جەنگی تەکنۆلۆژیای سەربازیی و زانیاری

10:08 - 2025-07-08
نیان خەسرەو
39 خوێندراوەتەوە

هێرش و لێدانەکان گۆڕاون بۆ ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتی لەسەر بنەمای هەواڵگریی ورد، ئەمەش جیاوازییەک دروست دەکات کە رەنگە دەیان مووشەکی ئاسایی بەدەستی نەهێنن

سروشتی جەنگ لە سەردەمی ئێمەدا بە بەراورد لەگەڵ رابردوو گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەردا هاتووە. پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زانیاری شێوازی ململانێی گۆڕیوە، چیتر جەنگەکان تەنها لە روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆی نێوان سەربازەکاندا سنووردار نەکراون، بەڵکو ئێستا هێرشەکان بە وردبینییەکی زۆرەوە سەرکردەکان و ژێرخانی گرنگ دەکەنە ئامانج، بە بەکارهێنانی چەکی زیرەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی هەواڵگریی پێشکەوتوو.
لەم چوارچێوەیەدا ئیسرائیل وەک یەکێک لەو وڵاتانەی ئەم شێوازە نوێیەی جەنگی وەرگرتووە، چ لە جەنگی لەگەڵ لوبنان کە بە تەقینەوەکانی «پەیجەر» ناسراوە، یان لە ململانێی رانەگەیەندراو لەگەڵ ئێراندا بینیمان. 
هێرش و لێدانەکان گۆڕاون بۆ ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتی لەسەر بنەمای هەواڵگریی ورد، ئەمەش جیاوازییەک دروست دەکات کە رەنگە دەیان مووشەکی ئاسایی بەدەستی نەهێنن.
ئەمڕۆ جیهان تووشی ململانێیەک بووە کە خۆی  لە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانی زانیاریدا دەبینێتەوە. خاوەندارێتی ئامرازەکانی شیکاریی داتا، نەرمەکاڵای چاودێریکردن و بەدواداچوون و تەکنۆلۆژیای سەربازیی مۆدێرن، بووەتە هۆکاری هێنانەکایەی باڵادەستیی لەسەر زەوی. جەنگەکان چیتر بە توندی و گوللە و جەنگی ئاسایی یەکلایی ناکرێنەوە، بەڵکو بە وردی و هەستیاریی هێرشەکە و توانای لەکارخستنی سیستمی دوژمن بەبێ ئەوەی پێویست بە روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ بکات، یەکلا دەبنەوە.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ئەوروپا بووە ناوەندی جەنگی سارد لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکادا. دەرکەوت مەحاڵە بۆ ئەوروپا کە لەبەردەم فراوانخوازی یەکێتی سۆڤیەتدا لاوازببوو، بەبێ پشتیوانی ئابووری و سەربازیی ئەمریکا بەرەنگاری بێتەوە. هەر بۆیە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا  پابەندبوون بە یارمەتیدانی یەکتر لە چوارچێوەی بەرگریی بە کۆمەڵ، بە بەشدارییکردنیان لە رێکخراوی ناتۆدا، ئاسوودەییان بەدەستهێنا لە بەستنەوەی داهاتووی ئاسایش و بەرگریی خۆیی بە ئیرادە و هێزی ناتۆ. بەمشێوەیە پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ پابەندبوونێکی حەتمی بۆ هەردوولا دروستکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات سیاسەتمەدارانی ئەمریکا  گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەوروپا ئەرکە ئەمنییەکانی خۆیان بێ بەرامبەر جێبەجێ دەکەن، بێ ئەوەی بودجەی سەربازی بدەن، دۆناڵد ترەمپیش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 2019 دا وتی: ئەگەر بێت و ئەوروپا بەڵێنی خۆیان جێبەجێ نەکەن لە پرسی بودجەی سەربازیدا،  ئەوا ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکە دەکشێتەوە، ئەم لێدوانەی ترەمپ ئەو مەترسییە بەرچاوانەی ئاشکرا کرد کە پشتبەستنی تەواوەتی ئەوروپایە بە ئەمریکا بۆ بەرگریکردن.
هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لاوازیی سیستمی بەرگری و ئەمنیی ئەوروپای  بەڕووی جیهان نیشاندا.
ئەم جەنگە کە لە 24-02-2025 دەستیپێکرد تا ئێستاش بەردەوامە جەنگێکی کلاسیکی و نوێیە، هەم تێیدا کەرەستە تەقلیدی و کلاسیکییەکان بەکاردەهێندرێت، وەکو  سەنگەری رووبەڕوو و فڕۆکە و تانک و تۆپ، هەمیش کەرەستەی جەنگی نوێ کە بریتین لە بەکارهێنانی درۆن و هێرشی ئێنتەرنێتی و چەسپاندنی تەکنۆلۆژیای بەرز تێیدا.. 
شایەنی باسە چەندین جەنگی هەنووکەیی تریش هەن کە شێوازە کلاسیکییەکەیان تێدا بەکار دەهێنرێت، بەڵام جەنگی ئۆکرانیا و روسیا دیارترینیانە.
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە شێوازی جەنگ لە داهاتوودا بە تەواوەتی دەگۆڕێت، بە جۆرێک رەنگە قورس بێت پێشبینیی گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی جەنگەکان بکرێت، چونکە تەنها چەکی ئەتۆم و شێوازە تەقلیدییەکەی جەنگ هەڕەشە نین بەسەر داهاتووی جیهانەوە، بەڵکو هەڵکشانی خێرای زانیاری و جەنگە ئەلەکترۆنیییەکان، سەرەڕای ئەمانەش، کارەساتە سروشتییەکان هەڕەشەی جددی ترن بەسەر جیهانەوە.

 

 

وتارەکانی نوسەر