لە 13ی حوزیرانی 2025ەوە ململانێی ئێران و ئیسرائیل، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بردۆتە قۆناغێكی نوێی ئاڵۆزییەوە، سەرچاوە سەربازییەكانیش دەڵێن ئەمە ئاڵۆزترین دۆخە لە ناوچەكە دوای شەڕی تشرینی 1973، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ كۆمەڵێك سیناریۆ، كاریگەری و لێكەوتەكانیشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی تر وڵاتانی عەرەبی.
1.شەڕی مووشەكی و درۆنی نێوان ئێران و ئیسرائیل، مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی وشكانی و بەرەیی هەردوو وڵاتی لێدەكرێت، هەرچەندە دراوسێی یەكتر نین، لە ئاستی نێودەوڵەتیش بەربەست زۆرە لەبەردەم ئەو جۆرە جەنگە.
2.شەڕی بەوەكالەت، ئەمە ئێستا سیناریۆیەكی تا رادەیەك لاواز بووە، دوای گۆڕانكارییەكانی غەززەو و لوبنان و سوریا، ماوەتەوە سەر حوسییەكانی یەمەن و گروپە چەكدارەكانی عیراق، نازانرێت تاچەند ئەوان دەتوانن كاریگەرییان هەبێت.
3.سڕكردنی هەڵكشان لە رێگەی ناوبژیوانیەوە، ئەگەر هەردوو وڵات هەست بكەن جەنگەكە بەرەو فراوانبوون دەچێت و وڵاتانی ناوچەكە دەگرێتەوە، رەنگە گوێ بۆ رۆڵی ناوبژیوانی قەتەر و عوممان و سویسرا بگرن.
4.كاریگەریی جەنگەكە لەسەر وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی عەرەب، چ بە پەككەوتنی كەشتیوانی و دەریاوانی لە تەنگەی هورمز و بابولمەندەب، كە شادەماری زیندووی هەناردەی نەوت و بازرگانی جیهانی و وڵاتانی عەرەبی و سعودیە و ئیمارات و كوێتە. لەلایەكی ترەوە دوور نییە شەپۆلێكی تری كۆچ و ئاوارەبوونی خەڵك لە سوریا و لوبنان دروست ببێت، ئەگەر حزبوڵڵا بەرەیەك بكاتەوە لە لوبنان و ئیسرائیل پەلاماری سوریا بدات.
5.كۆمەڵگای نێودەوڵەتی: ئەمریكا، هەرچەندە رایگەیاندووە، بەشداری لەم جەنگە ناكات، بەڵام هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسرائیلە، بە دوور نازانرێت لەهەر كات و ساتێكدا ببێتە لایەنێكی جەنگەكە، ئەگەر بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانەكانی بەر پەلامار بكەون. روسیا، هەڵوێستی مۆسكۆ جۆرێك لە وریایی پێوە دیارە و ناخوازێت پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ ئێران لە دەست بدات و پێشی خۆشە پێگەی ئیسرائیل و ئەمریكا و خۆرئاواییەكانی تر لاواز بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوان خوازیاری ئەوەن بەر بە هەڵكشان و تەشەسەندنی جەنگەكە بگیرێت و زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنیەكان نەگات، دۆخێكیش نەخوڵقێت كە لێشاوێكی تری كۆچبەران روو لە ئەوروپا بكەن و نرخی وزە زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەوەی دوای 13 حوزەیران روویدا تەنها هەڵكشانێكی سەربازیی كلاسیكی نەبوو، بەڵكو ململانێی چل و شەش ساڵەی تاران و تەلئەبیبە و ململانێی نێوانیانی بردە قۆناغێكی تازەوە، كە هەموو ئەگەر و سیناریۆكان كراوە و لە ئارادان، هەر لە جەنگێكی دیاریكراوەوە تا دروستبوونی جەنگێكی ئیقلیمی گەورەتر.