کە تەماشای شانۆی سیاسیی عیراقی دەکەین، دەبینین زۆرن ئەو پرسانەی کە مشتوومڕی زۆریان لەسەرە، دیارترینیان ماددەی 140 ی دەستووری هەمیشەیی عیراقە، ئەم ماددەیە، ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت کە لە ساڵی 1975دا گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان تێداکراوە، لەڕێگەی سیاسەتی تەعریب کردنەوە، تا پرۆسەی رزگارکردنی عیراق لە 2003، پێیان دەوترێت ناوچە جێناکۆکەکان.
ئەم ماددە دەستوورییە کە لە ساڵی 2005 دا وەک دەستووری هەمیشەیی عیراق، چەسپێندرا، تەواوکەری داواکارییەکانی ماددەی 58ی ئیدارەی کاتیی دەوڵەتی عیراقی سەردەمی پۆل برێمەرە. میکانیزمی ماددەی 140، سێ قۆناغی جێبەجێکردن لە خۆدەگرێت كە ئەوانەش: قۆناغی یەکەم، ئاساییبوونەوە (التطبیع) بەو واتایەی چارەسەری کێشەی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بکرێت کە لە سنووری مادەی 140ی دەستووردان و دیارترینیان کەرکوکە.
قۆناغی دووەم: ئاماری دانیشتووانی ئەو ناوچانە بکرێت. قۆناغی سێهەم: راپرسی، دەبوو ئەم ماددەیە زوو جێبەجێ بکرایە کە دوا وادەی جێبەجێکردنی نەدەبوو 31 ی کانوونی یەکەمی 2007 تێبپەڕێنێت.
سوود و گرنگیی ئەم ماددەیە، تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ نەتەوەکانی تریشە وەک دیارە لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال، داکۆکی زۆری کرد بۆ گێڕانەوەی زەوی و زاری ناوچەکانی بەشیر و تۆبزاوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، ئەوانیش جووتیارانی تورکمان بوون کە هەوڵەکەشی سەریگرت.
عەرەبیش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کە کێشەی مەزهەبیی بوو هۆکاری گۆڕانکارییەکانیان. زەرەرمەندی یەکەم لەم پرسەدا تەنها کوردە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەدا، کورد سوودمەندترینە، بۆیە زۆر لایەنی شۆڤێنی ناچنە ژێرباری جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەوە، بگرە زۆریش پەشیمانن کە نەیانتوانیوە رێگربن لە چەسپاندنیدا لە دەستووردا، هەڵبەتە چەسپاندنی ئەم ماددەیە لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا لە کاتێکدا بووە کە کورد لە ترۆپکی بەهێزیدا بووە، لەڕووی پێگەی هەرێمەوە لە عیراق و ناوچەکە.
بەداخەوە ئێستا بەشێوەیەکی نایاسایی و نادەستووری، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە، رەزامەندی لەسەر بە قەزابوونی قەرەتەپە دراوە، پێشتر ناوچەکانی قەرەتەپە و کۆکس و جەبارە کە سەرجەمیان ناحیە بوون و سەربە هیچ قەزایەک نەبوون، راستەوخۆ سەر بە پارێزگای دیالە بوون و پێیان دەوترێت جێناکۆک، چونکە لە سنووری ماددەی 140ی دەستووردان.
دەبێت هەر گۆڕانکارییەک لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت بەپێی دەستوور و یاسا و لێکتێگەشتنی هاوبەش بێت، ئەم بڕیارە تاکڕەوانەی وەزارەتی پلاندانان لە تەوقیتێکی هەستیار و لە دۆخێکی نا لەباردایە کە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، ئەویش پرسی مووچەیە، ئەوان ئەم دۆخەیان قۆستۆتەوە و بەمەبەست لەم کاتەدا ئەم پێشێلکارییە دەستوورییە دەکەن، ئەم بابەتەش وەکو پرسی مووچە بۆ ریکلامی هەڵبژاردن و کاندیدکردنی خۆیان بەکاریدەهێنن و ئەم هەنگاوە لەو روانگەیەوە دێت کە لایەنە شۆڤێنییەکان دەڵێن: خۆری مادەی 140 ئاوا بووە، ئەم بۆچوونەی ئەوان لە پای ئەوەوە دێت کە ماوەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە زۆری بەسەرچووە، هەر بۆیە پێوستە لایەنە کوردییەکان، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراقدا، کارنامە و پڕۆژەی جددییان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە و بابەتی بەقەزاکردنی قەرەتەپە زەنگێک و هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر ماددەی 140 و دەرخستنی مەرامی ناپاکیی هەندێک لەو لایەنانەیە
بەرامبەر بە کورد.
کارکردن بە ماددەی 140 لە دەستووری عیراقدا، زۆرێک لە کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەکات