لە زۆربەی ئەو جەنگانەی لە ناوچەکەدا روویانداوە بە درێژایی مێژوو، هەرجارەی لە بەشێک لە (سنووری رەسمیی) ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، خەڵک و خاکی کوردستان بوونەتە سووتەمەنی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو زەبروزەنگەی بەری کەوتووە، توانیوێتی لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و کەلتور و زمانی خۆی بپارێزێت.
بەتایبەتتر لە سەدەی بیستەمدا دەبینین ئەو ستراتیژە هەر بەردەوامیی هەبووە و لەم سەدەیەشدا تاڕادەیەک بەردەوامیی هەیە، تەنانەت لە ئاشتی و رێککەوتنەکانیشدا بەشێکی دەرهاویشتەکانی لەسەر کورد و خاکەکەی یەکلایی دەبێتەوە.
هەرخۆی هۆکاری دابەشکردنی کوردستان چی بووە؟
وڵاتانی ئیمریالیستی کە ئافرێنەری دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە بوون، هەمیشە هەوڵیانداوە نەتەوە رەسەنەکانی ناوچەکە قایل بکەن بەو گۆڕانکارییانە، لەبەرئەوە بە پێویستیان زانیووە بەشێوەیەک ئەو نەتەوانە بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دابەشبکرێت کە بەپێی جوگرافیا و رێژەی دانیشتوان لەبەرژەوەندیی خۆیان بشکێتەوە و وەک هێزێکی مرۆیی، جوگرافی، ئابووری، سیاسیی گەورە نەمێنێتەوە تا ببنە مایەی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانیان.
کەواتە دابەشکارییەکە ئامانج لێی پیادەکردنی بنەمای (پەرتکە و زاڵبە)یە و بێ کاریگەرکردنیەتی لەڕووی سیاسی و ئیدارییە لەهەموو دەوڵەتەکەندا.
دۆخی باشووری کوردستان و حزبەکانی
باشووری کوردستان ئێستا بە کاریگەرترین و زیندووترین بەشی کوردستان دەژمێردرێت کە مرۆڤ دەتوانێت وێنای بکات، هەمیشە پێشەنگی قوربانی و تێکۆشان بووە و لە زۆر دۆخی نالەباردا لە هیچ نەسڵمیەوەتەوە.
لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە هەمیشە لە سەنگەردا بووە بۆ خەبات و قوربانیدان لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی.
لەبارەی چەسپاندنی کەلتور و زمان و مافی چارەی خۆنووسین لە هەوڵی بێوچاندا بووە و بەگژ هەوڵی سەرکوتکردن و لەنێوبردنیدا چووەتەوە و هەرگیز چۆکی بۆ دوژمنەکانی دانەداوە، بۆیە لە سەرەنجامی ئەو تێکۆشان و خەباتەی کە لە رابردوودا گەیاندییە لووتکە، راپەڕینی سەرتاسەریی لێ بەرهەم هات و توانیی بەشێکی گەورەی ئەم پارچەیەی کوردستان ئازاد بکات.
بە درێژایی 33 ساڵ لە حوکمڕانیی خۆماڵی لەم بەشەی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە دەوڵەتی ناوەندیی سەردەمی بەعس و هەندێک ناوەند و کەسایەتیی دەستڕۆیشتووی دەوڵەتی فیدراڵیی ئێستا و گوشارەکانی وڵاتانی دەورووبەریش، بەڵام هێشتا توانراوە پێشکەوتن و گەشەیەکی باش لەڕووی ئابووری، سیاسی و ئیداری بەدیبێت.
ئێستا لەم بەشەی کوردستاندا کە ی.ن.ك و پ.د.ك وەک دوو هێزی سیاسیی کاریگەر ئیدارەدانی دەدەن، بەڵام هەریەکەیان بە سیاسەت و دیدگایەکی جیاوازەوە بەڕێوەی دەبەن.
لەزۆر بواری هەستیاردا سیاسەتی پ.د.ك سیاسەتێکی حزبیی داخراوە کە بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆی تێیدا زاڵە و کە ئەم جۆرە سیاسەتە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا سیاسەتێکی قبووڵکراو و پەسەندکراو نییە بەراورد بەو قوربانییەی دراوە و بەو خەباتەی لە مێژوودا بۆ بەدیهێنانی ئازادی کراوە.
هەرچی ی.ن.ك-یشە بەوپێیەی لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە لە هەناوی خەڵکی زەحمەتکێش و رەنجدەرانی بیروبازوودا دروستبووە، سەرەڕای هەندێک رەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردن، کە لەهەموو شوێنێک مومکینە، سیاسەتێکی گونجاوی بەرامبەر گەل و نیشتمان پەیڕەو کردووە .
لەئاستی کوردستانیشدا بەگشتی لە خزمەتی دۆزی کوردەکانی بەشەکانی تردا قوربانیی گەورەیی داوە، چ لەسەردەمی سەرۆک مام جەلال چ لەم سەردەمەدا، چونکە بووژانەوەیەکی سیاسی و ئیداریی باشتری بەخۆوە بینیووە لە ئاستی ناوخۆیی عیراقیشدا. ئێستا یەکێتی خاوەنی یەک بڕیار و یەک گوتارە کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لەهەموو بوارەکاندا قورساییەکی زیاتری هەبێت.
لە دوایین سەرکەوتنی ی.ن.ک لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشدا ئەم بەرەوپێشچوونە بەدیکرا. هەروەک بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگای کەرکوک وەکو دەستکەوتێکی نەتەوەیی و حزبایەتی وەچەرخانێکی گرنگ بوو لەدوای ئەو هەموو هەوڵەی بۆ تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە سەردەمی پارێزگارە عەرەبە بەوەکالەتەکەی شارەکەدا دەستیپێکردبووەوە.
بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەگەر بەم شێوازە سیاسەتە بەردەوام بێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کوردستانی، دەستکەوتی گەورەتر دەستەبەردەکات و ئاستی گەشەسەندنی ئەم حزبە فراونتر دەبێت.
کورد بەگشتی هیوایان لەسەر هەرێمی کوردستانە