دوێنێ و ئەمڕۆ

بیمار، شاعیرێكی هێمن!

11:00 - 2022-06-28
عەبدوڵڵا عەباس
371 خوێندراوەتەوە

لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی پێشوو لە سلێمانی و بۆ یەكەمجار لە گۆڤاری (هیوا)دا كە گۆڤاری یانەی سه‌ركه‌وتنی كۆمەڵایەتی بوو لە بەغدا و رۆشنبیرانی كوردستانی کە لەوێ‌ نیشتەجێبوون دەریان دەكرد و من بەتایبەت دەچووم بۆ كتێبخانەی گشتی سلێمانی تا ئەو گۆڤارە و رۆژنامە كوردییەكان بخوێنمەوە، لە ژمارەیەكی ئەو گۆڤارەدا یەكەم شیعری شاعیرێكم خوێندەوە بە ئیمزای (عەبدولڕەزاق بیمار) و دووجار خوێندمەوە، شیعرەکە بە وشەی هیوا و خۆشەویستی دەستی پێدەکرد، لەبەر خۆمەوە وتم: ئەم هەموو هیوایە و كەچی خۆی ناوناوە (بیمار)؟ 
رۆژان هاتن و رۆیشتن، بەندەیش  كۆتایی شەستەكاندا گەیشتمە بەغدای پایتەخت و ئەوەڵ جار لە رادیوێی كوردی و دوایی لە رۆژنامەی (هاوكاری)دا گیرسامەوە، لە بەغدا لەپاڵ یانەی سه‌ڵاحه‌دین و سیروانی تایبەت بە ئێمەی كوردان كۆمەڵەی رۆشنبیری كوردیش لەدایكبوو، ئێوارەیەكیان لەبارەگای ئەو كۆمەڵەیە، دكتۆر مارف خەزنەدار، عەبدولڕەزاق بیماری پێناساندم و دوای چاك و چۆنی حیكایەتی خوێندنەوەی یەكەم شیعرەكەی و گلەیم لە نازناوی (بیمار)م بۆ گێڕایەوە، بەزەردەخەنەوە پێی وتم: لەوانەیە بیماری ئەو هێمنیە جوانە بێ!
ئەوكات ئەو یەكێك بوو لە كارگێڕە چالاكەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی كە بەجددی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی بوو، چونكە چاكترین شارەزای پەروەردە و خوێندنی كوردی زیرەك و دڵسۆز بۆ پەروەردەی نەوەی خوێندەواری كوردی كاریان تێدا دەكرد، هەرە دیارەكانیان پەروەردەكاری نەمر فەریدون عەلی ئەمین بوو و هەرە دڵسۆزیان ئەم شاعیرە هەست ناسكە و دەیانی دی، زۆری نەبرد بە پیی فراوانبوونی كاری رۆژنامەنووسیی كوردی لەبەغدا دەزگای رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی پێویستی بەو شارەزا دیارە نەبوو، بۆیە بۆ دەوامی ئێوارانی كاری رۆژنامەنووسی و وەك خەبیر لە هەڵسەنگاندنی بەرهەم و كتێبەكانی دەزگاكە پەنای بۆ بردن و دیارترینیان بیماری مامۆستای بەسەلیقە و زمانزان و لەپاڵیدا ئەو رۆحە شاعیرییەی هەتا لەكار و پەیوەندی هاوڕێیەتیدا پێوەی دیار بوو، بەندە بەختەوەر بوو بەوەی ئەو بوو بە یەكێ‌ لە شارەزا و زمانزانە چالاكەكان لە دەستەی نووسەرانی  رۆژنامەی هاوكاریدا. لەو لەیەك نزیك بوونەوەیەدا تەواو بۆم دەرکەوت «بیمار» مرۆڤێکی شاعیرە بە مانای زانستی و رۆحیش ئەگەر مانا و وەسفی وا لە فەرهەنگی وەسفی شاعیردا دابنڕێ‌، ئەگەر رەخنەگر و شیكاری رەوت و میژووی قۆناغەكانی نەوە دوای نەوەی شیعری كوردی هەبووایە (عەبدولڕەزاق بیمار) دەبوو لەسەرەوەی لیستی هەڵكەوتە  نمونەییەكاندا بووایە.

وتارەکانی نوسەر