هێرشه مووشه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر ، جیاوازه له‌و هێرشانه‌ی كه پێشتر ده‌كرانه سه‌ر هه‌رێم، ره‌نگه كاره‌كته‌ره‌كانی پشت هێرشه‌كانیش جیاواز بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه، ئه‌وه‌یه كه هێزی ناوخۆیی و هه‌رێمی له پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌ن، له‌لایه‌ك بۆ گوشار و له‌لایه‌كی تریشه‌وه بۆ نانه‌وه‌ی ئاڵۆزی ده‌كرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
كێڵگه‌ی كۆرمۆر
ئێستا كۆرمۆر، ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ی عیراق و كوردستانە به غازی سروشتی، ته‌نها كۆرمۆریش كه ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌مه‌وه، شه‌ش بیری غازی تێدایه، كه ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نها چاوی حكومه‌تی عیراق، به‌ڵكو چاوی وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشی له‌سه‌ره و ده‌یانه‌وێت وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤی غازی روسیا سوودی لێببینن و بیكڕن، ئه‌مه چ جای وڵاتانی ئه‌وروپا كه ده‌یانه‌وێـت به هه‌مان شێوه په‌نای بۆ به‌رن دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی روسیا و ئۆكرانیا، كه به هۆیه‌وه ئه‌وروپا ترسی لێنیشتووه له كه‌مبوون و راوه‌ستانی غازی روسیا به‌ره‌و وڵاته‌كانیان، دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا كێشه‌یان له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا بۆ دروستبووه، به‌هۆی لایه‌نگیرییان له كیێڤ له جه‌نگی نێوان روسیا و ئۆكرانیادا.
به وته‌ی زۆرێك له چاودێرانی سیاسی ناوچه‌كه و جیهان، «توركیا و ئێرانیش وه‌كو دوو وڵاتی دراوسێ به‌هه‌مان شێوه‌یه ده‌یانه‌وێت سوود له‌و غازه وه‌ربگرن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گوشار بخه‌نه سه‌ر هه‌رێم له‌رێگه‌ی هه‌ندێك هێزی عیراقییه‌وه«.
ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌رێم له‌سه‌ر نه‌وت و غاز
هه‌رێم كێشه‌ی زۆری له‌سه‌ر دۆسێی نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ به‌غدادا بۆ دروستبووه، كه به‌غدا ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت كۆنترۆڵی ئیداره‌دانی دۆسێی نه‌وتی هه‌رێم بگرێته ده‌ستی خۆی، ئه‌مه‌ش زیاتر به‌هۆی ئه‌وه‌وه دێت كه به‌غدا و هه‌رێم چه‌ندین ساڵه نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێكه‌وتن سه‌باره‌ت به ده‌ركردنی یاسایه‌كی چه‌سپاوی نه‌وت و غاز له عیراقدا، ئه‌و كێشه‌یه‌ش وه‌كو زۆرێك له كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه.
به‌تایبه‌تی كه دیدگای جیاواز له نێوان هه‌رێم و به‌غدادا هه‌یه له‌باره‌ی ره‌شنووسی یاساكه و ته‌فسیركردنی ئه‌و ماده ده‌ستوورییانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه داڕێژراون. هه‌روه‌ها كۆی دۆسێی نه‌وتی هه‌رێمی تا دێت ململانێ و ناكۆكییه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته زیاد ده‌كات و حكومه‌تی عیراق و وه‌زاره‌تی نه‌وت و هه‌روه‌ها دادگای فیدراڵیش داوای راده‌ستكردنی ئه‌و دۆسێیه له هه‌رێم ده‌كه‌ن و هه‌رێمیش رازی نییه به‌و داوایه، به‌وه‌ش تادێت ململانێكان به‌ره‌و ئاقاری سه‌ختتر ده‌ڕوات.
فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی دادگای فیدراڵیی عیراق له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه ره‌سمیی عیراقدا ده‌ڵێت: هیچ ده‌رفه‌تێك له‌به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمدا نه‌ماوه تا پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی نه‌بێت، روونیشیكردۆته‌وه، دادگای فیدراڵی له بڕیاره‌كه‌ی له‌باره‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی كاری كردووه و هیچ لایه‌نگرییه‌كی بۆ حكومه‌تی عیراق نه‌كردووه.
وه‌زاره‌تی نه‌وتیش چه‌ندین جار دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ربڕیووه و داوای له كۆمپانیا جیهانییه‌كانی بواری نه‌وت كردووه كه خاكی هه‌رێم به‌جێبهێڵن، ئه‌گه‌رنا ده‌خرێنه لیستی ره‌شه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه.
كێ له پشت هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌وه‌یه
هه‌رچه‌نده هێرشی مووشه‌كی و هه‌روه‌ها بۆردومان له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی و تۆپهاوێژه‌وه بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی رابردوو به‌شێوازی جیاجیا هه‌بووه و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه، جگه له‌وه‌ش هێرشی مووشه‌كی و له رێگه‌ی درۆنی گروپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ت و گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌رپرسیارێتی له‌باره‌وه راگه‌یاندراوه، به‌ڵام هێرشه‌كانی سه‌ر كۆرمۆر جیاوازن و ره‌نگه گروپ و وڵاتی تری له‌پشته‌وه بێت، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشانه رانه‌گه‌یاندووه، كه ماوه‌ی چه‌ندین رۆژه ده‌كرێنه سه‌ر كێڵگه‌كانی كۆرمۆری قادر كه‌ره‌م له نزیك چه‌مچه‌ماڵ.
