«مووچە» ئەو وشەیەی لە رۆژێکدا سەد جار لەسەر زمانە و بە زەحمەتیش لە گیرفانە، دەکرێت ئەوە یەکێک لە تازەترین پێناسەکانی ئەمڕۆی مووچە بێت لە ساڵی 2025دا، لەبەرئەوەی چیتر نابێت بە شێوەیەکی گشتیی و ئاسایی وەک هەر وڵاتێکی دیکە پێناسەی بکەین، بەڵام بێگومان سبەی ئەم پێناسەیەش دەگۆڕێت و مووچە دەچێتە بەرگی مەرگاویترین ڤایرۆسەوە بۆ هاووڵاتی کورد، دەردێکمان پێ دەدات کوشندە، لێرەوە بەلامەوە گرنگە ئەم چیرۆکە تراژیدیایەتان بیربهێنمەوە کە زۆر لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا دەگونجێت.
لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 لەگەڵ هاتنی بەشەخۆراک بۆ خەڵکی سلێمانی، ژنێکی تەمەن کامڵی عەبا بەسەر، لەپێش دەرگەی ناوەندێکی دابەشکردنی بەشەخۆراک، تف لە فەردە ئاردێک دەکات و پڕ به دڵی سووتاوی خۆی شەقی لێ دەدات بە دەم هاوار و گریانەوە به ئاردەکه دەڵێت: (من لەبەر تۆ شەرەفی خۆمم دانا تا منداڵەکانم نەمرن لە برسا). ئەوانەی لەوکاتەدا ژیابێتن دەزانن کە خۆراک نەبوو یان زۆر کەم بوو، ئەوەش کە هەبوو بە گران دەست دەکەوت، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا شتێک جیاوازە ئەویش ئەوەیە خۆراک هەیە و پارە نییە.
کارەساتە دیسان دووبارەبوونەوەی ئەو چیرۆکە و سەدان چیرۆکی هاوشێوەی باس نەکراو لە ترسی تکانی کەرامەت و ئابڕوودا، ئەوەتا ئەمڕۆ دووباره خەریکین هەنگاو بۆ دواوە دەنێین و لەپێش شاشەکانی تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گریان و هاواری خەڵکی هەژار دەبینین، رۆژانە دیمەنی شارەکانی کوردستان دەبینین، بێ پارەیی بە جۆرێک کەرەنتینی بە هاووڵاتییان کردووە هیچ ڤایرۆسێک پێی نەکردووین، هەواڵی خۆکوژی لە بێ دەرامەتیدا زیاتر دەبیستین، پێشکەشکردنی جەستە لە بەرامبەر کەمێک پارەدا زیاتر دەبێتە دیاردە، جیابوونەوەی خێزان و پێکنەهێنانی ژیانی هاوسەریی و دەرکردنی کرێچی و جێهێشتنی وڵات بەرهەمی بێ مووچەیین.
لەم بارودۆخەدا ئەم پرسیارە گرنگانە دەوروژێن، بۆ حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ رادەست ناکات لە کاتێکدا بە قسەی خۆی توانای دابینکردنی مووچەی نییە؟ ئەی بۆچی پرۆژە بازرگانییەکانی خۆی ناوەستێت؟! ئەم هەموو سیتی و شاری نیشتەجێبوونە بە کام پارە و داهات بەڕێوە دەچێت؟ وڵاتێک کە لەسەر نەوت بژی دەبێت گوزەرانی میللەتەکەی بەمجۆرە بێت؟
بێدەنگبوونی هاووڵاتییان لەم دۆخەدا هۆکاری چییە؟ بۆچی هیچ لایەنێکی سیاسیی خەڵک ناخاتە سەر شەقام و بە شێوازی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی یاسادا داوای مافەکانی خۆیان بکەن؟
چارەسەرەکان روونن، بەڵام هۆکاری سەرەکیی بۆ پێنەدانی وەها مافێکی سادە و رۆتین بە میللەتێک بێگومان خەتای میللەتەکە خۆیەتی.
ئەگەر وەک وڵاتانی جیهان لەپێناو چەند سەعاتێک دواکەوتنی مووچەدا ناڕەزایی دەربڕین لە شوێنی پێویست و کاریگەردا بەڕێوەبچێت، ئەوا دەکرێت بڵێین کێشەکە چارەسەر دەبێت و چیدی مووچەمان بۆ ناکەنە مژدە و هەواڵی بەپەلە.