شۆڕش و بزاوتێک زەرورەتی ژیان و واقیعی مەیدانی و داخوازیی خەڵکی هێنابێتیە بەرهەم و بزیسک و ژیلەمۆی خامۆشکراوی شۆڕشی گەلێک بێت لەپێناوی سەلماندنی خۆیدا و هەوێنی بەرخۆدان و جۆشدانەوە و ملنەدان بە ستەمکاران و خۆبەدەستەوە نەدان و رانەکردن و بەجێنەهێشتنی خەڵکەکەی بێت، حزبێک رابەری شۆڕشێکی ئاوا بێت کە ئیلهامی لە شۆڕشە پیرۆزەکان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی وەرگرتبێت و قوربانی دابێت و دروشمی بژی نیشتمان بووبێت، دەبێت ئێستاش هەمان رۆڵی هەبێت.
لەدوای نسکۆ، مەحاڵ بوو نەتەوەیەک خاوەنی مێژوو و کانگای قارەمانان بێت و چۆک دابدات، بۆیە هێزی شکستنەناس بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێز و هەیبەت و ئیرادەی گەڕاندەوە بۆ تاکی کوردی دڵ شکاو.
دەیان هەزار کەس لەم پێناوەدا شەهید بوون، بەجێنەهێشتنی خەڵک و خاک و داڕشتنی پلانی راپەڕین و راماڵینی داگیرکەران، پاشان بەگەڕخستنی هەموو تواناکان و دیسانەوە قوربانیدان بە دەستبەرداربوون لە زۆر هەقی خۆی و بانگهێشتکردنی هەموو حزب و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان بۆ ناو مەیدانی ئامادەکراوی پێکهێنانی حکومەت ئەمەش لەپێناوی ئاشتی و ئارامی و داهاتووی کوردستان، لەدوای ئەوەش دیسانەوە قوربانیدان و خوێنبەخشین لەپێناوی خاکی کوردستان و رووبەڕووبونەوەی دڕندەترین دوژمنی ئەم سەردەمە و پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان.
لەدوای ئەو هەموو قوربانیدانە، پێکهێنانی حکومەتێک بۆ هەرێمی کوردستان لەسایەی یەکێتیدا و هەڵوێست و هیمەتی ئەم حزبە لە پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی هەرێم و پشتنەکردنە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵات، نوێکردنەوەی پەیمانی یەکێتییە بە رۆحیانەتی سەرۆک مام جەلال-ی رابەر و سەروەری شۆڕشی ئازادی و ئاوەدانی کوردستان .
بەداخەوە ئەمڕۆش چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی هەڵەی ئەم دواییانەی هەندێک لە بەرپرسان لەسەر ئاستی باڵای حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە شۆڕشی مەدەنی و سیاسی و هەماهەنگی یەکێتی هەیە .
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان دیسانەوە خەریکە نائومێدی رووی تێدەکات و پێویستی بە فریادڕەس هەیە، لای هەموانیش روونه کام لا هۆکاری سەرەکی هەموو گرفتەکانە و هەموانیش باش دەزانن کە تەنها هێزێک و تەنها رابەر و پێشڕەوێک کە بتوانێت رووبەڕووی نائومێدی بێتەوە و ببێتە چارەساز بۆ گرفتەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سیاسەتی حەکیمانە و جەریئانە و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی ئەم حزبە و سەرکردایەتییەکەیەتی .
لە 1 / 6 دا زەرورەتێک و ئەرکێکی ئانی یەکێتییە، شۆڕشێکی مەدەنی سیاسی هەڵگیرسێنێت و ببێتە پێشەنگ و بەرلەشکری دڵسۆزان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵک، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەدیلی نییە و پێویستە هەمیشە لە سەنگەری بەرگریی لە خەڵکدا بێت .
٭ بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان.