کردنەوەی پیشانگەی 200 وێنە 200 شکۆ، نیو سەدە هێز و شکۆ لە راستیدا هەر کردنەوەی پیشانگەیەکی ئاسایی و خستنەڕووی چەند وێنەیەکی کۆن و دەگمەن نەبوو، پیشاندانی چەند کەسایەتییەک و ناوچەیەک نەبوو، ئەم پیشانگەیە پڕاوپڕبوو لە لاپەڕە شکۆدارەکانی مێژووی گەلێک، لە خستنەڕووی بەڵگە و دۆکیومێنت و راستییەکان، ئەم پیشانگەیە گەڕانەوەبوو بۆ مێژوویەکی تاڵی بێ ئومێدی و سەرلەنوێ گەڕانەوەی ئومێد و گۆڕینی شەوەزەنگی رووخان و هەرەس بە چراخان.
وێنەکان شکۆیان لێدەبارێ
وێنەکان شکۆیان لێدەبارێ، سەیرکەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جاڕدانی شۆڕشی نوێ و دەستپێکی خەباتێکی نەپساوەی بەردەوام، ئەگەر بە وردی سەیری وێنەکان بکەیت، ئەندازیاری داڕشتنی نەخشە و رێگای جیاواز و مۆدێرن بۆ دەستپێکی خەباتێکی رەوا و ئامانجێکی پیرۆز بەدی دەکەیت، وێنەکان ئەو راستییەیان دەسەلماند، کە بڕیاردان لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ چەند بڕیارێکی دروست و پێویست و گونجاو بووە، لە هەمانکاتیشدا وەک ئەوەبووە مێروولە بچێت بەگژ قولەی قافدا.
کرانەوەی دەرگا داخراوەکان
بەڵام دواجار هەر لە نێوەڕۆکی وێنەکاندا بەرزیی مۆڕاڵ و باوەڕی بەتین و لەخۆبردوویی و بەردەوامی ئاسۆی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج جوان جوان دەرکەوت و رۆشن رۆشن پیشانی بینەرانیدا، وێنەکان ئەو مێژووەیان بیری سەیرکەران دەهێناینەوە، کە چۆن بۆ یەکەم جار و بە کام شێوە و شێواز هەوڵی گۆڕینی شێوازی خەبات دراوە و چۆن زیرەکانە و هێمنانە دەرگا داخراوەکانی پەیوەندیی سیاسی و هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بەڕووی کورد و جوڵانەوە رزگاریخوازییە تازەکەیدا کرانەوە و خەبات دەستی پێکردووە و گەشەی سەندووە.
پیشانگەکە مێژووی تەواوی خەباتێکی دوور و درێژ و خەبات بۆ مافێکی رەوا و لووتکەی بەرزی مۆڕاڵ و کۆڵنەدان لە شۆڕێکی نەپساوەی بەرهەمدار دەخاتەڕوو، وێنەکان تۆماری بەشێکی زیندوو کاریگەر و پڕ لە قوربانی و کۆڵنەدان و بەرەنگاری میللەتێکی بێناسنامەی نکۆڵی لێکراوی نیشتمانێکی سووتماکی پارچە پارچەکراو دەخاتەڕوو، وێنەکان چەندە مەزن و نەمرن، هێندەش شکۆی میللەتێکن.
دیمەنێک لە پیشانگەکە