کێڵگەی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم
خودی گروپه‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبیش له‌سه‌ر زاری هه‌ندێك به‌رپرسیانه‌وه، لایه‌نی تری به‌م مووشه‌كبارانه تۆمه‌تبار كردووه و له‌و رووه‌وه جه‌عفه‌ر حوسێنی وته‌بێژی سه‌ربازیی گروپی حزبوڵڵای عیراق رایگه‌یاندووه كه به‌پێی ئه‌و زانیارییه هه‌واڵگری و ئه‌منییانه‌ی كه پێی گه‌یشتوون، بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه كۆمه‌ڵێكی لاده‌ر كه دانیشتووی قه‌زای خورماتوون و سه‌ربه هه‌واڵگریی وڵاتێكی ئیقلیمین له پشت ئه‌و هێرشانه‌ی سه‌ر كێڵگه‌كانی كوردستانه‌وه‌ن، داواشی له گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه كه به دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا بگه‌ڕێن و ده‌ستگیریان بكه‌ن و راده‌ستی دادگایان بكه‌ن بۆ ئه‌وه به‌سزای خۆیان بگه‌ن.
هه‌ڵوێسته‌كه‌ی حوسێنی له‌كاتێكدا دێـت كه پێشتر هه‌ندێك له گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رپرسیارێتی خۆیان له به‌شێكی هێرشه‌كان بۆسه‌ر هه‌رێم و به‌تایبه‌ت هه‌ولێر راگه‌یاندبوو.
مه‌به‌ستی پشت هێرشه‌كان
چه‌ندین ئه‌گه‌ر هه‌ن بۆ ئه‌و هێرشانه، یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه ئه‌وه‌یه گروپی ناوخۆیی به‌تایبه‌تی سه‌ر به وڵاتێكی ئیقلیمی له ناوچه‌كانی نزیكی هه‌رێم چاوساغی بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بكه‌ن كه بوونی ئه‌و كێڵگانه به‌زیانی خۆیان و هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان ده‌زانن، یان هه‌ر خودی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه هێرشه‌كانیان كردبێـت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ئیقلیمی و گوشار خستنه سه‌ر هه‌رێم بۆ رێگه‌دان به هه‌نارده‌كردنی غازی كۆرمۆر به‌ره‌و ئه‌وروپا له‌رێگه‌ی توركیاوه.
ئه‌گه‌رێكی تر ئه‌وه‌یه، گروپگه‌لێك ئه‌و هێرشانه‌یان كردووه، به‌مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی پشێوی و دروستكردنی كێشه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا و به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی و ناوه‌ند، هه‌وڵی هاندانی سوپای عیراق ده‌ده‌ن بۆ هاتنه ناو سنووری سلێمانی بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و كێڵگه‌ی غازانه‌دا، كه به‌گه‌وره‌ترین كیڵگه‌ی غاز له عیراقدا هه‌ژمار ده‌كرێن.
له‌نێوان ئه‌و دوو ئه‌گه‌ره‌دا، ئه‌گه‌رێكیش هه‌یه كه حكومه‌تی به‌غدا و هێزه عیراقییه‌كان، ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه بۆ پێشڕه‌ویكردن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كێڵگه‌كانی كۆرمۆر و دواتر خوڕمه‌ڵه‌شدا، به‌تایبه‌تی كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و دادگای فیدراڵیش ناكۆكن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا سه‌باره‌ت به دۆسێی نه‌وت و غاز و به نایاسایی و نا ده‌ستووریی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
یه‌كێتیی پارێزه‌ری كۆرمۆر
دوای هێرشه مووشه‌كییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر كۆرمۆر، هێزێكی كۆماندۆ و دژه تیرۆر به چه‌كی قورسه‌وه گه‌یشتنه ناوچه‌كه و بڵاوه‌یان پێكرا، له‌و رووه‌شه‌وه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به یاوه‌ریی وه‌زیرانی پێشمه‌رگه و سامانه سروشتییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت و بریكاری وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان و به‌رپرسانی ئه‌منیی سلێمانی گه‌یشتنه كۆرمۆر و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆمپانیای دانه غاز كۆبوونه‌وه و دڵنیایان دایه كارمه‌ندانی كۆمپانیاكه بۆ رێگرتن له هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ریان، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم داوای له حكومه‌تی عیراقیش كرد، بێته سه‌ر خه‌ت و رێگریی له هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بكات بۆ سه‌ر ئه‌و كێڵگانه كه ده‌كه‌ونه ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه.
كێلگه‌ی كۆرمۆر گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌ر زۆریی ئه‌و یه‌ده‌گه غازییه‌ی تێیدایه، كه به‌شی ده‌یان ساڵی نه‌ك هه‌رێم به‌ڵكو عیراق و ناوچه‌كه‌ش ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه خودی حكومه‌تی عیراقیش چاوی له‌سه‌رێتی و ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و كێڵگانه بخاته ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه.