دوێنێ لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (نووسینەكان لە خاك-ی كوردستانی نوێ-دا) كە لە نووسینی مام جەلال-ە، بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا، نووسەر و رۆژنامەنووس مەریوان مەسعود وەكو ئامادەكاری كتێبەکە، رایگەیاند: ئەم كتێبە كۆكراوەی سەرجەم وتارەكانی سەرۆک مام جەلالە، كە بە پێنووسی خۆی لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ و گۆڤاری خاك نووسیونی، كتێبەكە گوزارشتە لە سەلیقەی سەرۆك مام جەلال بۆ بواری نووسین و سەرنجە رۆژنامەوانییەكانی، هەروەها گێڕانەوەی كۆمەڵێك بیرەوەرییە لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خۆی.
كتێبەكە، لە دوو بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم سەرجەم نووسینەكانی مام جەلالە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە ژمارە (0)ی رۆژنامەكەوە، تا ساڵی 2011، بەشی دووەمیش پێكهاتووە لەو نووسین و ئەو گۆشانەی كە بەشێوەی مانگانە مام جەلال لە گۆڤاری خاك دەینووسین كە سەرجەمیان سروشتێكی بیرەوەرییان هەیە.