دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ك)

09:57 - 2025-05-27
د.خدر مەعسوم هەورامی
159 خوێندراوەتەوە

پاش نەکسەی شۆڕش مام جەلال و دکتۆر فوئاد مەعسوم کە ھەردووکیان پێکەوە (لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی عەرەبی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە دەرەوە کاریان دەکرد، بڕیاریاندا بە دروستکردنی رێکخراوێکی نۆی و دەستپێکردنەوەی شۆڕش، بەهاتنی عادل موراد (سەرۆکی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) و عەبدولڕەزاق میرزا (ئەندامی سکرتاریەتی لاوان) ئەمانیش ئامادەییان نیشاندا بۆ دروستکردنی ئەم رێکخراوە.
 لە نێوان ئەو چوار ئەندامەی شامدا چەندین کۆبوونەوە کرا لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو رێکخراوە. لەنێوانیاندا 
مام جەلال ناوی (الاتحاد الوطني الکردستاني)ی بۆ ئەم رێکخراوە نوێیە پێشنیار کرد پێش 22/5/1975  رەزامەندیی لەسەر ئەو ناوە درا.

 

 

پاش دامەزراندنی یەکێتی، مام جەلال چووە بەرلین و لە 27/5/1975 لەگەڵ بەشێک لە کادیرانی ئەوروپا کۆبۆوە و پێشنیاری د.کەمال فوئاد، نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموسی کرد بۆ هاتنیان بۆ ناو یەکێتی

 

ناوی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)
مام جەلال رەشنووسی بەیاننامەی یەکەمی نووسی پێش 20/5/1975و دایە دەست دکتۆر فوئاد بە عەرەبییەکەیدا چۆوە و دایڕشتەوە و هەندێ گۆڕانکاریی تێدا کرد، ئێوارەی 22/5/1975 لە گازینۆی (توڵەیتڵە) پاش گفتوگۆکردن، هەندێ گۆڕانکاریی تر لەسەر بەیاننامەی یەکەم کرا، گۆڕانکارییەکان بە خەتی مام جەلال لەسەر دەستنووسەکەی دکتۆر فوئاد نووسراون، دوایی چاپکراو و بڵاوکرایەوە. ناوە کوردییەکەشی بە یەکگرتنیی نیشتمانیی کوردستان وەرگێڕدرا، بەو ناوە نامە بۆ کۆمەلەی خۆیندکاران و شۆینی تر نێردرا، دوایی ناوە کوردییەکەی لەسەر پێشنیاری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد گۆڕدرا بۆ (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان).
رۆژی 23/5/1975 لە تەلەفزیۆن و رادیۆی سوریا و رۆژنامەی (الثورة)ی سوری بەیاننامەی یەکەمی یەکێتی بڵاوکرایەوە، بە ناوی (الاتحاد الوطني الکردستاني) بۆ رۆژی دوایی لە رۆژنامەی (الشرق) و (السفیر)ی لوبنانی و میدیاکانی میسر بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی دامەزراندنی (الاتحاد الوطني الکردستاني)، کۆپیی هەندێک لە رۆژنامەکان لای هێرۆخان پارێزراون. 

 

لە نێوان ئەو چوار ئەندامەی شامدا چەندین کۆبوونەوە کرا لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو رێکخراوە. لەنێوانیاندا مام جەلال ناوی (الاتحاد الوطني الکردستاني)ی بۆ ئەم رێکخراوە نوێیە پێشنیاز کرد

 

 

1/6 بوو بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی
 پاش دامەزراندنی یەکێتی، مام جەلال چووە بەرلین و لە 27/5/1975 لەگەڵ بەشێک لە کادرانی ئەوروپا کۆبۆوە، من بەهۆی ڤیزەوە نەمتوانی بچم، مام جەلال پێشنیاری د.کەمال فوئاد، نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموسی کرد بۆ هاتنیان بۆ ناو یەکێتی، هەرسێکیان رەزامەندبوون بێنە ناو رێکخراوەکە و بوونە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و لەو کۆبوونەوەیەدا تەنیا یەک بڕگە لە بەیاننامەی شام زیاد کرا، کە دەڵێ: «دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامدانەوەی بڕیاری وازهێنان لە شۆڕشی کوردە، بۆیە داوا لە هەموو خەباتگێڕانی گەلەکەمان دەکەین پشتیوانی لەم رێکخراوە نوێیە بکەن و درێژە بە خەباتیان بدەن لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورددا). 
د. کەمال فوئاد رۆژی 1/6/1975 لەسەر بڵاوکرایەوە نووسیی، دەبا بنوسرێ 22/5، لە گشت ئەوروپا بڵاوکراویەوە و وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان، بۆیە ئیتر قورس بوو 1/6 بکرێتەوە بە 22/5، بۆیە  یەکی شەش بوو بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. 
 
