راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
پڕۆژەی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری بەرلین- بەغدا له ساڵی 1917 گەیەندرایە گوندی تل زیوان، له رۆژئاوای كوردستان. زۆرێک لە گوندنشینەکانی ناوچه‌كه وەک كرێكار و کارمەندی وێستگەکە دامەزرا بوون
وێستگەی شەمەنده‌فه‌ری بەرلین- بەغدا لە ساڵی 1917 لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە لە گوندی تل زیوان دروستکراوە، پڕۆژه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر لە ساڵی 1903 لە بەرلین دەستیپێکرد و لە ساڵی 1940 لەلایەن به‌ریتانییه‌کانەوە تەواوكراوه.
دلۆڤان چەتۆ، رۆژنامەنووس و دانیشتووی گوندی تل زیوان، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: وێستگەی شەمەنده‌فه‌ری (بەرلین- بەغدا) لە گوندی تل زیوان له ساڵانی رابڕدوودا سوودی زۆری به خەڵکی گوندەکەمان و هاووڵاتیانی ناوچەکە گه‌یاندووه.
وتیشی: لە ساڵی 1903 ئه‌ڵمانییه‌كان دەستیانکرد بە دروستكردنی پڕۆژەی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری بەرلین- بەغدا و له ساڵی 1917 گه‌یاندیانە گوندی (تل زیوان) له رۆژئاوای كوردستان. زۆرێک لە گوندنشینەکانی ناوچه‌كه وەک كرێكار و کارمەندی وێستگەکە دامەزرا بوون، به‌ڵام لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و جێبەجێکردنی پەیمانی سایکس ـ پیکۆ، ئەڵمانیا لە ناوچەکە کشایەوە و به‌ریتانیا و فەرەنسا هاتنە سوریا و عیراق و پڕۆژەکەیان تەواو کرد.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: وێستگەی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كۆنی ئه‌ڵمانی له گوندی تل زیوان، لە حەوت ژوور پێکهاتبوو کە زۆر گرنگ بوون، بەتایبەت لە رووی بازرگانی و گەشتیارییەوە، هێڵێكی گەرمی بازرگانی بووه و هاووڵاتیان بەرهەمەکانیان بە سەرنشینانی شەمەندەفه‌رەکە دەفرۆشت و قازانجیان ده‌كرد، هه‌روه‌ها سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ژین و ژیاری گوندنشینانی نزیک هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری بەرلین - بەغدا بوو.
روونیشیكرده‌وه، ساڵانێکی زۆر ئەم هێڵە لە نێوان شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە و دێره‌زۆر و حه‌له‌ب بەکارده‌هێنرا و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سوریا سوودێکی زۆریان لێ ده‌بینی، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا له ساڵی 2011دا، ئه‌و هێڵه زیانێکی زۆری به‌ركه‌وت و به ته‌واوی لەناو وڵات‌دا لە کارکەوت.
وتیشی: بەهۆی ئەم گرنگییە مێژووییەوە، ئێمه‌ی دانیشتووی گوندی (تل زیوان) داوای نۆژەنکردنەوەی هێڵی شەمەندەفه‌ر و وێستگەی گونده‌كه‌مان لە ئیدارەی خۆسەر دەکەین، هه‌روه‌ها پێویسته میراتی مێژوویی گوندەکەمان بۆ به‌رژە‌وه‌ندیی گشتی بپارێزرێت و دووبارە هێڵه‌كه بخرێته‌وه كار.
شایه‌نی باسـه، پڕۆژەی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری بەرلین- بەغدا لە ساڵی 1880 لەلایەن (لوفییت کامیرون)ه‌وه، بڕیاری لەسەردراوه. لە ساڵی 1931، له نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و تورکیا رێکەوتن و بڕیاردرا هێڵی شەمەندەفەرەکە بەرلین- بەغدا تەواو بکرێت و پڕۆژەکە لە ساڵی 1940 لەلایەن به‌ریتانییه‌كانه‌وه تەواو كراوە، هه‌روه‌ها له کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا به‌هۆی تەمەن و نەبوونی نۆژه‌نکردنەوە، بەشێکی پێکهاتەی هێڵی شەمەندەفەرەکە داڕما و هێڵه‌كه بە تەواوی وەستا. تا ساڵی 2005 تەنها لەناو سوریا کاری ده‌كرد، پاشان به یه‌كجاری وه‌ستا.
هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئاسنی بەرلین- بەغدا یەکەم پڕۆژەیە کە لە بەرلینەوە دەست پێدەکات و لە بەغدا کۆتایی دێت. هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه لە بەرلینەوە بەناو خاكی نەمسا و سربیا و بولگاریادا تێدەپەڕی، دواتر بە تورکیا و شاره‌كانی نسێبین و حەلەب و قامیشلۆ و تل کۆچەر تێدەپەڕی و دەگەیشتە شاره‌كانی موسڵ و بەغداد و بەسرا. تا دەروازەی بەندەری ئوم قەسر، درێژیی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری بەرلین- بەغدا زیاتر لە 2400 کیلۆمەترە.
گوندی تل زیوان بە دووری 10 کیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌وه خۆڕهه‌ڵاتی شاری قامیشلۆ. وێستگەکە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بووه، بۆ گوندنشینه‌كان و هاووڵاتیانی ناوچه‌كه. به تایبه‌تی بۆ دانیشتووی گوندی تل زیوان و تا ساڵی 2005 هێڵەکە لەناو وڵات‌دا بەردەوام بوو.