جنێودان وەکو دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى ئێجگار لەبرەوسەندندایە، هەربۆیە دەکرێ لە روانگەی سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاوە خوێندنەوەیەکی واقیعیانەى بۆ بکرێت، زۆرجار زمانی زبر و تێچنى نەشیاو لە زۆربەی هەژمارە کەسی و گشتیەکانیدا بە زەقی دەبینرێت. لە ڕاستیدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم توندووتیژییە چییە؟
لەمبارەوە پرۆفیسۆر د. قاسم حسێن ساڵەح سەرۆکی کۆمەڵەى دەروونناسانى عیراقی پێیوایە هۆکارە دەروونی-کۆمەڵایەتییەکانی قسەی ناشرین و جنێودان بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێتەوە وەک ”هەژاری، شێوازە هەڵەکانی خێزان لە پەروەردەکردندا، هەبوونی باوکێکی زاڵ و دایکێکی تووند، سووکایەتیکردن، پشتگوێخستن، ڕەفتاری شەڕەنگێزی باوک، تێرنەکردنی پێداویستییە سۆزدارییەکان “. هەروەها دەڵێت: ” نابێت لەبیرمان بچێت هەندێک لەو جنێودەرانە تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن و پێویستیان بە دەستێوەردانی پزیشکی هەیە بۆ پاراستنی خۆیان و ئەوانەی لە دەوروبەریانن.“
ئەم دیاردەیە رێسا کۆمەڵایەتییەکانی پشتگوێ خستووە و لادانێکی راستەوخۆیە و دەستێوەردانێکی ناڕەوایە، بۆیە گرنگە کاربکرێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاک لە نێو خێزاندا و پەنابردن بۆ لێبووردن و چۆنێتی یەکتر قبووڵکردن
(تیمۆشی جای) پسپۆری بواری دەروونی ئم دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناهاوسەنگی و نا تەبایی نێوان هەرسێ سیستمکە وەک (سیستمی دەماری، دەروونی، کۆمەڵایەتی) کە سێ کایەی بەهێزن و کاریگەرییان لەسەر یەکتر دەبێت، جگە لەوەش کەسی جنێودەر وەکو خویەک پیادەى دەکات و دووبارەى دەکاتەوە، رەنگە دەروونی شێواوی خۆی بەوە بەتاڵ بکاتەوە. هاوکات کردەی جنێودان دەبێتە لێکەوتەیەکی ناتەبایی نێوان هەموو سیستمەکان، ئەو پێیوایە بۆ تێگەیشتن لە کردەی جنێوداندا، دەبێت لە ڕۆڵی هەریەک لە دەمار و مێشک و سیستمی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بگرە کلتووریش تێبگەین، چونکە لێرەدا مێشکی کەسەکە لایەنێکی نا مەعقوولی لێوە دیارە و خۆی پێڕاناگیرێ و دەستدەکات بە جنێودان.
ئەم دیاردەیە رێسا کۆمەڵایەتییەکانی پشتگۆێ خستووە و لادانێکی راستەوخۆیە و دەستێوەردانێکی ناڕەوایە، بۆیە گرنگە کاربکرێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاک لە نێو خێزاندا و پەنابردن بۆ لێبووردن و چۆنێتی یەکتر قبووڵکردن. لەبەرئەوە پێویستە هەریەک لە (خێزان، قوتابخانە، زانکۆ، مامۆستایانی ئاینیی، خوودی سۆشیال میدیا، ڕێکخراوەکان) لە پرۆسەى هۆشیارکردنەوى تاک و گروپەکان بەشداربن، دواتر کاربکرێت بۆ بە یاساییکردنی ئەم کەیسانە و دادگا بڕیارى کۆتایی بدەن.
*مامۆستاى زانکۆی سلێمانى