یەكێتی، زەروورەتی دوای مەرگی «نسكۆی» شۆڕشی كوردییە، بۆیە هیچ بزووتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕی كوردی، هێندەی یەكێتی ئاشنای مەینەتی و دەستبادان لەگەڵ مەرگ و نزیكبوونەوە نەبووە لە مەرگ، ئەوەی وایكردووە ئەم حزبە ببێتە سەرچاوەی ژیانەوەی خەباتی كوردی و وەك داینەمۆیەكی گەورە و نەمربێت، قودرەتی بەرگریی و سیاسەتی عاقڵمەندەكانی و بنكە جەماوەرییەكەی و ئامانجە نەتەوەییەکانی و ئەو رووبارە خوێنە بووە کە لەپێناو ئازادیی نیشتمان و شکۆمەندیی نەتەوەدا بەخشیویەتی.
مانابەخشین بە مەرگ، لە مرۆڤەوە بۆ ئایدۆلۆژیا و هێزی سیاسی، بۆ رێكخراو و بزووتنەوە رۆشنگەرییەكان، هەر هێندە نییە بە رووخسار ئاواببێت و ماڵئاوایی لە سەردەم و شوێنی خۆی بكات، مەرگ ئەو كاتە دەبێتە واقیع هەموو ئەو پێدراوانەی سەرەوە لە رەگەوە لە زەمینی كۆمەڵگەدا داببڕێن و ئیدی دابڕانی گەورە لە نێوان ئەوان و كۆمەڵگەدا دروست ببێت، یەكێتی لەم خاڵەدا بە بەختە، نەك تەنها رەگی بە كۆمەڵگەی كوردییەوە ماوە بۆیە تامی مەرگی حەقیقی نەكردووە، بەڵکو لەوە زیاترە و یەكێتی كۆمەڵگەی كوردیی لەدوای ساڵی 1975ەوە هێنایەوە ناو ژیان و دووریخستەوە لە مەرگ «بەمانا سیاسییەكەی»، بزووتنەوەی سیاسیی كوردیی لە سەرەمەرگەوە گەڕاندەوە بۆ ناو ژیان و ئومێدی دروستکردەوە.
پەنجا ساڵە ئەم حزبە لە پارادۆكسیدایە لەگەڵ مەرگ، لەبەرامبەر نەیارەكانیدا لەگەڵ مەرگ دژە و لە رێگەی گیانفیدایی شەهیدەكانیشیەوە لەگەڵ مەرگ دۆستە، ئەم حزبە لەبەرئەوەی گەلێک پیلان و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی دەرەكیی یەخەی گرتووە، لە هەموو حزبێكی كوردستانی زیاتر چنگەواشێی مەرگ بووەتەوە، لە هەموو ئەم رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆیانەی مەرگیشدا، نەك نەبەزیوە و مەیدانەكەی چۆڵ نەكردووە، بەڵكو براوە و رووسووری بەردەم میللەتی خۆیی و مێژووەكەی بووە، ئەمەش لە رێگەی بەرهەمهێنانی مەرگی 27 هەزار شەهیدی قارەمانەوە.
بە مانا و لێکدانەوەیەکی تر، نزیكی و یەكەم ئاشنایەتیی یەكێتی لەگەڵ مەرگ بۆ زەمەنی دوای نسكۆ و مەرگی بزووتنەوەی كوردیی سەردەمی پێش خۆی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەم یەكێتییە نەبەزیو و سەربڵندەی ئەمڕۆ لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورددا دەبینین. بۆ خۆی بەرهەمی مەرگێك «نسكۆ»یە، ئەم حزبە لەناو مەرگەوە دێت بۆیە زۆرترین مەرگی تاك و پێشمەرگە و قارەمانی خۆی بینیوە تا مەرگی كۆ و گەل و نەتەوە نەبینێت، ئەمەش لەمانایەكدا پێماندەڵێت مەرگی تاك جوان و پاك و جێی شانازییە، بەڵام مەرگی كۆ و نەتەوە كارەسات و لەناوچونە و هەمیشە مەرگی تاك لە رێگەی ژیانی «كۆ»دایە.