حکومەت وەک پێویستییەکی حەتمی

11:58 - 2022-06-27
هیوا محەمەد
582 خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبردنی وڵات لەڕێگەی حکومەتەوە پێویستییەکی حەتمی هەموو گەلانی ئەم سەرزەمینەیە، واتا لەوە بووینەتەوە کە دەبێت حکومەت بە هی خۆمان بزانین و هاوکارییشی بکەین بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات، لەگەڵیشیدا دەبێت حکومەت بەو مانا زانستییە بێت کە پێناسە کراوە لەژێر چەتری دیموکراسیدا کە سیستمێکی باشی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەوڵی باشکردنی ژیانی کۆمەڵگە بدات لە هەموو روویەکەوە.

هەر گەنجێک لە کۆمەڵگەدا لە بارودۆخی ژیانی خۆی رازی نەبوو، بێکار بوو، باری ئابووری نزم بوو، ئەوا سەرلەبەری سیستمی حکومڕانی رەتدەکاتەوە و بە هی خۆی نازانێت

حکومەت نابێت لە خەڵک داببڕێت، هەر لەسەرۆکی حکومەتەوە تا کارمەندی وەزارەتێک، دەبێت لەماوەی کارکردنیان بە دەستپاکی و ئامانەتەوە چالاکانە کار بکەن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دۆخە ئابوورییەکەی.
سەردەم سەردەمی پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنۆلۆجیایە، ئەمەش بەستراوەتەوە بە باری ئابوورییەوە، واتا چەندە باری ئابووری باش بێت هێندە و زیاتر خۆگونجاندن لەگەڵ رەوتە تەکۆنۆلۆجیاکە دەچێتە پێش.
دۆخی ئابووریی باش دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێنێتە ئاراوە، هەلیکار زۆر بکات، نەخۆشی کەم بکاتەوە، جادەوبان کۆنتڕۆڵ بکات، بواری گەشتیاری بۆ تاکەکانی و ئەوانەش لەدەرەوە دێن بڕەخسێنێت، چونکە گەشتیاریی رۆڵی گرنگی هەیە لە بەرزکردنەوەی باری ئابووری.
حکومەت دەبێت رۆڵی کردەیی هەبێت لە رۆشنبیرکردنی تاکی کۆمەڵگە، لەسەرەتای دەستپێکی قۆناغی خوێندنەوە فێری ئەوەی بکات پابەندی یاسا بێت و ئەرک و مافەکانی خۆی بناسێت و بنیاتنانی وڵات بە ئەرکی خۆی بزانێت، نەک ئەوەی بە گەورەیی حکومەت و یاسا رەت بکاتەوە و نەزانێت پەیوەندیی نێوان خۆیی و حکومەت چییە، یان حکومەت لە کێ دروست دەبێت و بۆ چییە؟
باوک یان دایک، کاتێک لە خێزانەکەیدا دەبێتە رابەرێکی خۆشەویستی ئەندامانی خێزانەکەی کە بە دادپەروەریی ئیدارەیان بدات و رێزیان بگرێت و ئەرکەکانی خۆی لە بەخێوکردنیان و گەورەکردنیان بێنێتەدی، دەبێت هەستێت بە دۆزینەوەی رێچکەی گونجاو بۆ منداڵەکانی هەر لە خوێندنەوە تا هەلی کار.
 ئەرکی حکومەتە لە شار و گوند خولی پیشەوەریی جیاجیا بکاتەوە و تێیدا گەنجان بە بێ بەرامبەر فێری پیشەکان بکات، بۆ نموونە حکومەت چ زیانێک دەکات ئەگەر خولێکی سەرەتایی بۆ پیشەیەک بکاتەوە و چەند وەستا و مامۆستای بۆ تەرخان بکات و هەر سێ مانگ جارێک کۆمەڵێک گەنج فێری ئەو پیشەیە ببن؟ باشتر نییە لەوەی گەنجەکە خۆی لای پیشەوەرێک بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم وەک شاگرد بێت تەنها بۆ ئەوەی فێر ببێت و لەلایەن خاوەنکارەوە بچەوسێندرێتەوە؟
هەر گەنجێک لە کۆمەڵگەدا لە بارودۆخی ژیانی خۆی رازی نەبوو، بێکار بوو، باری ئابووری نزم بوو، ئەوا سەرلەبەری سیستمی حکومڕانی رەتدەکاتەوە و بە هی خۆی نازانێت.
ئەگەر لە کۆمەڵگەدا بێکاری زۆر بوو، هەموو گرفتەکانی دیکە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانیش تیایدا زۆرن، وێنەی خولیابوون بە مادە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشیی بە هەردوو رەگەزەوە، دزی و ناپاکی لە ئیدارەدان، تێکچونی باری خێزان و پەیوەندییەکانیان، ناسەقامگیریی و لەدەستدانی باری ئەمنی و زۆر شتی تر.
سەدان هەزار گەنج واز لە خوێندن دێنن بە هۆکاری جیاجیای کۆمەڵایەتی و رەنگە باری ئابووریش لە هۆکارە سەرەکییەکان بێت، کەواتە چەندە حکومەت هەوڵی بە پیشەیی کردنی گەنجان بدات هێندە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بۆ خۆی دروست دەکات بەمەش کارئاسانی بۆ ئیدارەدانی خۆی دەکات، چونکە میللەتێک کێشەی زۆری هەبێت، ئەوا حکومەتیش لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەرکەوتوو نابێت، باشترە حکومەت بۆ خۆشکردنی زەمینە بۆخۆی و رەخساندنی کۆمەڵگەیەکی باش، هەمیشە لە هەموو رووەکانەوە خەریکی بنیاتنانی کۆمەڵگە بێت.
دەڵێن کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، کۆمەڵگەیەک کە رێژەی بێکاریی تیادا کەم بێت، ئەوا گرفت و ئەرکی سەرشانی  حکومەت کەمتر دەبێتەوە و کۆمەڵگەش تەندروست دەبێت.  

وتارەکانی نوسەر