رۆژی 19/5/2025 لە واشنتۆن گەورەترین رێككەتنامە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی بواری وزە، ئەوانیش (HKN Energy) و (western ZAGROS) لە ژووری بازرگانی ئەمریكی ئیمزا كرا، هەروەكو راگەیەنراوە رێككەتننامەكە بایی 110 ملیار دۆلارە و گرنگییەكی باڵای هەیە لە بواری وزەدا.
ئەم رێككەوتننامەیە هەرچەندە لە چوارچێوەی رێككەوتننامە كۆنەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای تردا بووە، بەڵام ئێستا جێگۆڕكێ بە كۆمپانیاكان كراوە و دوو كۆمپانیای نوێ چوونەتە شوێنەكەیان لە رێككەوتنە تازەكەدا، لە كاتێكدا هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێم لە ناكۆكی و ململانێی یاسایی و دەستووریدان لە سەر پرسی چۆنێتی بەڕێوەبردنی دۆسێی نەوت و گاز و سامانی سروشتی، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان دەخوازێت خۆی سەرپەرشتی دەرهێنانی نەوت و گازەكەی بكات، بەڵام حكومەتی فیدراڵی پێی وایە كە سامانی سروشتی و نەوت و گاز سامانی فیدراڵین و دەبێت وەزارەتی نەوتی ناوەند سەرپەرشتی بكات.
یاسای نەوت و گاز تا ئێستاش دەرنەچووە
بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی 2022دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری ناسێنراوە، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم پاڵپشت بە دەستوور و مادەی 112 ئاماژە بەوە دراوە كە نەوت و گاز و سامانی سروشتی تەنها دەستەڵاتی دیاریكراوی حكومەتی ناوەندی نییە، بەڵكو دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمەكان بەڕێوە ببرێت، هەرچەندە ماددەی 111 ئەوەی یەكلایی كردۆتەوە كە نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلی عیراقە و دەبێت بە یاسا رێك بخرێت، كێشە گەورەكە لێرەدایە دوای بیست ساڵ لە نووسینی دەستووری 2005 هێشتا یاسای نەوت و گاز دەرنەكراوە هەرچەند بڕیاریش بوو لە شەش مانگی یەكەمی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەربكرێت، بەڵام وا خەریكە خولەكەش تەواو دەبێت و بە داخەوە ئەو یاسا گرنگە كە سەرچاوەی زۆرێك لە كێشە و قەیرانەكانی هەرێم و ناوەندە دەرنەكرا .
لێكەوتە یاسایی و ئابوورییەكانی
دوور لە كێشە سیاسی و یاسایی و دەستوورییەكان ئەم رێككەوتنانە سوودی زۆرە بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی پێویست و پێشكەوتنی جموجۆڵی ئابووری ناوخۆ، لە هەمان كاتیشدا بابەتەكە دوور نییە لە مەترسی و كێشە، چونكە بە بێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی ئەو كۆمپانیایانە رەنگە بكەونە بەر لێپرسینەوەی یاسایی، ئەوەش لە كاتێكدایە كە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی لە ساڵی 2023وە بە هۆی ئەو ناكۆكیانەوە وەستێنراوە.
جیاوازییە سیاسییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكان
لە كۆتاییدا چارەسەركردنی ئەم كێشانە پێویستی بە دیدی هاوبەش و لێكتێگەیشتنی ئابووری گشتگیرە، كە جیاوازییە سیاسییەكان بخاتە لاوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵات رەچاو بكات، لەلایەكی تریشەوە بەردەوامیی ناكۆكییەكانی هەرێم و ناوەند كۆسپی گەورەی بەردەم وەبەرهێنانە لە عیراق و پێگەكەشی لاواز دەكات وەكو وڵاتێكی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز، هەروەها مۆركردنی ئەم رێككەوتنانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان خواستێكی ئابووری رەوایە بۆ دابینكردنی گاز بۆ پێداویستی ناوخۆ و دابینكردنی كارەبا بە پلەی یەكەم و دواتر هەناردەكردنیشی، بەڵام ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی نێوان هەرێم و ناوەند دەكرێت و پێویستی بە دەركردنی یاسای نەوت و گازە بە زووترین كات.
پرۆژەیەكی كۆمپانیای HKN Energy لە كوردستان