانییان لە1/6/1976دا مژدەی لەدایكبوونی شۆڕشی نوێ بدەن بە گوێی خەڵکی کوردستاندا.
لەدوای جاڕدانی شۆڕشی نوێ-ش جگە لەو مەفرەزە سەرەتاییانەی لەناوخۆی کوردستاندا روویان لە شاخ کرد وەک پارتیزان، لە شامیشەوە مەفرەزی مەشقپێکراو و موتوربەکراو بە بیری هاوچەرخی کوردایەتی، بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش جووڵەیان پێکرا بەرەو ناوەوەی وڵات.
ئەوە جگە لەوەی لە ناوچەکانی تری وەك هەڵەبجە، شارەزوور، گەرمیان، کەرکوك، دۆڵی جافایەتی، باڵەکایەتی، دەشتی هەولێر، کۆیە و رواندز و شوێنەکانی تر، پێشمەرگە دەستیکرد بە چالاکیی پێشمەرگەیی و وەشاندنی گورز لە دوژمن.
پێویستە رۆڵی شەهیدەکان بە سەرکردە و فەرماندە و کادر و پێشمەرگەوە نادیدە نەگرین لە گەشەپێدانی شۆڕش و بوژاندنەوەی گیانی کوردایەتی.