کـــــــــــــــــاری خـــــــۆبـەخــــــــش

10:05 - 2025-06-15
کەمال سەرگەڵویی
64 خوێندراوەتەوە

خۆبەخشی، بەو خەڵکانە دەوترێت کاری خۆبەخش دەکەن و هاوکاری و هەرەوەزی دەکەن و فریای خەڵکانی تر دەکەون، ئێستا ئەو کاری خۆبەخشە فراوانتر بووە وەک لە جاران و ئەو خەڵکە خۆبەخشانەی، کە لە کاری جۆراوجۆری مرۆیی و لەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکەن، لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان، فریای خەڵکانی لێقەوماو دەکەون لەکاتی روودانی کارەساتی سروشتی یان لەکاتی بەرپابوونی شەڕ و تەنگەژە جیهانی و ناوخۆییەکاندا. ژمارەی رێکخراو و خەڵکانی خۆبەخش لەزیادبووندایە، بۆ نموونە لە ئێستادا لە ئەوروپادا مەزەندە دەکرێت کە ژمارەی خەڵکی خۆبەخش لە (100) ملیۆن کەس تێپەڕی کردووە و هەربۆیەش یەکێتیی ئەوروپا ساڵی (2011)یان ناونا (ساڵی ئەوروپی بۆ کاری خۆبەخش)، ئەم کارە خۆبەخشانە لە جیهاندا پێیاندەوترێت (کاری خۆبەخش کۆمەڵایەتی).

بوارەکانی کاری خۆبەخش 
ئەو بوارانەی کەسی (خۆبەخش) کاری تێدا دەکات بەپێی شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسەیە لەو بوارەی کە کەسی خۆبەخش ئەزموونی تێدا هەیە یان ئارەزوومەندی خۆبەخشەکە لە یەکێک لە بوارەکانی خۆبەخشی دا. ئەو بوارانەش کە کەسی (خۆبەخش) کاری تێدا دەکەن، لەوانە: کاری خۆبەخش کە کۆمەڵگە و دامەزراوە (مەسیحی)ەکان وەکو (Caritas، Diakonie، کەنیسەکان) هەڵبژاردنە گشتیەکان، سەرژمێری، ئەندام لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان، ئەندام لە هاوکاری و پشتیوانی گەنجان، ئەندام لە کاروباری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەر بە ژنان، ئەندام لەسەر دامەزراوەکانی ئاگرکوژانەوەو (الدفاع المدني)، ئەندام لە رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، ئەندام لە رێکخراوە جیهانییەکان بۆ هاوکاری و لێقەوماوانی وڵاتانی کارەساتباری سروشتی و شەڕی ناوخۆیی و زۆر بواری تر.

 

کاری خۆبەخش لە کوردستاندا مێژوویەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام لە دێرزەمانەوە بە شێوەیەکی جیاواز هەبووە ئەویش وەکو هەرەوەزی کە خەڵکی لە گوند و شارەکاندا، وەکو خۆبەخش بەشداری ئەم کارەیان کردووە و یارمەتی  یەکتریان داوە

 

