یەکێتی پێشەنگی گۆڕانکاری

09:48 - 2025-06-01
جەمال ئەکبەر کاکەیی
97 خوێندراوەتەوە

 وەک لەلای هەمووان ئاشکرایە، یەکێتیی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکەوە هەڵقوڵاوە، تا گەیشتۆتە ئەم تەمەنەی ئێستای کە پەنجا ساڵە، چونکە بە رەنج و کۆشش و تێکۆشانی هەموو کۆڵنەدەرانە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان گەیشتۆتە ئەم قۆناغەی ئێستای خەبات،  لەهەموو قۆناغەکانی خەباتی نیشتمانیی و رزگاریشدا یەکێتی سەرمەشقی بەرخۆدان و نەسرەوتن بووە، بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، لەم قۆناغەی ئێستاشدا یەکێتیی بە سەرۆکایەتی (سەرۆک بافڵ تاڵەبانی) رێڕەوی نوێ و بیر و هزری نوێ و خەبات و تێکۆشانی نوێی کردۆتە دوورنمای ئایندەیەکی گەش بۆ کۆمەڵانی خەڵک و هەرێمی کوردستان.
پەنجا ساڵەی تەمەنی یەکێتیی پڕ بەهاو بایەخ و دەستکەوت بووە، بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، ئێستاش سەرەتا و دەستپێکی نوێیە بۆ قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی و رێکخستن، کە پێویستە ئەو شێوازە خەباتەش لەگەڵ رەوشی نوێی سەردەم و کۆمەڵدا بگونجێت.
یەکێتیی لەسەردەمێکی زۆر سەخت و دژواری کوردستان و گەلەکەماندا لەدایکبووە، هەربۆیە وەک هێزێکی سیاسیی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و خەبات و پێشمەرگایەتیدا کاریگەری خۆی لەسەر رەوشی ناوچەکە و کوردستان بەجێهێشتووە، ئەمڕۆش یەکێتی خاوەن بیرو هزر و تێڕوانینێکی سەردەمیانەیە و بەرەو لوتکەی هەڵکشان هەنگاو دەنێت، لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، یەکێتی بووە پێشەنگ و سەرقافڵەی خەباتی شۆڕشی نوێ لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادی و ئامانجە رەواکان بۆ گەلەکەمان، لە ماوەی پەنجا ساڵیش خەبات و بەرخودانی یەکێتی لە شۆڕشی نوێ و حوکمڕانی، گەلێک دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کورد بەدیهێناوە و هەر ئەم حزبەش ئەندازیاری راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
یەکێتی وەک رێکخراوێکی سیاسیی جەماوەری و زیندوو بە پشوودرێژییەوە لەسەردەمی شاخ و شاردا خەباتی کردووە و تێگەیشتنی هەبووە بۆ ئایندە، بۆیە لەئێستاشدا ئەرک و بەرپرسیارێتی قورس لەسەرشانی (سەرۆک بافڵ) و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی یەکێتییە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانە هەوڵدانە بۆ دڵدانەوە و کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی هەموو ئەو فەرماندە و کادر و پێشمەرگە و  تێکۆشەرانەی کە ماوەیەکی زۆرە نیگەران و دوورەپەرێزن لە یەکێتی، چونکە ئەم سەردەمە وادەخوازێت کە تەواوی بەرپرسان و کادرانی یەکێتیی شۆڕببنەوە بۆ نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دۆخی جارانی بگەڕێتەوە و جەماوەرە بەرفراوانەکەی لەدەوری کۆبکاتەوە، هەروەها ئەرکێکی دیکەی بەرپرسیارێتی ئۆرگانەکان ئەوەیە بە دیدگا و تێڕوانینی نوێ هاوتەریب بێت لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان و بەشێوەیەکی گورج و گۆڵانە رێکبخرێنەوە و لەسەر بنەمای سزاو پاداشت و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بۆ بەرپرسی ئۆرگانەکان دابنرێن، لەبەر هەموو ئەوانە دڵنیاین یەکێتیی لەپێناوی پێشخستن و گەشەکردن و سازدانەوەی ئۆرگانەکانی هەمیشە باوەڕی تەواوی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە.

وتارەکانی نوسەر