قوباد تاڵەبانی داکۆکی لە مافخوراوان دەکات

10:10 - 2022-06-29
عەتا تەها
477 خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەهەر رووداوێکی نەخوازراودا کە روو دەدات، دێتە سەرخەت و پارێزەر ئاسا داکۆکی لە مافخوراو دەکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی تاوانبار و تاوانلێکراو لەهەر پێگە و پۆستێکی حزبی و حکومیدا بووبێت، دەسەڵاتدار یاخود هاووڵاتی ئاسایی بووبێت، هەر لەمەڕ ئەو پرسە هەندێکجار حاڵەتی نەشاز هەبووە، بەڵام راستەوخۆ خۆی  هاتۆتە سەرخەت و هێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و  راپێچکردنیان بۆ دادگا تا لەوێوە رێکاری یاسایی خۆی بگرێتەبەر و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
 بێگومان رووداوەکان حاڵەتە نەک دیاردە،  هەندێکجار لەکاتی جێبەجێکردنی کاری یاسایی دەوڵەت بەرامبەر هاووڵاتییەکی تاوانبار و سەرپێچیکار، لەئەنجامدا تاوانبار رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بۆتەوە، هاوکات حاڵەتی شازی پێچەوانەش هەبووە وەک ئەوەی لەهۆڵی دادگای سلێمانی روویدا و لەلایەن ئەفسەرێکەوە یاخود کارمەندێکەوە هێرشی ناڕەوا و دوور لە رەوشتی هێزە ئەمنییەکان و کرایە سەرچەند ژنێک و توندوتیژییان بەرامبەر کرا.
 بۆ ئەمەش جێگری سەرۆک وەزیران بەپەلە هاتە سەرخەت و دەستبەجێ هێزەکانی راسپارد بۆ دەستبەسەرکردنی تاوانباران و رووبەڕوو کردنەوەیان بە دادگا تا لەوێوە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، هەر لەو پەیامەدا وێڕای داوای لێبوردنکردن، داوای لێکردن ئەوانەی کە هێرشیانکراوەتە سەر سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان، دواتریش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەو ژنە و خانەوادەکەی کرد و پێی راگەیاندن پشتیوانی هەر کەسێکە کە مافی زەوتکرابێت.

وتارەکانی نوسەر