لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، جیهان شایەتی زیادبوونی بەرچاوی بەشداری ژنان بووە لە هەموو بوارەکانی کاردا، گرنگیی بەشداری ژنان لە بازاڕی کاردا لە رۆڵی کاریگەرانەیدایە لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خێزانەکانیان، لە رێگەی ئەو داهاتەی دابینی دەکەن
رۆڵی ژنان بە یەکێک لە کاریگەرترین رۆڵەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا دادەنرێت، ئێستا ژنان سەلماندوویانە کە دەتوانن خۆیان لەگەڵ گەشەسەندنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەوروبەریاندا بگونجێنن و توانا کارگێڕییەکانی خۆیان بقۆزنەوە، سەرکەوتن و کاراییان لە هەموو بوارەکانی دیکەی ژیاندا سەلماندووە.
رۆڵی ژن لە خێزاندا
گرنگی رۆڵی دایکایەتی لە ژیانی ژناندا لەوەدایە، هۆکارێکی بنەڕەتییە لە دامەزراندنی شارستانیەت و نەتەوەکاندا، کە بووەتە هۆی ئەوەی زانا و کەسانی مەزن هەبن و سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنن.
دایکایەتی زۆر رۆڵی گرنگ لەخۆدەگرێت وەک دڵنیابوون لە سەقامگیریی سۆزداری و دەروونیی ئەندامانی خێزان و بنیاتنانی کەسایەتی هاوسەنگ، لەگەڵ پاڵپشتیی سۆزداری و دەروونیی بۆیان، جگە لە پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەماکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و دابونەریتی باش و چەسپاندنی رەفتارە دروستەکان تێیاندا.
ژن بە توانای سروشتیی خۆی لە گرنگیدان بە کەسانی دیکە و هەستکردن بەوان جیا دەکرێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هەستەکانی بۆ هاوسەرەکەی و تێگەیشتن لێی، بەزۆریی پشتگیریی لە هاوسەرەکەی دەکات و هانی دەدات بەرەو بەدیهێنانی خەون و ئامانجەکانی هەوڵبدات.
رۆڵی ژن و بازاڕی کار
لە چەند دەیەی رابردوودا رۆڵی ژنان لە بازاڕی کاردا گەشەی کردووە، لە ئەنجامی چەند هۆکارێک کە رێگەیان پێداوە خۆیان لە بوارە جیاوازەکانی کاردا بسەلمێنن و پیشەی جۆراوجۆریان هەبێت. لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، جیهان شایەتی زیادبوونی بەرچاوی بەشداری ژنان بووە لە هەموو بوارەکانی کاردا، گرنگیی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا لە رۆڵی کاریگەرانەیدایە لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خێزانەکانیان، لە رێگەی ئەو داهاتەی کارەکانیان دابینی دەکات، کە پشتگیری لە بودجەی خێزان دەکەن، جگە لە گرنگی بازرگانی و پرۆژە بچووکەکانی ژنان، کە دەکرێت ئابوورییەک پێکبهێنێت، ببێتە بنەمایەکی ئابووریی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ژن لە بواری سیاسەتدا
ژنان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پۆستی سەرکردایەتی سیاسییان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە پەرلەمانە نیشتمانییەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا لە دوو دەیەی رابردوودا زیادی کردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 1998دا رێژەی بەشداریکردنەکە نزیکەی 11.8 % بووە، دواتر وردە وردە زیادیکرد تا لە ساڵی 2008 دا گەیشتە 17.8 %، لەدوای ئەوەش ساڵی 2018 گەیشتە 23.5 %، بەشداریی سیاسی ژنان بە هۆکاری جەوهەریی دادەنرێت بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و شەفافیەت لە دامەزراوەکاندا.