عومەر شێخ مووس، لە شاری عامودا، لە دڵی کوردستانی رۆژئاوا لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای مێردمنداڵییەوە ئازار و دەردی گەلەکەی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە و دەستی بە چالاکی سیاسی کردووە و رێگایەکی گرتەبەر جگە لە رەنج و دەردیسەری، هیچی دیکەی تێدا نەبووە. ئەو بە باوەڕبوون بەو پڕەنسیپەی کە هیچ گەلێک بەخۆڕایی ئازادیی پێ نابەخشرێت، بەڵکو دەبێت خۆی بەدەستی بهێنت، ژیانی خۆشی و شادیی رۆژانەی کوڕە دەوڵەمەندێکی بەجێهێشت و کەوتە ناو جیهانی پڕ لە دەردیسەریی سیاسەت و تێکۆشان لە پێناوی رزگاریی نیشتمانەکەی.
لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا ناچاربوو کۆچ بکات بۆ ئەوروپا، لەجیاتی ئەوەی بەدەردی ئاوارەیی و غوربەتەوە بتلێتەوە و هەناسەی سارد هەڵکێشێت، بڕیاریدا بیگۆڕێت بۆ مەیدانێک بۆ خەبات.
لەگەڵ هاوڕێکانی دەستیان دایە دروستکردنی کۆمەڵەی خوێندکاران و رێکخراوی مافی مرۆڤ و ئەورپایان پڕکرد لە بەیاننامە و بڵاوکراوە بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە و رای گشتی جیهانیان لە رووداوەکانی کوردستان بەئاگا دەهێنایەوە.
لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961، بوو بە پێشمەرگەی دیپلۆماسی، بەڵام شەڕی سەرەکیی ئەم و هاوڕێکانی، گەیاندنی دەنگی شۆڕش و داوای مافەکانی کورد بوو بە رای گشتی و میدیاکانی خۆرئاوا، پێنووسەکەی چەک بوو، ئەوروپاش مەیدانی تێکۆشان.
دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی و رووبەڕووبوونەوەی مەحاڵ
شکستی 1975 سەرەتای دەستپێکێکی نوێ بوو بۆ عومەر شێخ مووس، لەگەڵ رابەری کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و کۆمەڵێک خەباتکاری دیکەی کوردستاندا بەشداری لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کرد. لەو کاتەدا، سەدام بە گاڵتەوە دەیوت: ئەگەر دارخورما لە کەللەی جەلال تاڵەبانی بڕوێت، چیتر ناتوانێت 10 کەس لە چیاکانی کوردستان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە!.
بەڵام ساڵێک تێنەپەڕی، خەباتی چەکداری دەستیپێکردەوە و چیاکان جمەیان دەهات لە پێشمەرگە. زۆری نەبرد عومەر شێخمووس و ژنە سویدییەکەی، ژیانی ئەوروپایان بەجێهێشت و چوونە پاڵ برا و خوشکەکانیان لە چیاکانی کوردستان، باوەڕیان وابوو کە شۆڕش نە نەتەوایەتی دەناسێت و نە سنوور.
نوێنەری نەتەوەیەک و دیپلۆماتێکی نێودەوڵەتی
دواتر، سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسیارێتی دیپلۆماسیی حزبەکەی خستە سەر شانی عومەر شێخ مووس و ناردییەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەرکەکەی تەنها نوێنەرایەتیی حزبەکەی نەبوو، بەڵکو لە راستیدا گۆڕرا بۆ نوێنەرایەتیی هەموو کورد لە کۆڕ و مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەوکاتە رژێمی بەعس خاوەنی تۆڕێکی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی بەهێز بوو لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا، دەزگا سیخوڕییەکانی بە ئاسانی لەو وڵاتانەدا تەراتێنیان دەکرد، چییان بویستبایە دەیانتوانی، ئەمەش ئەرکەکەی ئەوی قورستر کردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی کە لە تێکۆشانی دیپلۆماسیدا هەیبوو، مەنفای گۆڕی بۆ ناوەندێکی خەباتی زیندووی کاریگەر، بە دەیان و سەدان بڵاوکراوە و گۆڤار و بەیاننامەی بڵاوکردەوە. بەشداریی لە کۆنفرانسەکاندا دەکرد و چەندین کەناڵی پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا و حزبە ئەوروپییەکاندا بۆ کورد دروستکرد. بووە باڵیۆزێکی گەڕۆک بۆ کێشەی گەلەکەی.
بە زمانی هەموو کوردێک دەدوا کە لە نیشتمانەکەیدا داگیرکراو و دابەش کراوە.
ئەرشیفەکەی، بیرەوەریی کورد لە زانکۆی ئێکزێتەر
ئەمڕۆ، عومەر شێخ مووس، یەکێک لە گەورەترین ئەرشیفەکانی شۆڕشەکانی کوردی لە هەموو بەشەکان لەلای خۆی پاراستووە. وەک لەو چاوپێکەوتنە بەنرخەدا کە دکتۆر فەرەنگیس قادری سەرۆکی بەشی دیراساتی کوردی لەگەڵیدا سازیدابوو، شێخمووس ئەم میراتە دەوڵەمەندەی لە زانکۆی ئێکزێتەری بەریتانی داناوە و هەزاران دۆکیۆمێنت و گۆڤار و رۆژنامە و بەیاننامە و نامەی تایبەتی سەرکردەکانی کوردی هەرچوار پارچەکەی کوردستانی تێدایە، ئەو ئەرشیفە کە خۆم سەردانیم کردووە و لەنزیکەوە هەموو بەڵگەنامەکانم بینیووە، سەرچاوەیەکی یەکجار بەنرخە بۆ ئەکادیمیست و توێژەر و ئەوانەی حەزدەکەن کار لەسەر مێژووی هاوچەرخی کورد بکەن، خۆشبەختانە زانکۆکە هەمووی دیجتایز کردووە و لە بەشی کوردیی وێبسایتەکەی خۆیاندا دایانناوە و هەموو کەسێک بە ئاسانی دەستی پێی رادەگات.
عومەر شێخ مووس تەنها تێکۆشەرێک نییە، بەڵکو شایەتێکی زیندووە لەسەر چیرۆکی نەتەوەیەک، پیاوێکە نە مەنفا و نە هەڕەشە و نە سەختیی رێگا، نەیانتوانی رێگریی لێ بکەن تا ببێتە دەنگی نیشتمانەکەی و ویژدانی گەلەکەی.
ئەو تا ئێستاش بەو تەمەنەوە خەونی لەمێژینەی کوردی لە دڵی خۆیدا هەڵگرتووە، وەک چۆن لە کاتی پێویستدا تفەنگەکەی هەڵدەگرت، هەردەم پێنووسەکەی لە خزمەتی نەتەوەکەیدا بووە.
مێژووی خەباتی کورد تەنها لە چیاکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو دەکرێت لە ئۆفیسە بچووکەکانی ئەوروپا، لەو بەیاننامە و گۆڤار و رۆژنامانەی کە لەژێر هەڕەشەی دەزگاکانی هەواڵگریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا بە دزییەوە دەنووسران و بە دزییەوە بڵاودەکرانەوە، بۆی بگەڕێیت.
عومەر شێخ مووس، لە سەردەمی کاغەز و قەڵەمەوە، لە سەردەمی رۆنێو و فۆتۆکۆپییەوە تا سەردەمی دیجیتاڵ و فەزای مەجازی، بەهەموو توانا و وزەیەکییەوە کاردەکات بۆئەوەی جیهان بزانێت (کینە ئەم؟).
عومەر شێخ مووس لەگەڵ نووسەر