لە نێوان (دەستەی دامەزرێنەر) و (دامەزرێنەران) دا
  بە داخەوە زۆر کەس جیاوازی ناکەن لە نێوان (دەستەی دامەزرێنەر) و (دامەزرێنەران)دا، دەستەی دامەزرێنەر لە جیاتی مەکتەبی سیاسی کاریان دەکرد، بەڵام دامەزرێنەران سەدان کەس لە پاش نسکۆ و پێش راگەیاندنی ناوی یەکێتی بەشدارییان تێدا کرد، بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی نوێ و هەڵسانەوەی شۆڕش، رێکخستن و چەندین لیژنە لە سوریا و ئەوروپا و ناوەوە کاریان دەکرد. پێش دروستبوونی یەکێتی، مام جەلال دوو جار هاتە لەندەن، لەگەڵی کۆبووینەوە و شێوەکانی ریکخراوەکە باس کرا. مام جەلال بەدەیان کۆبوونەوە و پەیوەندیی لەگەڵ رۆشنبیران، کەسایەتییەکان و خوێندکارانی ئەوروپا کرد و چەندین لیژنە دانرابوون بۆ ئەو رۆژەی رێکخراوێکی نوێ دادەمەزرێ و دروشمی بەرگری و هەڵسانەوەی شۆڕش بەرزدەکاتەوە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکەم رۆژی دامەزراندنیدا خاوەنی سەدان ئەندام بوو. لەگەڵ ئەوەی دامەزراندنی یەکێتی لە 22/5/1975 راگەیاندرا، بەڵام لە مانگی چوار و پێنجدا بنا‌غەکەی دانرابوو، نەک یەک دانیشتن لە ریستۆرانتی توڵەیتڵە. تەنیا نووسینی بەیاننامەکە چەند رۆژێکی ویست.

 

 

مام جەلال بەدەیان کۆبوونەوە و پەیوەندیی لەگەڵ رۆشنبیران، کەسایەتییەکان و خوێندکارانی ئەوروپا کرد و چەندین لیژنە دانرابوون بۆ ئەو رۆژەی رێکخراوێکی نوێ دادەمەزرێ و دروشمی بەرگری و هەڵسانەوەی شۆڕش بەرزدەکاتەوە

 

کۆکەرەوەی بیری ئازاد و شۆڕشگێڕ بوو
لەسەرەتادا یەکێتی کۆکەرەوەی هەموو جۆرە بیرێکی ئازاد و شۆڕشگێڕ بوو، گشتیان بە ناوی یەکێتییەوە کاریان دەکرد، لەسەرەتادا هیچ رێکخراوێکی حزبی (کۆمەڵە یا بزووتنەوە) وەک رێکخراو بەشدار نەبوون و لەناو یەکێتییدا ناویان نەبوو، دەستەی دامەزرێنەر و دامەزرێنەران نەبووایە بەتایبەتی بوونی سەنگی مام جەلال، مەحاڵ بوو بەو زووییە بتوانرێت دووبارە شۆڕش هەڵبگیرسێنرێتەوە، مام جەلال پاش دامەزراندنی یەکێتی، بیری لە فراوانکردنی دەستەی دامەزرێنەران دەکردەوە، ئەویش بە زیادکردنی عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید سەعید، شێخ شەهاب شێخ نوری و مامۆستا جەعفەر عەبدولواحید بۆ دەستەی دامەزرێنەران، بە گرتن و شەهیدکردنی شێخ شەهاب و مامۆستا جەعفەر کارەکە ئەنجام نەدرا.

 

مام جەلال و د.خدر لە لەندەن

وتارەکانی نوسەر