کورتە مێژوویەکی کاری خۆبەخش
مێژووی کاری خۆبەخش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (500 پێش زایین) هەروەک ئەم مێژووە لە(ئەنتیکەخانەی یۆنان)دا هەڵگیراوە و باسی لێوەدەکرێت و لەوانەیە بڵێم رێژەی بەشداربووانی کاری خۆبەخش لەو سەردەمەدا زیاتر بووە وەک لە ئێستا. چونکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەوە بەتایبەتی لە یۆنانی کۆن دا، هاووڵاتیان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو هاووڵاتیەی کاری خۆبەخش نەکات، ئەو کەسە بە (هاووڵاتییەکی خراپ) ناوزەند کراوە کە ئەمەش لەو ئەنتیکەخانە کۆنەدا، بە درێژایی باسی کراوە بەو شێوەیە ناوبراوە. هەڵبەتە هەر لەوکاتەوە ئەو کەسانەی کە کاری خۆبەخشان کردووە پێیانوتوون (کاری شەرەف یان ئەندامی شەرەفیان هەبووە لەو کارە خۆبەخشەدا). 
دواتر رۆمانەکانیش زۆر گرنگیان بە کاری خۆبەخش داوەو زۆربەی هاووڵاتیانی ئیتاڵیا، دانیشتووانی شار و گوندەکان، بەشداربوون لە کاری خۆبەخش، بەمەش لێپرسراویەتی ئەخلاقی و دینیان کەوتۆتە ئەستۆ و بۆ ئەم مەبەستە چاویان لە یۆنانییەکان کردووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، بە پلەی یەکەم کاری خۆبەخش لە یۆنان سەری هەڵداوەو دواتر وڵاتانی تری گرتۆتەوە . 
مەسەلەی خۆبەخشی لە سەدەکانی هەژدەهەم دا، لە هەندێک وڵاتدا بە تەواوی چەسپا و  دەوڵەت هەستا بە دەزگاکردنی کاری خۆبەخش بۆ یارمەتیدانی هەژاران و نەداران و کردی بە سیستەمێکی ئیداری، هەر بۆ نموونە لە ساڵی (1788ی زایینیدا) لە شاری (هامبۆرگ – Hamburg)ی ئەڵمانیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە (60) ناوچەی ئەو شارە کرا بەناوچەی کۆمەکی هەژاران و سیستەمی خۆبەخشی تێدا دامەزرا، کە (سیستەمی هەژاران ناونرا – Hamburger Armen System) 
شاراوە نییە کە (کاری خۆبەخش) لە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بە گشتی، گرنگی زۆری پێدراوە، لە ساڵی (1957)ی زایینی (ئەکادیمیای ئیڤازگیلی بادبۆل لە ئەڵمانیا – Evangelische Akademie Bad BoLL)ی هەستا بە دانانی وانەیەکی (کاری خۆبەخش) لە وانەی (Ethik – ئێتیک) و لەوێدا خوێندکاران فێری کاری خۆبەخش دەکران، هەربۆیە لە ئەڵمانیا تائێستاش لە (3) کەسدا، یەکێکیان ئامادەیی تێدایە بۆ کاری خۆبەخش. 

کاری خۆبەخش لە کوردستان 
هەڵبەتە کاری خۆبەخش لە کوردستاندا مێژوویەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام لە دێرزەمانەوە بە شێوەیەکی جیاواز هەبووە ئەویش وەکو هەرەوەزی کە خەڵکی وەکو خۆبەخش بەشداری ئەم کارەیان کردووەو لە گوند و شارەکاندا، یارمەتی  یەکتریان داوە. بەتایبەتی لە دێهاتەکاندا وەکو دیاردە هەبووە و بە کۆمەڵ هاوکاری و یارمەتی یەکتریان داوە لە بواری کشتوکاڵی و دروستکردنی خانوو و چنینەوە و رنینەوەی بەرووبومی میوە و دروێنە و بژارکردن و زۆر کاری تر، کە بەبێ بەرامبەر ئەنجامیان داوە و تاکو ئێستاش ئەم هەرەوەزیە لە هەندێک شوێندا ماوە. 
دەتوانین بڵێین لە حاڵی حازردا، شێوازی کاری خۆبەخش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەروەک دەبینین ئەو کارە لەئێستادا بەشێوەی رێکخراو (رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) بەم کارە هەڵدەستن و هەر رێکخراوە لە بوارێکدا دەست بە کارە و ساڵانە ئەم رێکخراوانە بودجەیەکی دیاریکراویان هەیە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان بڕاوەتەوە. دەمەوێت ئاماژە بەوەش بددەم کە (کاری خۆبەخش) وەکو بارسوکی وایە بۆ سەرشانی حکومەت، خۆزگە ژمارەی ئەو رێکخراوانە زیاتر دەبوون بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان بەتایبەتی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، چونکە کۆمەڵگەی کوردەواری بە درێژایی سەدەکانی رابردوو، لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ناوچەکەوە، نەهامەتی زۆری چەشتووە، کە ئەمەش هەڵدەگرێت کە (کاری خۆبەخش لە کوردستان)دا بەرفراوانتر بکرێت هەروەک چۆن ئێستا لە بواری تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا، دەیان کادری خۆبەخشی تەندروستی دەبینرێت لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتیدا 
کار دەکەن.

وتارەکانی نوسەر