لەم دۆخەدا چۆن بتوانین خۆشگوزار بین؟

10:22 - 2025-07-09
پ.ی.د.ئەمیر خوداکەرەم زەند
25 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ و سبەی و دوا رۆژمان بەڕوونی لێ دیارە، کە ژیان و گوزەرانکردن تا دێ سەختتر دەبێت، ناکرێ ملکەچی ئەو واقیعە ببین، دەبێت لەدوای خۆشییەکان بۆ خۆشگوزەرانی بگەڕێین و هەمووی بە نەبوونی و شەڕ و ئاژاوەوە نەبەستینەوە و خۆمان گۆڕانێک لە نێو خودی خۆماندا بکەین، ئەم بابەتە پانتایەکی یەکجار دوورودرێژی هەیە و بەشێکی دەروونییە و ئەوی تری، جەستەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە. لەئێستادا بیری مرۆڤ تووشی جەنجاڵی دنیا بووە و فشارەکان زۆرن، بمانەوێ و نەمانەوێ خۆشگوزەرانی تاک، سەرچاوەکەی لە کاریگەریی بارودۆخ و ژینگەکەوە دێتە ئاراوە و هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، لێرەدا سروشتی ژیانی واقیعی کۆمەڵایەتی کەسەکەیە و چۆنێتی رەفتار و مامەڵەکردنە دیاری دەکات چۆن بێت. 

کەسە گەشبینەکان، ژیانیان پڕیەتی لە خۆشی و کامەرانی، بەڵام رەشبینەکان تاریکیی، سەرتاپای ژیانیانی گرتۆتەوە

هەستکردنی مرۆڤ بۆ دەوروبەر و شتەکانە کە رۆژانە روودەدەن بە ویست و ناویست بێت، زۆرجار کەسی خۆشگوزار ناوی دەبەن بە دڵخۆش، لەمڕۆدا ئەو دڵخۆشییە خەریکە دەبێتە میوان و ئەگەر هەبێتیش کاتییە، لێرەدا ململانێی دەوێ، خۆڕاگری و بەردەوامبوونی دەوێ، کاتێک من ژیان بە خۆشی دەبینم کە دەوروبەرم خۆش بژین، نەوەک من خۆشگوزەران بم و ئەوانیش هیچ ! لێرەدا فێری رازیبوون دەبین بۆ ژیان و لەوانەیە کاتی بێت و بگۆڕێت. تێرکردنی لایەنەکانی ژیانمان بەرەو خۆشگوزاریمان دەبات، چ کۆمەڵایەتی بێت یان ئابووری یان بایۆلۆژی و جێگیریی خێزان لەسەرووی هەموویانەوە دێت، بۆیە لایەنی ماددی و کۆمەڵایەتی یەکدەگرنەوە بۆ خۆشگوزەرانی، ئەوەت باش بوو، دەروونت ئاسوودە دەبێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت باشتر دەبن و لەو چوارچێوە تەسکەی بنی جێگە و گۆشەی ماڵەکەت و ژوورەکەت دێیتە دەرەوە کە ریشەتی تەنیوە لە تەنیایی و نامۆییدا.
کەسە گەشبینەکان، ژیانیان پڕیەتی لە خۆشی و کامەرانی، بەڵام رەشبینەکان تاریکیی، سەرتاپای ژیانیانی گرتۆتەوە و بەزەحمەت ژیان دەگوزەرێنن. بۆیە لێرەدا پێویستە رووخۆش و دڵخۆش بین بەوەی کە هەیە و هەمانە و ئەزموونەکانمان دەبنە وانەیەک بۆ ژیانمان، دەبێ سوپاسگوزار بین بۆ ئەو دەسکەوتانەی هەمانە و بەردەوام بین بۆ بەدەستهێنانی ئەوانی تر، هۆشیاری و گرنگیدانمان دەوێ بە هزر و جەستەمان.
 لە کۆتاییدا هاوکاری و یارمەتی و بەخشین و هێمنی و هێوریمان دەوێ، بۆئەوەی بگەینە بەشێک لە ئامانجەکانمان کە خۆشگەزەرانییە لە ژیاندا.

*مامۆستای زانكۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر